نامەیەکی سەرئاوەلە روو لەعەبدوولای موهتەدی!

نامەیەکی سەرئاوەلە روو لەعەبدوولای موهتەدی!
کاک شوانەو هەزاران کومۆنیستی دیکە لەریزەکانی کۆمەڵەدا گیانیان بۆ ئەوە بەخت نەکرد کە دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان بە جان بۆڵتەن و مونتەزەری جەلاد بفرۆشیت!
کاک عەبدووڵا! من ناوم ئاکام ە و کوڕی حەمە غەریبی وەسنەم کە سێ ساڵ لەوەپێش بەهۆی پیلانێکی ئیتلاعات و سوپای پاسدارانەوە گیانی لەدەست دا. لەبەر ئەوەی باوکم لەکاتی پێشمەرگایەتیدا لەگەل کاک شوانە رەفیق بوو، بنەماڵەی من لەگەڵ بنەماڵەی کاک شوانە پەیوەندییەکی هەمیشەییمان هەبوو. چەند روونکردنەوەم لەسەر قسەکانت هەبوو: یەکەم کاک شوانە لەمەریوان چایی خانەی نەبوو. یان زانیاری درووستت لەبەردەست نییە یان زانیاری خراپیان پێ داوە. دووهەم من لەنزیکەوە ئاگاداری ئەو بێ رێزییانە بووم کە لەناو ریزەکانی ئێوەدا، واتە زەحمەتکێشان پێی کرا. زۆر بەداخەوەم لەزمانی زمانحاڵی سکۆلاریسم و دیموکراسی لەئێرانەوە عەوام فەریبییەک دەبیستم. هەرچەند من زیاتر لەوە چاوەڕوانییەکی دیکەم لەکەسێک نییە کە پرسەی بۆ مونتەزەری جەلاد گێڕا. بەڵام ویستم بەم کورتە نووسراوە وەبیرت بێنمەوە کە نە بیرەوەری خەڵکی مەریوان ئەوەندە لاوازە کە ئەو بێڕێزییانەی لەبیر بچیتەوە کە پێتان کرد و نە بیرەوەری دادە مریەم و عابدین کە لەناوی ریزەکانی ئێوەدا بەچیا ناسراوە. من زۆر شانازی بەوەوە دەکەم کە کاک شوانە سەرئەنجام ناوەرۆکی ئێوەی بۆ روون بووەوەو ئاسۆی خۆی دۆزیەوە. سیهەم کاک شوانە تەنیا دلی نەیەشاوە. کاک شوانە لەسیاسەتی چەوتی ئەو رەوتە لە پەیوەندی ژێربەژێرتان لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعات، لەپرسەگێڕی بۆ جەلادانی هەزاران رۆڵەی کوردستان، لەفرۆشتنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان بەدەوڵەتی داگیرکەری ئەمریکا و بەدەیان سیاسەتی بۆرژوایی و کۆنەپەرەستانەی دیکە کە هیچ فڕێکی بەخەباتی دەیان ساڵەی کۆمەڵەوە نەبووە، یاخی بوو. ئەزانی جیاوازی تۆ و کاک شوانە لەچیدایە؟ تۆ بۆ بەدەستهێنانی بستێک دەسەڵات ئامادەی لەرێگەی ئەمریکاوە کارەساتێک وەکو عێراق لەئێران بخولقێنی و دەستی جان بۆڵتەنی جەنایەتکار ماچ دەکەی، سەرەخۆشی مردنی مونتەزەری جەلاد دەکەی، بەڵام کاک شوانە قەد سەری بەزاڵم و زۆردار دانەنەواندو بەوپەڕی شانازییەوە لەناو ریزی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا گیانی بەخەتکرد. بەداخەوە ئێوە بایەخی پێشمەرگەکانی خۆتان نازانن و ناگرن. بەڵام بەشاهیدی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە کە تا حدوودێک زەبری خەفەقانی شکاندووەو ئەمڕۆ بەخۆشییەوە زۆر کەس بەئاشکرا هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێ، خەڵکی مەریوان زۆر ژیرتر و وراتر لەوەن کە تۆ لەسەری حیسابت کردووە. کەسێک کە تەنانەت هیچ زانیارییەکیشی لەرووداوەکانی کوردستان نەبێت، ئەگەر ئەو دوو وینەیە ببینێت دەزانێ کێ کۆمەڵەیە . ئەوەش جێگای ئیفتیخارە کە لەناو ریزەکانی کۆمەڵەو حیزبی کومۆنیستی ئێراندا گیانی بەختکرد. ناوی کاک شوانەش وەکو هەزاران گیانبەختکردووی کومۆنیستی دیکە لەناو ریزی گیانبەختکردووانی حیزبی کومۆنیستی ئێران و کۆمەڵە تۆمار دەکرێ و کراوە.
٣ی فێوریەی ٢٠١٩
ئاکام بەسیم