برق ٫ در میان خیال و وعده(مطلب به زبان کردى)

کارەبا، لە نێوان خەیاڵ و بەڵێن دا

                                                                                                                                                                                       هیوا ئەمانی

  باڵای کێشەی کارەبا و نەبوونی بەردەوامی رۆژانەی بەقەدەر باڵای ئاواتی بوونی و حەزی شەوانی پڕ ڕووناکی کەڵەگەتە. کارەبا و کێشەکانی هەر لە منداڵیەوە لەگەڵمان لەدایک دەبێ و هێواش هێواش گاگۆڵکەمان لەگەڵ دەکا و بۆ یەک ساتیش هەتا ئێستا بەجێی نەهێشتووین و ناهێلێ.

  ئەوە بریتیە لە چیرۆکی یەک بە یەکی منداڵانی عێراق، مندالانێک کە چاویان بە نەبوونی کارەبا خو دەگرێ و هەر جارە و لە شوێنێک بە زرمەی بۆمبێک رادەچڵەکێن. ئەو مندالانە ئێستا گەنجانی وڵات پێک دەهێنن. گەنجانێک کە هەموو ئاواتیان ژیانێکی دوور لە مەرگەساتی و گریان و رەش پۆشیە و ئاواتەخوازی ژیانێکی لێوان لێو لە ئارامی و سەقامگیرین.

  یەکێک لەکێشە سەرەکییەکان لەعێراقدا کە ساڵانێکی زۆرە ھاووڵاتیان بەدەستیەوە دەناڵێنن و لەھەمان کاتیشدا ساڵانێکی زۆرە چەندین ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە، بریتیە لە کێشەی کارەبا. کارەبا تەنها یەکێکە لە هەرە کێشە زۆرەکانی خەڵکی عێراق، بەڵام لایەنێکی گرنگی ئەو کێشانە پێک دەهێنێ. بێزاری، بێتاقەتی و نەبوونی هومێد بە داهاتوو، ڕەنگدانەوەی کێشەکانی کارەبان.

  عێراق وڵاتێکە کە بەردەوام تووشی شەڕی ناوخۆ و دەرەکی بووە و بەردەوام ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە داروخاوە و هەر جارە لە جاری پێشوو وێرانتر بووە. کێشەی نەبوون یان کەمی کارەبا رۆژێک و دووان نییە کە سەریھەڵداوە، بەڵکو بەشێکی زۆری کێشەکە لە رژێمی بەعسەوە بەمیراتی  بۆ ئەم سەردەمە ماوەتەوە و بەھۆی وێرانبوون وڵات لەسەردەمی جەنگەکانی کەنداوەوە سەریانھەڵداوە، بەتایبەت لەدوای جەنگی دووەمی کەنداوەوە بێ کارەبایی بۆتە بەشێک لەژیانی رۆژانەی خەڵکی ئەم وڵاتە.

  لەئێستادا نۆ ھەزار مێگاوات کارەبا بۆ سەرجەم ناوچەکانی عێراق جگە لەھەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، بەڵام عێراق پێویستی بە ٢١ ھەزار مێگاوات کارەبا ھەیە و ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ڕایدەگەیەنێت، تا ٢٧ ساڵی تر قەیرانی کارەبا بەردەوام دەبێت. کێشەی کارەبا لە عێراق چارەسەر نابێت، چونکە حکومەت دەتوانێت تەنھا ۴٨%ی پێداویستی ھاوڵاتیان بۆ کارەبا دابین بکات.

  ئەمە لەکاتێکدایە کە عێراق یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی هەناردەکردنی نەوت، رۆژانە زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکا، کە ئەمە دەکاتە ٪٩۵ کۆی داهاتی گشتی وڵات. ئاستی خەملێنراوی ئەو بەرمیلە نەوتانەی کە لە چاڵە نەوتیەکانی عێراقدا بوونیان هەیە نزیکەی ١١٢ میلیارد بەرمیلە. ئەگەر زۆر سادە و ساکار لێکدانەوەی بیرکاریانەی بۆ بکەین ئەم ئاستە لە نەوتی خەوتوو بە پێ هەناردە کردنی ئێستا شتێک زیاتر لە ٨٠ ساڵ دەتوانێ بەردەوام بێ و دەتواندرێ هەموو کەم و کۆری و کێشەکانی سەرتاسەری عێراقی پێ چارەسەر بکرێ. بەڵام بەراستی ئەی بۆ کێشەکان هەروا دەمێننەوە و چارەسەر نابن و بگرە قوڵتر و دەست و پێگیرتریش دەبن؟ وڵامی ئەم پرسیارە گرێ کوێرەی ئەم کێشە و نەهامەتیەمانەمان بۆ دەکاتەوە کە بەسەر خەڵکی بەش مەینەتی عێراق دا هاتووە.

  لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە عێراق تووشی شەڕی ناوخۆی و کۆمەلێک کێشەی تر بۆتەوە، وەک گەندەڵی، بەهەدەردانی سامانی گشتی و هتد. بە هۆی ئەوەی کە سیستەمی بەرێوەبردنی عێراق لەسەر بنەمایی تایفی و ئایینی و قەومیەوە دامەزراوە، نەیتوانیەوە لە بەرەو پێش بردنی کارەکانی دا رۆلی کارا بگێرێ. ئەم تێکەولێکە بەرێوەبەریە لە ئاستی سیاسی و ئیداریدا کارایەکی زۆر بەهێزی هەیە و کاریگەری لەسەر هەموو جۆمگەکانی ژیانی خەڵک هەیە، بەجۆرێک کە ئاستی داخوازیە ڕەواکانی خەڵکی لە ژیانی ئاسوودە و مەجالی گەشەی بەرابەر و ئازادی رادەربرین و هتد، هێناوەتە سەر ئەوەی کە خەڵک ڕازی بن بەوەی کە ئەمرۆش توانیویانە لەم وڵاتە کارەساتبارەدا رۆژێکی تر بەسەر بەرن، واتە خەمی نەمردن بۆتە سەرەکیترین خەمی خەڵک. بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتیش ئەمساڵ خەڵک بەهاتنەوە سەر شەقام و خۆپیشاندان ئەو بانگەوازەیان داوە بە گوێی بەرپرس و کاربەدەستەکان دا کە ناتوانن بۆ هەتاهەتایە ئاستی داخوازیەکانی خەڵک لەو ئاستەدا بهێڵنەوە. داواکاری کارەبای ٢۴ کاتژمێرش یەکێکیتر لەو داواکاریانەوە بووە کە خەڵک بۆی هاتبووە سەر شەقام.

  کارەبای رۆژانەی خەڵک بە سێ جۆر دابین دەکرێ، کارەبای نیشتیمانی، کارەبای موەلیدە و کارەبای موەلیدەی ماڵان. کارەبای نیشتیمانی بریتیە لەو کارەبایەی کە حکومەت رۆژانە دابینی دەکا. کارەبای موەلیدەش بریتیە لەو کارەبایەی کە بە هۆی موەلیدەی گەوەرەوە کە لە گەرەک و کۆلانی شارەکان دا دانراوە کارەبا بە خەڵک دەدرێ. موەلیدەی ماڵانیش بریتیە لەو کارەبایەی کە هەر مالێک خۆی موەلیدەیەکی بچوکی هەیە و کارەبای پێویستی لێوەدەست دەخا. بەڵام لەگەڵ ئەوانەش هێشتا نەتواندراوە کە کارەبای ٢۴ کاتژمێری دابین بکرێ.

  بەشێکی زۆری کێشەی نەبوونی کارەبا دەخەنە ئەستۆی نە بوونی سوتەمنی پێویست بۆ موەلیدەکان. بەڵام ئەوەی کە جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە وڵاتێک کە لەسەر دەریای نەوت خەوتووە چۆن توانای دابین کردنی ئەو پێداویستیەی نیە. گەندەڵی و نابەرپرسیاریەتی و دەربەست بوون لە ئاست داواکاری خەڵک وای کردووە ئەو وڵاتەی کە دەیتوانی پێشەنگی خۆشگوزەرانی بێ، بۆتە یەکێک لە هەرە بێ ئیمکانترین وڵاتانی جیهان. زۆربەی سیاسیەکانی وڵات تەنها و بۆ ماوەی چەند مانگێک دەکەونەوە بیر هەندێک وشەی وەک “خەڵک، کێشەکانی وڵات، کارەبا، ئاو و هتد.” چون لەماوەی ئەو چەند مانگەدا پێوستیان بە دەنگی خەڵکە بۆ ئەوەی چەرخی ژیانی سیاسی و ئابووریان بسوڕێ، ئەگینا لە باقی مانگەکانی ۴ ساڵی دوای هەڵبژاردن تەنها شتێک کە بیری لێناکەنەوە خەڵک و ئەو کێشانەیە کە بەردەوام ڕوو لە زیاد بوون دان. وە هەر ئەوەش وای کردووە کە بەسەدان کەس رۆژانە کۆچ بکەن و ئەگەری مردن لە دەریای نێوان وڵاتانی ئەروپایی بە ژیان لەم وڵاتە بگۆرنەوە.

ئەوەی کە زۆر گرنگە و دەبێ خەڵکی بۆ بێتە مەیدان هەم داگیرسانی گلۆپی ماڵانە و هەمیش داگیرسانی گلۆپی بیرکردنەوەی خەڵک بۆ گۆرینی باردۆخی نالەباری ئێستا. نابێ چیتر مناڵانی ئەم وڵاتە بێبەش بن لە بینینی بریسکەی چاوی دایک و باوکیان لە شەواندا، کاتێک کە دوا ماچی شەوخۆشیان دەکەن. نابێ چیتر مناڵان لە ترسی تاریکای ترس بخزێتە گیانیان، دەبێ هیوایەک بەر ئەو خەڵکە بێتەوە.

هیوا ئەمانی

۲۵-۱۰-۲۰۱۵