*پارچه نانه‌که*
رۆژێک له (Akalla), (ئاکالا)وه ئه‌چووم بۆ (Husby)، (هوسبی).
زۆربه‌ی دانیشتوانی ئه‌و دوو گه‌ڕه‌که‌ی ستۆکهۆڵم له وانه‌ن که وه‌ک خۆم به په‌نابه‌ری (په‌ناهنده‌یی) هاتوون بۆ سوید. (۱۰ یا ۱۵) میترێ له پێش منه‌وه کوڕێک ئه‌ڕۆیشت، له ناکاو دانه‌وی، بینیم پارچه نانێکی هه‌ڵگرت، فووی لێکرد، ماچیکرد و نایه سه‌رچاوی و بردی له په‌نا دیوارێک داینا، وه‌های دانا که باڵنده‌کان بیبینن، پاشان پشتاوپشت زۆر به رێزه‌وه گه‌ڕایه‌وه و به‌ره‌و هوسبی رۆیشت. دیمه‌نی ئه‌و کوڕه که ئه‌و پارچه نانه‌ی به‌و جۆره هه‌ڵگرته‌وه به‌لامه‌وه جوان بوو، جوانێ که نمای (رابه‌رێکی مه‌زنی ژیانی) له کامێرای چاوما بۆ هه‌تاهه‌تایی چه‌سپاند.
ته‌مه‌نی کوره‌که (۲۵ تا ۳۰) ساڵ، جوان‌چاک، ده‌سێ چلی خاوێن و رێک‌وپێکی ره‌شیشی له به‌ردابوو، به سه‌روسیمایا دیار بوو خه‌ڵکی کوێیه، خه‌ڵکی ئه‌و به‌شه‌ی ئه‌فریقا، ئه‌و ئه‌فریقا که سروشت رووی لێوه‌رگێڕاوه و رێگا نادا که باران گێڵگه‌کانیان پاراو کا و تینوویه‌تییان بشکێنێ، هه‌ر به‌و هۆیه سیمای کێلگه‌کانیان وه‌ک سیمای (ژنه پیر و پیاوه پیره‌کانیان) که له (خه‌ما) وشک هه‌ڵگه‌راوه، ئه‌میش وه‌ها ئه‌نوێنێ.
له‌گه‌ڵ ئه‌و تونییه‌تی و خه‌مبارییه‌دا گه‌ردنی به‌رزی له به‌رانبه‌ر ره‌وشتی به‌دره‌وشتانه‌ی سروشت و کرده‌وه‌ی چاوچنۆکان و تاڵانچییانی جهانی که ده‌میان ناوه به ده‌ماره‌کانییه‌وه وا له ململانێ و زۆرندا، له‌ناو چادری شه‌قوشڕی تۆزاوی، له ژێر که‌پری ته‌یمانی له‌قولوقدا رۆڵه‌کانی خۆی وه‌ها په‌روه‌ده ئه‌کات که له ده‌ورانی ئاسایش و ئارامی و تێروته‌سه‌لیدا ژیانی ناخۆش و رۆژانی سه‌خت و ناله‌باری خۆیان فه‌رامۆش نه‌که‌ن و ….
له سایه‌ی گه‌شه‌کردنی زانسته‌وه هه‌موو که‌سێ ته‌له‌فۆنێکی له گیرفاندایه که ئه‌توانێ هه‌م وێنه و هه‌م فیلمی پێبگر‌ێ، چه‌ن جارێ هات به دڵما که به‌و کۆڕه بێژم ئه‌و کاره، (هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پارچه نانه و بردنی بۆ په‌نا دیواره‌که) دووباره بکه‌وه با هه‌م وێنه و هه‌م فیلمێکی لێبگرم و بیخه‌مه فه‌یسبووک و …. تا رانمایه‌ک بیت بۆمان، به‌ڵام وتم به خۆمم:
نه‌که‌ی!
ئه‌و داخوازییه نه‌که‌ی!
مه‌بادا پێی وابێ
گاڵته به کاره‌که‌ی پێئه‌که‌ی.
**
سه‌عی سه‌قزی
۳/۸/۲۰۱۸