مامۆستایانی شۆڕشگێڕ و رووناکبیر ئەستێرەی پرشنگداری کۆمەڵگای کوردەوارین!

مامۆستایانی شۆڕشگێڕ و رووناکبیر ئەستێرەی پرشنگداری کۆمەڵگای کوردەوارین!
ماوەیەکی زۆر لەمەوپێش دۆستێک بە ناوی کاک عەتا دیواندەرە لە ڕێگای فیسبووک وە تەماسی گرت و پرسیاری وێنەی کاک نەورۆز گەنجی کرد. ئەم بەرێزە دوو وێنەی بۆ ناردبووم کە بزانم، ئایا وێنەی کاک نەورۆز گەنجیە یا نە؟ یەکێک لە وێنەکان کە زۆر بینراوە، ناسیمەوە لە ناو وێنەکان دا دایدەنێم، ئەوی دیکەیان لە ئەو نەئەچوو. پرسیارم کرد، بۆچی ئاوا بە دوای کاک نەورۆز دا ئەگەرێت؟ نووسی بابم ئێستایش هەر باسی کاک نەورۆز ئەکات. پرسیم مەگەر لە، قەڵاڕیانە،ش بووە؟ وتی من منداڵ بووم و لە بیرم نایەت، بەڵام ساڵێک لێرە مامۆستا بووە. تێگەیشتم کە دەبێت بەرهەمی وەجودی ئەو ئەستێرە گەشە تاسیری کردووەتە سەر ئاوایی ، قەڵاڕیانە، کە شۆڕشگێرانی وەک هاوڕێان قادر بارامی، مەحمود میرزایی، سانیە بارامی و مەنووچهر ئەمینی لێهەڵکەووت وە. ئەگەر ئەمانە شاگردی کاک نەورۆزیش نەبووبێتن، حەتمەن زۆر شتێان لەو ڕابەرە خۆشەویستە بیستووە. منیش دوای ماوەێک دوو وێنەی کاک نەورۆزم بۆ نارد. پێوابوو کاک عەتا دونیایان پێ داوە. زۆر بە گەرمی دەسخۆشی بۆم نووسیەوە.
ماوەیەک دواتر لەگەڵ دوستێکی دیکە بە ناوی کاک سدیق لە کانادا تەماسم بوو. لەگەل ئەم بەرێزش باسی کاک عەتا قەمەری مان کرد، کە خەڵکی ئاوایی “یاپاڵ”بوو. کاک سدیق نووسیبوی” یاپاڵێک بەختەوەرە کە ٢ گەورە پیاوی مامۆستای بە خۆیەوە دیوە، یەکێکیان کاک نەورۆز گەنجی بوو و ئەوی دیکەیان کاک عەتا قەمەری بوون” . خۆم نازانم بۆچی بیرم نایتەوە یا نەمبیستووە کە کاک نەورۆز لە یاپاڵ یش موعەلیم بووبێت. دیسان بە خۆمم وەت، دەبێت وابووبێت بۆیە فەرق بوو لە بینی یاپاڵ و ئاوایی دیکە دا لەو ناوچە. خەڵکی یاپاڵ شانسی بوونی کاک عەتا و کاک نەورۆزیان بووە کە تیشکی ڕووناکی بیر و باوەڕی ئازادیخوازانە و شۆڕشگێرانە لە زبان ئەو خۆشەویستە پایە بەرزانەوە بیستووە.
چوومە ناو بیری ئەم دوو ڕووداوە، بیرم لە مامۆستایانی دیکەی ناوچەی دیواندەرە کردەوە کە هەرکامەیان ئەستێرێک بوون.
هاورێان و ئازیزانیک وەک: خالید و عەلا باباحاجیان،ئەمجەد ئەسەدى٫ حوسەین پیرخزرانی، جەمیل زەکریای، فەریدە و نەسرین زه کریایی له زاخەی ژووروو. سدیقه نەبەوی و عەتیە میعمار پوور له زاخەی خواروو، نەورۆز گەنجی، ئەیوب نەبەوی ، خەسرو فیکری، ئیبرایم تالشی، خانم یوسف زەمانی، شارۆخ شاویسی، حبیب مومن زاده، جافر فیدایی، مزەفەر پاکسرشت، جەماڵ نەبەوی، فایق حیدری، فایزە قوتبی، جمال سنه، بیژن حاج حسنی، مەحیە شەرعەتی، عارف کیانپور، هوشەنگ خەتمی، خالید ڕەحمەتی، عەتا خولقی و…. له دیواندەرە و ساراڵ. حبیب زەندکەریمی و نەجمەی گوڵپەروەر له ئاوایی زەڕینەی هەوەتوو، فەریدوون وەیسی و پەروین مەعازی لە گۆمەیی، ڕەحمەت مەفاخری و یدێ زەعیفی لە یەنکیکەن لای زەڕینە، شەمی حەکیمی، ئەدیب وەتەندوست، حەمید فەرشچی، غەفار غوڵام ویسی، گوڵنار و ڕەزا حوجەت جەلالی لە ژاوەڕۆ. مەلەکە، حوسەین، ناسر،ئەحمەد، عبە، ئەمین مستەفا سوڵتانی، پەروین نودینیان، شەهلا و مەنسوور قەشقایی، عەتا، ناسر ڕۆستەمی، عبە نەسان، ئەسەد نودینیان، سویببه باباحاجیان، موسی شیخ الاسلامی، عبە و عەزت دارابی، مەحمودسلیمانی، سعدیه، جەلال، ناصر نەسیمی، همایون گودازگەر، عه لی ناسرئابادی، حەسن شەعبانی و دەیان تیکوشەری دیکه له مەریوان. عارف مولانایی، گوڵرێز قوبادی و لوتف اله کەمانگەر و ژمارەیەکی زۆر له کامیاران، غوڵام زەبەردەست، حەسن کەریمیان لە هەوەتوو. عەزیزە ئەعزەمی، ویدا نەعمەتیان لە ئەحمەد ئاوای ساڕاڵ. میهری کەنعانیان لە باقر ئاوا و کانی چەرموو. گوڵڕۆخ قوبادی، نسرین ڕەحیمی له لیلاخ، و و و بگره سەدان تیکوشەری دیکە لەم مەڵبندانە دا بوون. (هاورێ توفیق پیرخزری له نووسراوەیەکی خۆیدا لەم ڕۆژانە دا ئیشارەی به بەشێک لەم هاورێانه کردبووه، ئەڵبەتە خوشی یەکێک لەم کۆرە بوو) که زۆربەیان دواتر خەباتی خۆیان به رێکخراوی چەپ و کۆمەڵە له کوردوستان گرێدا و یا پێشتر هەڵسوراوی کۆمەڵە بوون. زۆر دڵتەزێنە کە بڵێم بەشێک زۆر لەم ئازیزانه که ناوم بردوون له ناومان نەماون و گیانیان له ڕیگای ئامانجی سوسیالیستی و رزگاریخوازانه بەخت کردووە و دیاره ناوی زۆر لەو کەسانە لێرە دا خالیه.
ئەمە به مانای ئەوە نییە کە تەنیا هەر ئەم ئازیزانە کە ناو براون ئەستێرەی پرشنگدار بوون. بەڵکوو سەدان کەسی دیکە له شاره کان و لە ناوچە و شوێنەکانی دیکەی کوردستان هەن کە دەبێت بیان هێنینە پێش چاوی خۆمان! لیره دا مەبەستم ئەوەیە کە دەوری مامۆستاکان بخەمە پێش چاو بە بۆنەی ١٩ ی گوڵانەوە. دیارە ژمارەیەکیان کەوتە پێش چاوم کە لە نیزیکەوە ناسیومەن و یا لە جنوبی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە تیدا پێشمەرگە بووم و ناویانم لە خەڵک بیستووە. هەروەها
دەکرێت بڵێن ژمارەی ئەو مامۆستا دلسۆزانە هەر ئەوانە نیین کە کاری سیاسی و ڕێکخراوەیان کردووە. هەر ئیستا ئەتوانم ژمارەیکی بەرچاو لە خەڵکی دیواندەرە ناو بەرم کە بە ناوبانگیانم بە دەیان جار بیستووە بە بێ ئەوەی کە کاری سیاسیان کردبێت و من ئیستاش ناوی خانمی” ئارام” کە خەڵکی سنە بوو لە بیرم ماوە کە مامۆستای سەرتایمان بوو. بە ئەنقەست ناوی ئەم مامۆستا باشانە ناهێنم.
تیکۆشەرانی چەپ و پێشکەوتووخواز لە مەریوان، سنه، سەقز، بۆکان، مەهاباد، کامیاران ، نقدە، سەردەشت، بانە شنۆ و باقی شوێنەکانیتر لە کچ و کوڕ لەم بواردە دەوریان گێراوە و شەتڵی وشیاری و هاودڵی، خەبات و یەکدڵیان چاند و بە کاری دڵسۆزانە بوون بە جێگای متمانەی خەڵک.
ئەم کارە پر حەوسەلە لە ژیانی ئەو خەڵکە ڕەنگی دایەوە. هەر کام لە ئەو هاورێانە دەیان بیرەوەریان هەیە کە چۆن خەڵکی نەخۆشیان بردوتە شار و جاری وابووە بۆ چەند شەو لە ماڵی خۆیان لە شار ڕایان گرتوون، کە چاک ببنەوە. هاورێان کچ بێجگە لە مامۆستای زۆر کات بوونەتە پرستار و ماما بۆ ژنانی حامڵە. لە زۆر دێهات لە بەربەرکانی خەڵک لەگەڵ ئاغا بۆ کاری دادگا و دابین کردنی وەکیل یارمەتی خەڵکی هەژاریان داوە. لە مەعاشی کەمی خۆیان جەل و بەرگیان بۆ منداڵانی فەقیر کڕیوە و بە تواوی وجودیانەوە ژیانی خۆیان تێکەڵاوی ژیانی فەقیرانەی ئەو خەڵکە کردووە و تێکۆشاون کە لە گیر و گرفتەکاندا یارمەتیدەر بن.
ئاواتم ئەوەیە کە لەم بوارە دا بکرابایت کە لە زبانی ئەو خەڵکەوە و یا هاورێانێک کە خۆیان زیندوون ئەم بیرەوەریانەی خۆیان لە دێهات و شارەکان کۆ بکراێتەوەکە و بە هەموو که م و کۆڕێک له چاوی ئیستادا ببێتە گەنجیینەیەک کە داستانی ئینسانیتی لێ بنووسن. بۆیە ئەڵێم ئاواتم ئەوەیە چوونکا پرشنگی تێکۆشانی ئەم ئەستێرەانە نەک لە ئاسمانی ناوچە و وەڵاتێک بەڵکوو لە زۆر وەڵاتانی جیهان یشدا خۆی پیشان داوە.
من لەگەڵ چەند هاورێک بۆ ئەم مەبستە بە شێوەی تەلەفون و یا حەزوری قسەم کردووە. چەند بیرەوەریکی کورتم لە زبانی چەند هاورێ ژنی تێکۆشەر لە کوردستان لە بەردەستدایە. ژنانێک کە تەنیا بە هۆی گرینگی پێدان بە هێزی چەکداری لە کوردستان کەوتوونتە پراوێزەوە. ئەگەریش باسیان بکرێت جاریوایە کە پێمانوایە خێریان پێدەکین! تێکۆشانی ئەم هاورێانە هی ۴٠ ساڵ لەمەو پێشە کە پیشان دەدات سەرەڕای کەم و کۆڕی لە چاو ئیستا بەڵام بۆ ئەوکات هەنگاوی گەورە و ڕەچەشکێنی بووە! بۆ لە ناو بردنی بێسوادی و وشیار کردنەوەی خەڵک سەرەڕای کەند و کۆسپەکان ڕاوەستاون و وەک ئینسانگەلێکی پێشکەوتووخواز هەنگاوی گەوریان هەڵگرتووە.
ـ هاورێ نەسرین زەکریایی ڕووهینان له ماموستایی و مەبەستی ئەو دەمە ئاوا باس دەکات:
” ژمارەیەک لە کچان و ژنان لە کوردستان ڕوویان هێنا بوو بۆ خەباتی سیاسی کە بنەماڵەی ئێمە و ماڵی مستەفا سوڵتانی و ژمارەیەکی دیکە لە تێکۆشەرانی کچ بە دەور و تاسیری برای گەورە لە بنەماڵەمان دا ڕوومان هێنا ئەم بوارەوە. بەشێک لەم کچە ڕۆشنبیرانە ڕۆیان لە مامۆستایی کرد. مامۆستائئ وەک شوغڵێکی جێگای بڕوا و بە حورمەت چاو لێ ئەکرا هەروەها بۆ ئێمە مامۆستایی دەرفتێکی باش بوو کە بتوانین پیوندی لەگەڵ خەڵکی هەژار و فەقیر بەرقەرار بکەین. دیارە بەشێکی دیکەش لە ژنان نەیاندەویست لە کونجی ماڵ بمێنەوە و پێان باش بوو کە لە سەر پێ خۆیان ڕاوستن. مامۆستای خوێندنی دانشگاە و زۆریی نەدەویست، ئەو دەم خەڵکی لە باری ماڵیەوە توانای پشتگیری منداڵەکانیان بۆ دانشگاە نەبوو.
هۆکاری دیکە ئەوە بوو کە نەخوێندەواری بە سەر کۆمەڵگای کوردەواری دا زیاتر لە بەشەکانی دیکەی ئێران زاڵ بوو. کچانی شۆڕشگێر و ئەوانەی کە بیڕۆکەی سیاسی یان هەبوو پێان وابوو کە لە ڕێگای مامۆستای یەوە دەتوانن خزمەت بکەن بۆ لە ناو بردنی ئەم کۆسپە هەرە گەورەیە.
ژمارەیەک لە خوێندکارانی ئەو دێهاتانە کە ئێمە مامۆستای بووین دواتر بۆ درێژە دان بە خوێندن دەهاتنە شارە گەورەکان وەک شاری سنە و بەو چشنە ڕێگا بۆ خوێندنی دەبیرستان و دانشگاە پەرەی سەند. ئێمە بەشی زۆری مەعاشی خۆمان بۆ خزمەت بە خەڵک تەرخان ئەکرد و بەشێکیشمان ئەدا بە تەشکیلات کە ئەو دەم وەک کۆڕ و کۆمەڵ و ئاڵقەی ڕۆشنبیری بوو. پێش ئاشکرا بوون کۆمەڵە. لە بیرمە جارێک هەموو مەعاشی خۆمان کۆ کردەوە و دامان بە تەشکیلات کە ئەو کاتە کۆمەڵە لە باری ماڵیەوە یارمەتی یەکێتی نیشتمانی ئەکرد.
سیاسی بوونی خۆیشمان لەوە دەزانی کە خزمەت بە خەڵکی هەژار و فەقیر بکین، فێری خوێندن بن و بتوانن سەرچاوەی مەینەتکانی خۆیان بناسن. مامۆستایی تەنیا دەرفەت و مەجاڵێک بوو.
ڕۆیشتن بۆ دێهاتەکان بۆ کار، دیاردەیەکی ئاسایی نەبوو. ژمارەیەکی کەم لە کچان دەڕۆیشتنە دێهاتەکان پێش هەموو شتێک دەبوا کارێکی وەهامان بکردباێت کە ببینە جێگای متمانەی خەڵک و باوەڕمان پێ بکەن. ئێمە بۆ ئەم مەبستە دڵسۆزانە لەگەڵ خەڵک و منداڵان دێهات هەڵسووکەوتمان ئەکرد. سەختی و مەرارەتی زۆرمان بە خۆمان قەبووڵ ئەکرد، بە تایبەت لە هاتووچوو دا. دێهاتەکان لە جادەی قیرتاو دوور بوون، بۆ ئێمە زۆر زەحمەت بوو بە تایبەت لە زەستاندا، جاری وابوو یەک سەعات لە ناو ئەو بەفر و سرمادا چاوەڕووانی مینی بووس مان دەکرد بێت و سواری بین. پێش ئەهات بە چاوی نزم سیری ئێمەیان ئەکرد. بە نەخۆشی ژنانەوە یەک سەعات بفرمان ئەشێلا تا بگینەوە ئاوای یا لە دێکەوە بڕۆینەوە بۆ سەر جادە و بۆ شار.
من لە پێش دا لە ئاوای “دەرە سفتە” لە نیوان دیواندەرە و بیجار و پاشان ٢ ساڵ لە ئاوای “کارێزە” لە پەنای دیواندەرە و دواتر ٢ ساڵ لە ئاوای زاخەی ژووروو و ساڵێک لە نژمار لە ناوچەی مەریوان مامۆستایم کرد. ئێمە کاتێکی یەکجار زۆرمان بۆ خوێندکاران تەرخان ئەکرد. زۆر جار لە گیر و گرفتەی خەڵک هەر لە دروس کردنی مەدرسە ( زۆربەی دێهاتەکان یا مەدرسەیان نەبوو یا زۆر ئارۆختە بوو) پیداگیریمان دەکرد بە یارمەتی خەڵک چاکی بکەین و یەخەی بەرپرسانمان ئەگرت کە شوینی خوێندنی منداڵەکان گونجاو بێت منداڵ تێدا زەجر نەکێشێت.
ئێمە کاری دەرمانی سەرتای خەڵک مان ئەکرد. دەست و لاقیان دەبرا و یا حەبی نەخۆشی و بەرگیری لە یاوی زۆر کە خەتەری مردنی منداڵی بە داوە بوو یارمەتیدەر بووین. ئەو کات خواردەمەنیان بە منداڵ دەدا( تغذیە) ئێمە لەگەڵ خەڵک دەچووین و دەمان هێنا و دابشمان ئەکرد بە سەر منداڵەکان دا. خەڵک ئەیانوت پێشتر وانەبوو. کاتێک دەڕۆیشتینەوە بۆ شار خەڵک بە زۆر ماست و یا خواردەمەنی دیکەیان پێ ئەداین و ئێمەیش وەرمان نەئەگرت زۆر کات لێمان نارەحەت ئەبوون. ئەگەر وەرمان بگرتباێێ حەتمەن بە شیوەیتر وەک کڕینی قەڵەم ڕەنگی و پیداویستی دیکە بۆ منداڵەکان قەربوومان ئەکردەوە. خەڵک ئەیانوت “بابە ئێوە وەک کەسی دیکە نین کە باسی کورەی زەویان بۆ منداڵەکان دەکرد کە خڕە( گردە) بە منداڵەکانیان وتبوو کەرە وەک کورەی زەوی دروست کەن و بیهێنن بۆ مەدرەسە بەم شیوە کەرەیان کۆ دەکردەوە” کاتێک لە شار دەگراینەوە گۆشتمان دەکڕی و دەمان هێناوە بۆ دێ، بە تەنیا نماندەتوانی بیخۆین، دەمان دا بە ساحێب ماڵەکە بۆ هەموومانی دروست بکات و بە دەوری یەکەوە بیخۆین.
ژیانی ئێمە ببو بە بەشێک لە ژیانی ئەو خەڵکە هەژار و فەقیرە بە تێکۆشانێکی زۆر و پڕ حەوسەڵە توانیمان بڕوای خەڵک بۆ لای خۆمان ڕاکێشین.
هاورێانی سیاسی مان کە لە دێهاتەکانی دیکە بوون وەک جەمیل برام، حوسەین پیرخزری، هوشنگ خەتمی، خالید رەحمەتی، خالید باباحاجیان و نەورۆز گەنجی هاتوو و چوومان بۆ لای یەکتر زۆر بوو. ئەم بیر و بۆچوونە هەر دەهات و پەرەی ئەساند. دوو ساڵ دوای ئەوە کە من خوێندنم تەواو کرد هاورێ مەلەکە مستەفا سوڵتانی و فەریدەی خوشکم لە ” دانشسرای مقدماتی” کاریگەری زۆریان لە سەر خوێندەکارانی ئەو شوینە دانابوو، لەوانە هاورێان عەزیزە و ویدا بوون. ئێمە لە نیو کۆڕ و کۆمەڵی خەڵک دا بەشدار بووین و جێگای خۆمان لە دڵی خەڵک دا کردبووە وە. وەک نمونە ئێمە کاتی ئیمتحان نیهای کەلاس پێنجەکان( تاقی کردنەوەی سەرتای) لەگەڵ منداڵەکان ئەڕؤیشتین بۆ دیواندەرە و جێگا و شوینمان بۆ دیاری دەکردن و بە یارمەتی بنەماڵەکانیان خواردن و پێداویستی مان دابین ئەکرد. بەڵام زۆر مامۆستای دیکە لەگەڵ منداڵەکان نەدەڕۆیشتن و لە منداڵەکانیان نەئەپرسی کە چۆنیان بۆ پێش ئەچێت. ئەوی کە دواتر بەرهەمی یەک ساڵ کار و تێکۆشانی خۆمان لە دەرچوونی منداڵان لە پۆلی پێنج دەدیت، سەرەڕای شادمانی خۆمان خەڵک بڕوایان بە ئێمە زۆرتر ئەبوو. ئەیانزانی بە دڵ و گیان بۆ منداڵەکانیان هەوڵ دەدین.
پاش دوو ساڵ مەعەلیمی لەگەڵ گیانبختکردوی خوشکم فەریدە لە ئاوای زاخە، ویستمان هەڵسووڕانی خۆمان برینە ناوچەی مەریوان. خەڵکی زاخە هاتنە سنە بۆ ماڵی ئێمە و داویان دەکرد بمێنینەوە. ئەیانوت موشکلتان چیە کە دەڕۆن؟ هەرچی بیت حەلی ئەکین.
ساڵی ئەوڵ لە هاوین دا لەگەڵ فەریدەی ڕۆیشین بۆ زاخە ( پیویستە بڵێم کە فەریدە باڵاترین پەلەی خوێندنی بە دەس هێنا و چەند جار پێشنیاری پێ کرا لە شاری سنە بمێنیتەوە بەڵام قەبووڵی نەکرد. دیهەویست بڕواتە ناو خەڵکی فەقیر و هەژار و لەوێوە خزمەت بکات). هاوینەکەی بە بۆچوونی ئەو کاتە بۆ خەڵک کارمان ئەکرد کە جێگای خۆمان وەک کەسایەتی سیاسی لە ناو ئەوان دا بکێنەوە.
هاوینی ساڵی دووهەم فەریدە بۆ هەڵسوورانی سیاسی ڕۆیشت بۆ تاران، کاتی ئیستراحت و تەعتیل نەدەوەستا و لە هەموو شوین دیار بوو. پاییزی ساڵی ۵٧ گەرایەوە بۆ کردستان و پێکەوە لە مەریوان و لە ئاوای نژمار بووین بە مامۆستا.
هەروەها کە باسم کرد مامۆستای مجالی باش بوو کە ئێمە لەگەڵ زەحمەتکێشان پیوەندی بگرین. سیاستی ئەو دەمی تەشکیلات ئەوە بوو. سەرەڕای ئەوە، کاک جەمیل برام و هاورێانی دیکە هاتوو و چوومان ئەکرد و لە کۆر و کۆمەڵی خەڵک دا حزورمان بوو. خەباتکارنی دیکە وەک هاورێ خوسروی ڕەشیدیان دەهات بۆ ئەو دێهاتانە کە ئێمەی لێ بووین لەگەڵ خۆی کتێبی زۆری لە لاێن بنکەی فیرکردن و بارهێنانی لاوان ( کانون پرورش فکری کودکان و نوجوانان) دەهێنا. تێدەکۆشا کتێبی باش کە قاچاخ بوون لە دەسترەسی ئێمە و منداڵان دابنێت. ئەو ژمارە مامۆستایانە کە لە ماوەی دوو ساڵ توانیمان بەشی ساڕاڵ لە ژێر چاوەدێری خۆمان دانێن بێجگە لە ئەو هاورێانە کە لە سەرەوە باسم کردن هاورێانی خۆشەویست سدیقەی نەبەوی خوشکەزاکەی عەتیە معمارپور لە ئاوای زاخەی خوارو کە بەڕاستی زۆر تێکۆشەر و دڵسۆز بوون”.
ـ هاورێ ویدا نێعمەتیان دەیگێریتەوە:
«پیم خوش بوو که بخوێنم و علاقەم زۆر بوو بەڵام ئەو کاتە زۆر بایخیان بە خوێندن کچ نەدەدا و ئەیانوت باشتر ئەوەیە هەرچی زووتر بڕواتە دوای چارەنووسی دا (هاوسەرگیری بکات) ئیمکانی درێژە دان بە خوێندنم نەبوو. ڕووم کردە فێرگەی سەرتای( دانشسرای مقدماتی) و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بووم بە مامۆستا! لەو شوینە لەگەڵ هاورێ گیانبختکردوو فەریدەی زکریایی و مەلەکەی مستەفا سوڵتانی ئاشنا بووم. زۆر شتیان لێ فێر بووم، هەم لە بابەت خەبات و تێکۆشانی سیاسی وە و هەم لە بابەت هەڵسووکەوتی ناو کۆمەڵگاوە. دوای تەواو کردنی خوێندن چووم بۆ دێهاتەکانی شارۆچکەی قوروە و ٣ ساڵ لەوی مامۆستایم کرد. دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٣۵٧ هاتمەوە بۆ شاری سنە و لەگەڵ هاورێانی سیاسی و چەپ پیوندیم گرت کە یەکێک لەوانە هاورێ عەزیزەی ئەعزەمی بوو.
لە مێژ بوو عەزیزم دەناسی، پێکەوە ڕۆیشتینە ئاوایی ئەحمەدئاوای ساڕاڵ، ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەران لە دێهاتی ئەو مەڵبندە مامۆستا بوون. ئەم کۆڕە مامۆستایانە کە بە ئامانجی سیاسیەوە ڕۆیشتبوونە دێهاتەکان و زۆر بە دڵسۆزیەوە بە خوێندەواری منداڵان بایخیان دادنا. دوای ڕاپەرین و بە داواکاری هاورێ ئەیوب نەبەوی و بە پێچەوانەی داخوازی خۆمان ئێمە پیوندی ئاشکرامان لەگەڵ کۆمەڵە نەدەگرت تاوەکوو بتوانین وەک مامۆستا بمینینەوە. هەر لەو ساڵە دا ڕێکخراوەی مامۆستایان لە شاری دیواندەرە دروس بوو و ئەم شۆرایە بارودۆخەکەی گرتە دەستەوە، ئەندامانی شۆرای مامۆستایان بۆ سەرپرشتی کردنی دێهاتەکان دەهاتن، من هاورێان خالید باباحاجیان، ئیبرایم ڕۆستەمیم لە بیرە.
هاورێ عەزیز زۆر دڵسۆزی خەڵک بوو. کەلاسی دەرس خوێندنی بۆ گەنجەکان و گەورەکان دانابوو، شەوانە بە دوای هیلاکی ڕۆژ لە بەر چرا تۆڕی دەرسی بە ئەو خەڵکە دەکوت کە خزمەت بکات بۆ کەم بوونەوەی نەخوێندەواری. کاری ئێمە لە دێهات دا کات و ساتی نەبوو، جاری وابوو کە لە نیوە شەودا ئێمەیان خەبەر ئەکردەوە، داوای دەرمانی یاویان دەکرد( حەب). خەڵک ئاوای دەهاتنە ماڵمان هەتا دەرنگانێک نەدەڕۆیشتنەوە، بە داخەوە ئەو کاتە ژنان کەمتر بۆ میوانی دەهاتن. جار وبار ژنی ساحێب ماڵەکەمان دەهاتە ناو میوانەکان. قسە و باسەکان لە سەر وەزع و حاڵی خەڵک بوو. عەزیزە زۆر هەڵسووراو بوو و لە ناو پیاوان دا لە سەر قسەی حیسابیان ئەکرد. بۆ ئەوە خەڵکی فەقیر زەوی ئاغا دابەش بکەن چەند جار لەگەڵ کۆمەڵە قسەی کرد. لە یەکێک لەو کۆبوونەوانەدا کە پێشمەرگە دەهاتنە ناو ئاوای، عەزیزە دەستی ژنێکی فەقیری گرت و بۆ ئەوڵین جار ئەو ژنە پێ نایە ناو مەزگەوت. عەزیزە داوای لە پێشمەرگەکان و شۆرای ئاوای کرد دەبێت زەوی بە ئەم ژنە بدەن با بتوانی بژیوی ژیانی خۆی پێ بەرێتە سەر!
فیداکاری و هەڵسوورانی هاورێ عەزیزم قەت لە بیر ناچێت سەرەڕای ئەوە کە بنەماڵەیان فەقیر بوون و خوشکێکی نەخۆشی لە ماڵ دا بوو. ئێمە ئاخرین داهاتی خۆمان هەتا ئەخراج کردنمان له لاین ریژیمی ئیسلامیه وه ئەدا بە بنەماڵەیکی فەقیر.
– هاورێ میهری کەنعانیان بوونی بە مامۆستا ئاوا باس دەکات:
« له سەرتاکانی ڕاپەرینی ئێران لەگەڵ کۆر و کۆمەڵە سیاسیەکان ئاشنا بووم و لە پێشتریشەوە خوێندنەوەی نووسراوە چەپەکانم پێخۆش بوو. هەر ئەم بیڕۆکە بوو بە هۆی ئەوە من بۆ خزمەت بە خەڵک شوغڵی مامۆستای هەڵبژێرم. بۆ یەکەمین جار ساڵی ١٣۵٨ لەگەڵ دوو هاوکاری دیکەم ڕۆیشتین بۆ ئاوای ” کانی چەرموو” لە ناوچەی قەمەری. ژمارەیەک لە خەڵک ئاوای ئێمەیان وەک مامۆستا تەحویل نەگرت. پێموایە سۆنەت بوو کە هەر پیاو مامۆستا بێت. بەڵام ئێمە بە دوای یەک ساڵ کار لە ئەو ئاوایە وەها پیوندیکمان لەگەڵ ئەو خەڵکە بەرقەرار کرد نەبێتەوە. ئیستایش پاش ئەو هەمووە ساڵە لەگەڵ ئەو خەڵکە تاسەی یەکترین دەکەین، زۆر بیرەوەریم تاڵ و شیرینم هەیە. ئەڵبەتە تاڵەکان زەستانی ئەو ناوچە و بفری زۆر لە هەموو خراپتر ئێمەی تووشی گیر و گرفت ئەکرد. جارێک دەرنگان گەیشتینە قاوەخانەی “کەڵەکان” ماشین نەبوو بە پێان هاتینەوە و سەرەڕای ئەوە لوورە لوورەی گۆرگمان ئەبیست، پێ یەکێک لە هاوکارەکانم سەرما بردی. جارێکیش هاورێ عەتای قەمەری مان پێ گەیشت کە هەتا ” کانی چەرموو” بۆ هەڵگردنی کەل و پەلەکانمان یارمەتیمانی دا. ئەو مامۆستای دێهاتی ژوورتر لە ئێمە بوو بە ناو یاپاڵ. خۆشی ئەو ساڵە ئەوە بوو ئەو کاتە کە ئێمە لە “کانی چەرموو” مامۆستا بووین ناوچەکە ئازاد کراو بوو و پێشمەرگە هاتوو و چوویان زۆر بوو.
بە هۆی ئەم نیزیکیەوە و دڵسۆزیمان بۆ خەڵک وەک فەعالی سیاسی ئێمەیان بێکار کرد، ٢ ساڵ بێکار بووم. پاشان تەبعید کرام بۆ دێهاتێک لە بین بیجار و هەمدان دا. زۆر ناخۆش بوو چوون زۆربەی خەڵکەکەی سەر بە رژیم بوون و دەیانزانی ئێمە خەڵکی سنەین و کوردستان جوڵانەوەی سیاسی و نیزامی تیدایە. ئێمەیان خۆش نەدەویست دوای یەک ساڵ دیسان هەر وەک تەبعید خراینە شارۆچکەی سریش ئاوای قوروە. دیارە بۆ ئێمە سەخت بوو کە خەڵکی لاێنگری دەوڵەت بە شیوەی گونجاو لەگەڵمان هەڵسووکەوتیان نەدەکرد. بەڵام ئێمە لە کاری دڵسۆزانەی خۆمان لە نیو خەڵک و بۆ منداڵەکان کۆتایمان نەدەکرد. چوون ئامانجی ئێمە خزمەت بە هەژار و فەقیر بوو، منداڵیش گوڵی بێ گەرد بوون و خەتایان نەبوو کە گەورەکان لەگەڵ ئێمە باش نەبوون ».
– هاورێ مەلەکە مستەفا سوڵتانی سەرەڕای ئەوە جزوی یەکمین ئالقەی ژنای تێکۆشەر بووە و
دەوری بوو. دوو بیرەوەی لێرەدا هیناوەتەوە:
« ئەو کاتە ئەگەرچی کۆمەڵە ئاشکرا فەعالیتی نەدەکرا بەڵام ئامانج و شێوە کارمان ئەوە بوو کە بۆ بنەبەڕ کردنی هەژاری، نەداری و سەقامگیر کردنی عداڵەت و ئازادی دەبێ بێسوادی و نەزانین لەم کۆمەڵگا لە بین بریەت. ئەو کاتە زۆرینەی خەڵکی کوردستان گوند نشین و بێسواد بوون. ئێمە ئاوا بیرمان ئەکردەوە بۆ بەرێوە بردنی ئەو پلانانە دەبێ تێکەڵ بە ژیانی خەڵک بین و یارمەتیدەر بین بۆ زانیاری و سوادی ئەوان. بۆ ئەم مەبستانە شوغلی مەعەلیمی زۆر موناسب بوو. منیش بۆ وەدیهێنای ئەو مەقسەدە ئەو کارم هەڵبژارد و ١٧ ساڵم بوو کە شانم دایە ژیر باری قورسی و تاقت پڕوکێنی زۆر کێشە و بابەتی ئەم کۆمەلگا. چەند ساڵ لە مەڕگ و ئەڵمانە ( شوینی لە دایک بوونم) مامۆستا بووم.
لەگەڵ برا و هاورێ ئازیز و گیانبختکردووم کاک ئەمین لە ئاوای ” مەڕگ” بووین. ئێمەیش بۆ یارمەتی ئەو خەڵکە وەک باقی هاورێان لە هیچ فیداکاریک دریغمان نەدەکرد. کاک ئەمین پێش من لەو دێ کاری کردبوو و تێکەڵ بە ژیانی خەڵک بوو ئەمە بۆ من ئاسان کاری بوو. شەوێک ئاگادار کراین ژنێک کە دایکی ۵ ـ ۶ منداڵ بوو زۆر نەخۆشە و حاڵی خراپە. هەرچێکمان لە دەست هات کردمان و بردمانە مەریوان بۆ دکتور فایدەی نەبوو و ژنەکە دوای چەند ڕۆژێک فەوتی کرد. زۆر فەقیر و نەدار بوون بە فەوتی ژنەکە ئەوندەی دیکە ژیانیان سەخت بوو، بە تایبەت بۆ دوو دانە لە منداڵەکان بە ناو نەهیە و بەهیە زۆر چکۆلە بوون. بە نەبوونی دایکیان بێ ناز بوون، زۆر ئاگامان لێان بوو. هەموو شتێکم بۆ ئەکردن لە پاک و خاوێنی تا جەل و بەرگ. کاتێک ئەهاتینەوە تا بەر دێ بە پیرمانەوە ئەهاتن. دوای شۆڕش من بووم بە پێشمەرگە. ئەو کچانە گەورە بووبوون نوارێک شیعر و گۆرانیان بە من و پێشمەرگەی کۆمەڵە دا وتبوو و ئەیبەن بۆ دایە بەهیە دایکم”.
ئەوە پیشان دەدات کە ئەو کارانە ریشەی لە ناو دڵی خەڵکی ئەو کۆمەڵگا داناوە. هەروەها هاورێ مەلەکە دەگێرێتەوە کە ڕۆیشتن بۆ دێهات زۆر سەختی بە دواوە بووە.« جارێک قەرار بوو لەگەڵ کاک ماجید برام سەردانی هاورێانی تێکۆشەرمان فەریدە و نەسرین زکریای لە ئاوای زاخەی دیواندەرە بکین لە جادەوە دوور بوو. زستان بوو سارد و ئێوار دەرنگ لە نزیک ئاوای گەلە گورگمان لێ پیدا بوو، ئەو چەمە بە ناوبانگە بۆ گورگ. هەستمان کرد دەرچوونمان نییە. من کەل و پەلەکەم هەڵگرت، لە بیرمە کتێبمان بردبوو بۆیان زۆر قورس بوون. کاک ماجید بە بەرد و سەهۆلی قەراخ ڕێگاکە گورگەکانی ڕاو دەنا. لە نیزیک ئاوای لە هەرا و هاوار هاواری ئێمە ئاسیاوانێک هات بۆ یارمەتیمان.» و …..
بە داخەوە برێک وەخت دەسکەوتی ئەم تێکۆشەرانە نابینرێت و هەندێک کورت بین وادەڵێن « کوا خۆ کەسیان لەو دێهاتانە نەبوونە پێشمەرگە» دیارە ڕەنگە من ئیستاش کەس زۆر نەناسم کە لە ئەو گوندانەی ساڕاڵ و دەوروبەر هاتبنە ناو رێزی کۆمەڵەوە بەڵام ئەم کردەوانە دواتر ڕەنگی خۆی داوەتەوە.
ئەڵێن کە « ئەگەر بتەوەی بەرهەمی کاری خۆت لە سەد ساڵی دواتر ببینی لە سەر منداڵ کار بکە».
لانیکەم کەسانێک وەک هاورێ موزەفەر پاکسرشت پێچەوانی ئەم بیرۆکە کورتانە یان لە هەڵسوورانی ئەو مامۆستایانەی ساڕاڵ یان دیوە. ئەم بەرێزە لە کاتی ناردنەوەی هاورێ خوسروەی ڕەشیدیان بە برینداری بۆ شاری سنە دەگرێنەتەوە« ئەو خەڵکەی ساڕاڵ کە ئەو مامۆستایانە دەوریان تیدا بوو هاتنە بەرەوپیرمانەوە بۆ گواستنەوەی کاک خوسروە چەند لێبوردوو بوون. هەر نەمزانی ئەم هەموو کاریان چۆن جێ بە جێ کرد. وتم ئاخر چۆن دەکرت، وتیان ئەگەر بتەوێت هەمووتان دەبەینەوە ناو شار بە بێ ئەوەی خوێن لەلوتی کەسێک بێت». بۆ ئەوەی دەسکەوتی ئەو مامۆستا تێکۆشەر و پێشکەوتووخوازانە لە ناو کوردستان ببینین باش ئەوەیە چاوێک لە بەشێک لە ئەم دوای ڕووداوەکانی کوردستان بکین:
ـ ئەو بە هەڵکەوت نییە کە لە شاری مەریوان مامۆستاێک بۆ هاودەردی
لەگەڵ خوێندەوارەکی کە شیمی دەرمانی کروە سەری خۆی ئەتاشی و لە
دونیا دەنگی دایەوە. بۆ بەرهەڵست بوون لە بەرانبەر بە بێ حورمەتی بە
ژنان، پیاوانی زۆر جەلی ژنانەیان پۆشی و بەم چشنە مشتی قورسیان لە
دەم کۆنەپەرستی و بیرۆکەی کۆیلەی ژن دا و لە دونیا دەنگی دایەوە.
لە دێهاتەکانی کامیاران خەڵکی زۆر قەفەسی کەویان شکاند و باڵنەکانیان
ئازاد کرد و تفنگەی ڕاوکەریان شکاند. لە دیواندەرە بۆ دیفاع لە کچێک کە بوو
بە قوربانی هەڵەی دەرمان و چاوی کوێر بوو و لە سوچی ماڵەوە بوو، وەڵاتیان
تێگەیاند و وەزیری دەرمان کە دوکتوری تایبەتی چاوە وە خۆی بە ناچاری عەمل
یاتی کرد. چەند ئاوای ناوچەی قەمەری لە بورەی فەراوان داریان چاندووە. لە
سەردەشت ڕۆخانەکان لە ماسی مردوو پاک دەکەنەوە و سەمپاشی ئەکەن. ڕۆژی
جیهانی ژن و یەکی ئەیارکان رێز لێ دەگرن. کێوی ئاویەر کە دەسوتنێرێت خەڵک
بۆ بوژانەوەی بە هەموو چەشنێک دێنە مەیدان. بۆ ڕەهبرانی کرێکار وەک کورش
بەخشەندە رێز و حورمەت دادەنێن و دەیان هەنگاوی دیکە…. ئەمانە لە خۆ وە
نەهاتوون . تاسیری ئەو کارە پر حوسەڵەیە لە نیو خەڵک بۆ وشیاری و ناسینی
چاکە و خراپە بووە.
بە داخەوە لە کوردستان بە هۆی سونەتی هێزی چەکداری هەڵسوورانەکانی دیکە کەوتوونە پەراوێزەوە یان کردویانە بە خزمەت گوزاری هێزی چەکداری. لە ئەساس دا دەبێت خەبات لە بوارەکان دیکە لە لاێن هێزی چەکدارەوە بپارێزرێت کە بە داخەوە تا ئیستا بە پیچەوانە بووە.
ئیستایش دەبیستم کە ئەستێرەی گەش بۆ منداڵان لە شار و دێهاتی دیواندەرە و شارەکانیتری کوردستان زۆرن. زۆر خەڵک بیرەوەری خۆشیان لە مامۆستایان هەیە کە ئەم بیرەوەریانە کوژراوەتەوە و جێگای خۆیان لە ناو خەڵکی هەژار و فەقیری کوردستان داناوە! هاورێ سدیق جهانی لە شوێنێک باسی کردبوو کە یەکێک لە خەڵکی ئاوای گەزان بە ناو ساڵح حاجی پێش مردنی وەسیەتی ئەکات، ڕەشتیەکەی هاورێ حوسەین پیرخزری( لالە حسین) لە دەستیدا بێت کە دەیننە ناو گۆرەکەی. واتە دوای نیزیک بە چەل ساڵ خەڵک بە بیری ئەو ئەستێرانەوە ژیاون. ئیستایش خەڵک بە گیانی زۆرێک لە ئەو ئەستێرانە سویند دەخۆن.
مامۆستایەک دەتوانێت ناوچەیەک، وەڵاتێک و بگرە جیهانێک نهژێنێت وەک سەمد بهرەنگی و فەرزاد کەمانگەر. بە پێچەوانە تاک تاک مامۆستایش هەڵ ئەکەوێت کە خەڵک بیرەوەری تاڵ وەک ژاری ماری لە دەگێڕنەوە. ئیستاش پاش ۴٠ ساڵ ئیزرایلەکەی دیواندەرە( گول سەباخی)یم لە بیر نکردوە. بە داخەوە بیستم لەم ساڵانەی پێشو منداڵێک بە دەست مامۆستایک لە دێهاتەکانی نیزیک دیواندەرە دەکوژرێت ( مامۆستاکە خەڵکی دەواخ بووە و دواتر بە نەخۆشی مردووە). ئەو کەسانە کە مامۆستایی هەر بە کار و ئیش دەزانن و بۆ بژیوی ژیانیان کار ئەکەن و ئەنجامی “وەزیفە دەکەن” پێموابێ زۆر بە هەڵە دا چوون. ئەمانە قەت ناتوانن مامۆستای باش بن.
مامۆستایی یانی دابەش کردنی هەستی خۆت لەگەڵ ئەو منداڵانە. دڵی مامۆستا جێگای هیلانە کردنی دەرد و ڕەنج و هەستی پاک و پر لە مەینەتی ئەو ” پەپولە” پاکانە بێت. ئەگەر ئەمەی تیدا نەبوو باشتر ئەویە ئیشەکەی بگۆرێت. پێش ئەوەی پشیمانی هەتا هەتای بۆ خۆی تۆمار بکات. یادی هەموو ئەو مامۆستا دڵسۆزانە کە هەر کام ئەستێرەیەک بوون بۆ بڵاو کردنەوەی زانیاری و وشیاری و لە ناو بردنی بێسوادی و جەهالەت بەرز و بەرێز بێت. بەختەوەری بۆ ئەوانە کە لە ژیاندان. سەری رێز دادەنەوێنم بوو ئەو هەموو فیداکاریانەی ماۆستایانی پێشو و ئیستا!
ڕۆژی مامۆستا، ١٩ ی گوڵان لە هەمووان پیرۆز بێت.
ئیبرایم ڕۆستەمی گولانی ١٣٩۵
*) هاورێانان فه ریده زه کریایی، فایزه قوتبی و گوڵرێز قبادی و چەند کەس لە ئەڵقەی هاورێانی شۆڕشگێر ژنان له ساڵانی پێش ڕاپەرینی له جنوبی کوردوستانی ئێران بوون. ئەم ئازیزە تێکۆشەرانە له بەهاری ساڵی ١٣۵٨ لەگەڵ گروپێکی پزشکی بۆ یارمەتیدان بە خەڵکی تورکەمەن سەحرا ڕۆیشن. بە داخەوە بە هۆی تەسادفی ماشین گیانیانبەخت کرد. لە زۆر هەڵسووکەوتی پێش ڕاپەرین چ وەک موعەلیم لە دێهات و چ وەک کرێکار لە تاران و شوینە کانیتر دەوریان گێرا. لە ڕاپەرین و پاش ڕاپەرین لە کاتی نەورۆزی خوێناوی سنە و دامەزراندی ڕێکخراوە و شۆرا و کۆر و کۆمەڵی ئەودەم لە کوردستان نەسرەوتوو بوون. لە زۆر جێگا باسی هەڵسووران و لێ بوردووی و تێکۆشانی شۆڕشگێرانەیان ئەکرێت و لەگەڵ هاورێانی دیکەیان دەوری زۆریان گێراوە لە بەخەبەر هێنانی چینی کرێکار و زەحمەتکێش و بەتایبەت ژنان لە شوینی کار و ژیانیان.
**) هاورێ عەزیزە لە تەشکیلاتی نهێنی لەگەل ژمارەیکی دیکه دەستگیر کران و کەوتنە ژێر ئەشکنجەی زۆر. عه زیزه کاتێک که دەستگیر کرا حاملە بوو. رژیم ئیسلامی نمایشی تەوابیتی ڕێکخست و ئەوانیشی وەک ” تەواب” ناو بەرد. هاورێ عەزیزە کاتێک بۆ منداڵ بوون چووە نەخۆشخانە لەویەوە بە یارمەتی پرستارانی تێکۆشەر و خەباتکار یارمەتی درا و بە ئیش و دەردی منداڵ بوونەوە لە نەخۆشخانە هەڵهات و هەر لە سنە و لەو جێگای کە بۆی دیاری کرابوو کۆرپە شیرینەکەی ئازادە هات دونیا. چەند ڕۆژ دوای منداڵ بوونی دیسان یارمەتی درا و لە شار سنە هاتە دەر و خۆی گەیاندە مەقەرەکانی کۆمەڵە. بە داخەوە لە لاێن بەشێکی زور له ئێمەوە زۆر بێ میهری پێ کرا و کەوتە گیروگاز و لە لاێن کۆمەڵەوە. ئەمەش لە لاێن ڕەهبری کۆمەڵەوە لەوانە عبداللە موهتدیەوە هیدایت ئەکرا. ئەو وتارێکی نووسی” خروش انقلاب و زوزە توابین” ئێش و ئازای ئەم وتارە لە ئەشکنجەکانی پێشوتر خراپتر بوو.
هاورێ عەزیزە نیدەتوانی ئەو نووسراوە لە بیری خۆی بباتەوە چوونکا ئەو دیزانی لە زیندان چی بەسەر هاتووە.. لە دادگای تەجدید نەزردا به پیڕەوی له وتارەکی عبدالله مهتدی زیندانی بۆ بەڕاوە. دوای زیندانەکەی هاتەوە رێزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە وە.
هاورێ عەزیزە ساڵی ١٣۶۶ لەگەڵ هاوریانی کوردانی شوان، لەگەڵ هاوسەرە و هاورێ تێکۆشەری هاورێ حەمە عەلی وەزیری لە بۆردمانە کیمیایەکی حەڵبجە گیانیانبەخت کرد.
***
لیره دا سپاس و پیزانینی خوم ئاراستی هاورێ مەلەکەی سولتانی ئەکەم که لە کوردی نووسین دا یارمەتی کردم!!
وێنەکان: گروپی، وێنەی دەستی ڕاست لە سەرەوە هاورێان نەسرین و فەریدەی زکریای و عەزیزە ءەعزەمی لەگەل منداڵە خوێندکارەکانی زاخە. دەستی چەپ باوک و دایکی عەزیزە بە پێوە و نەسرین زکریای لای ڕاست و عەزیزە وڕۆڵە ئازیزەکەی ئازادە لە ئۆردوگای مالومە. وێنەی خوارۆ هاورێ ئەمین مستەفا سوڵتانی لەگەڵ پۆلێک لە منداڵە خوێندەکاری دێەی مەڕگ.
وێنەکان بە تەکی چەند کەس لە مامۆستایانی شۆڕشگێرن بەم جۆرە شمارە ـ ١ لطف اللە کەمانگەر، ـ ٢ ویدا نەعمەتیان، ـ ٣ ئیبرایم تاڵشی ، ـ ۴ فەریدەی زکریای، ـ ۵ نەورۆز گەنجی، ۶ رئوف کۆنەپۆشی، ـ٧ میهری کەنعانیان.
بەخۆشیەوە هاورێان ویدای نەعمەتیان و میهری کەنعانیان لە ژیان دان و لە ئورۆپا ئەژین باقیەکەیان گیانیانبختکردوە.