کاردانه‌وه‌ێ به‌خیلیی و پێشبڕکێ له نێوان مرۆڤه‌کاندا!
ره‌زا موسته‌فا سۆڵتانی
پێشه‌کی:
به زۆری چوونه ناو باسی له‌م جـۆره کاری پسـپـۆڕانی ده‌رووناسه، به‌ڵام خولیای گه‌ڕان به دوای وڵام بۆ پرسیار و گرفته سیاسیه ناخـۆییه‌کان هانیدام ئیجازه به خۆم بده‌م ئه‌وه‌نده‌ێ پێمده‌کرێت له‌م گۆشه‌نێگاێشه‌وه چاو له گرفته‌کان بکه‌م. ئه‌م نووسراوه‌یه به پێ تێگه‌یشتنم له سه‌ر بنه‌مای به‌شگه‌لێکی گرینگ له‌م کتێبه * نووسراوه. لێره‌وله‌وێ ئه‌گه‌ر به پێویستم زانێـبـێـت روانگه‌ی خۆمم بۆ باشتر پێکانی مه‌به‌ست و گونجاندن له گه‌ڵ دۆزی کورد تێهه‌ڵکیش کردووه. جگه له نه‌قـڵکردن له‌وکه‌سانه وا ناویان هاتووه وچه‌ند په‌ند، فۆکوسم له سه‌ر کۆکردنه‌وه و ده‌رخستنی ڕۆح و ناوه‌رۆکی باسه‌کان کردووه تا وه‌رگێڕانی ڕاسته‌وخۆی به‌شگه‌لێک له کتێبه‌که. له‌به‌ر ئه‌وه ناکرێـت ئاماژه به لاپه‌ڕه و دێـڕی دیاریکراو بکه‌م. بۆ که‌سی عه‌لاقه‌مه‌ند پێشنیاری هه‌موو کتێبه‌که یان له‌م جـۆره کتێبه که به زمانی جۆراوجۆر له به‌رده‌ستدان ده‌که‌م. به قازانجی باشترگه‌یاندنی مه‌به‌ستی سه‌رکه‌ی له زۆر کورتکردنه‌وه‌ی نووسراوه‌که خۆم بۆاردوه.
هه‌ر مرۆڤێک به کۆله‌پشتـیه‌ک له تایبه‌تمه‌ندی ژنه‌تیکی تایبه‌ت به خۆی له بنه‌ماڵه، ساختار و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازدا له دایک ده‌بێـت. ژیانمان له ناو ئه‌و چوارچێـوانه‌دا به‌ڕێوه ده‌چێـت. ژیانی مرۆڤ پڕه له هه‌ڵوێستگرتن و خه‌بات به‌رانبه‌ربه ناحه‌قی و بێـدادی به هۆی کۆسپگه‌لێـکی گه‌وره وه‌ک هه‌ڵاواردن له به‌ر سه‌ر به چیـنی کۆمه‌ڵایه‌تی، ره‌گه‌ز، نه‌ته‌وه، مه‌زهه‌ب، جنسیه‌تێک که بوونه‌ته هۆی ئیمکانی نابه‌رابه‌ر له کار‌و ژیانیدا بۆ به دیهێنانی پێـداویستیه‌کانی مرۆڤ. له ڕاستـیدا هه‌لومه‌رجمان له باری بایۆلۆژیک و… زۆر جیاوازه و زۆر زیاتر له‌وه‌ی که ده‌مانه‌وێـت بـیـسه‌لمێـنـیـن کاریگه‌ری له‌سه‌ر کار و ژیان و خه‌باتمان هه‌یه. بۆ تـێگه‌یشتـنـێـکی هه‌مه‌لایه‌نه له هه‌موو ئه‌م جیاوازیانه‌ش هـۆ وسه‌به‌بی وه‌ک پێـکهاته و ستروکتوری دابه‌ش بوونی سه‌روه‌ت و ده‌سه‌ڵات له ناو کۆمه‌ڵگادا، دابه‌ش بوون به سه‌ر چینی کریکار- سه‌رمایه‌دار؛ وڵات، میلله‌ت، مه‌زهه‌ب، جنسی (gender) سه‌رده‌ست – بنده‌ست؛ ده‌وری سه‌ره‌کییان هه‌یه و زۆرپێویستن به‌ڵام کافی نیین. دیتنی دولایه‌نی کێشه‌کان بۆ وینه کورد- داگیرکه‌ران، کریکار- سه‌رمایه‌دار یا ژن- پیاو زۆرتر تیشک ده‌خه‌نه سه‌ر کێشه و ململانێ نێوان دوو لایه‌نی کێشه سیاسی- کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و که‌متر تیشک ده‌خرێته سه‌ر کیشه ناوخۆیه‌کانی ته‌نیا لایه‌نێک وه‌ک ناخۆی کورد، ناخۆی کریکاران و ناوخۆی ژنان. ئه‌گریش تیشک ده‌خرێته ناوخۆی ته‌نیا لایه‌نێک، زۆرجار بۆ ته‌نیا به‌خه‌تابار زانینی لایه‌نی به‌رانبه‌ره و شانه له ژێر ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تی ناخۆ خاڵیکردنه. بۆ نموونه‌ی ته‌وجیه‌کردنی ناته‌بایی، پرژوبڵاوی و نایه‌کگرتوویی کریکار، ژن و کورد ته‌نیا و یا زۆرتر له به‌ر زوڵم و زۆرداری لایه‌نی به‌رانبه‌ر(سه‌رمایه‌دار، پیاو، داگیرکه‌رانی کوردستان) تێڕوانینێکی ناته‌واو و به‌رته‌سکه و له شانه‌خاڵیکردن ژێر باری ئه‌رکی قورسی ریکخستن و ریککه‌وتن له ناو دڵی تاکه‌کان، ریکخراوه، میلله‌تی کورد، ژنان و چینی کریکار سه‌رچاوه ده‌گرێت. لایه‌نی به‌رانبه‌ر به زۆری ده‌سه‌ڵات و سامانێک که ئێمه پێمانداون به‌د به‌کار دێنن و رۆژانه هه‌زاران هۆ بۆ یه‌کگرتن و داکۆکی له مافی خۆمان ده‌خه‌نه به‌رده‌ممان. ساڵهایه باسی غه‌داری ئه‌وان ده‌کرێت، که ڕاسته، به‌ڵام زۆر که‌م کۆسپه ناوخۆیه‌کان به ده‌نگی به‌رز و ئاشکرا باس ده‌کرێت و ڕێگای چاره‌ی بۆ نابـیـنـیـنه‌ه‌وه.
بـێعه‌داڵه‌تی و ناحه‌قیه ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، و که‌لتووری و سیاسیه‌کان ئـه‌ونده زۆر و گه‌شتگیرن که زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری هـێزی هه‌موو خه‌باتکاران به‌خـۆیه‌وه ته‌رخان ده‌کات. گشتگیری و کاریگه‌ری ئه‌و بـێدادیانه وا ده‌کات خۆاستوویستی مرۆڤی تاک به ته‌واوی ده‌که‌وێته ژێر خۆاستوویستی کۆڕوکۆمه‌ڵ و ریکخراوه سیاسی و که‌لتووریه‌کان و په‌راوێز ده‌خرێن. به‌ڵام مرۆڤی تاک هاوکات که ئه‌ندامی یه‌کێک له‌و ریکخراوانه‌یه و ئه‌رکه گشتیه‌کان به‌ڕێوه ده‌بات بۆخۆشی خۆاستوویستی رۆحی و مه‌عنه‌وی شه‌خسی و تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، که پێـویسته هه‌ر وه‌ک نان، ئاو و جلوبه‌رگ فه‌راهه‌م بکرێن. ده‌نا مرۆڤی تاک له حه‌سره‌ت نه‌گه‌یشتن به خۆاسته مه‌عنه‌ویه‌کانی په‌کی ده‌که‌وێت، نه‌خۆش ده‌که‌وێت، دوای ماوه‌یه‌ک به‌دیهێنانی خۆاسته تایبه‌تیه‌کانی خۆی به سه‌ر خواسته گشتیه‌کاندا زاڵ ده‌بێت و به شێوه‌ی سالم و ڕاستگۆیانه و یان به شێوه‌ی ناسالم و شاردراوه هێزی خۆی بۆ دابینکردنیان ته‌رخان ده‌کات.
تاکی سڵامه‌ت ریکخراوه‌ی سڵامه‌ت پێک دێـنـێـت. تاکی نه‌خۆش ریکخراوه‌یش نه‌خۆشده‌خات. گرینگ دیتنه‌وه و ته‌عریفکردن و دابین کردنی میکانیزمێکی کراوه و ئاشکرایه بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی نیاز و پێداویسته‌کانی مادی و مه‌عنه‌ویه‌کانی تاکی ناو ریکخراوه‌کانه که مه‌جبوور به‌وه نه‌کرێیت بۆ دابینکردنی پێداویستیه‌کانی خۆ په‌نا بۆ ئاجه‌ندای نهێنی و شاراوه برێت و له کرده‌وه‌دا به دژی ریکخراوه‌که‌ی خۆی هێزی بخاته‌کار. پێش‌گرتن و پراوێز خستنی وه‌دیهێنانی خۆاستوویستی شه‌خسی و تاکه‌که‌سی به ئه‌نقه‌ست بێت یا نائاگا له درێژماوه‌دا مه‌حاڵه. به‌پێچه‌وانه ده‌کرێت له که‌شوهه‌وایه‌کی سالمدا پێشبڕکی پۆزه‌تیڤ بۆ هه‌رچی زیاتر و باشتر وه‌دیهێنانی خۆاستی تاکه‌کان فه‌راهه‌م بکرێت و له‌و ڕێگاوه تاک مه‌جبوور به‌وه نه‌کرێت له خۆاستی شه‌خسی خۆی و خۆاستی ریکخراوه‌که‌ێ یه‌کـێکـیان هه‌ڵبـژێـرێـت یان خۆاستی خۆی پێش خۆاستی ریکخراوه‌که‌ی بخات. ریکخراوه‌که ده‌توانـێـت هاوکات که بۆ ئامانج و پرۆگرامێکی گه‌وره و گشتی تـێده‌کۆشیت به پێ ئیمکانگه‌لێـک که ژیان و کۆمه‌ڵگا له ئیختیاری ناوه حه‌ز و پـێداویستی تاکه‌یش له ناو ریکخراوه و کۆمه‌ڵگادا فه‌راهه‌م بکات.
بۆ نموونه چاو له حیزبه‌سیاسیه‌کانی هه‌موو کوردستان ده‌که‌ی له ڕواله‌تدا ده‌بینی له پڕۆگرام، پێڕه‌و، سیاسه‌ته گشتیه‌کان له ئاست هه‌موو ناوچه‌که که کۆردی لێ ئه‌ژیت و یا له ئاست پارچه‌یه‌کی دیارکراوی کوردستان له به‌ین و له ناو حیزبه‌کاندا لێکچوون و خاڵی هاوبه‌ش یه‌کجار زۆرن. به‌ڵام کاتێک باسی یه‌کگرتنه‌وه، به‌ره‌ی کوردستانی، کونگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌ستراتیژی هاوبه‌شی کورد، هاوکاری و هاوخه‌باتی له به‌رانبه‌ر داگیرکه‌رانی کوردستادا دێیته مه‌یدان له که‌رده‌وه‌دا هه‌موویان ئیفلیجن و به پێچه‌وانه‌ی دروشمی خۆیان هه‌نگاو ئه‌نێن و هه‌موویان خۆیان به بێ خه‌تا و ئه‌وانیتر به خه‌تابار له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
هه‌ر کام له سه‌رکرده‌ی ئه‌م حیزبانه بڕۆنه سه‌ر مه‌نبه‌ر به چه‌ند سه‌عات ده‌توانن نه‌سیحه‌تی خه‌ڵک بکه‌ن وله باسی پێویستی یه‌کگرتوویی هه‌موو کورد زۆر قسه‌ی چاکی که‌م خه‌رج ،له پێشدا که‌م خه‌رج بۆ شه‌خسی خۆی دوایی بۆ ریکخراوه‌که‌ێ، بکه‌ن. کێشه‌که چییه؟ گیروگرفتی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به گه‌شتی و گرفتی کورد به تایبه‌تی، له‌ناوچه‌یه‌کدا که جگه له به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌ستـتـێـوه‌ردانی چوار ڕژیمی داگیرکه‌ر به‌رژه‌وندی و ده‌ستـیـێـوه‌ردانی هه‌موو زه‌لهێزه‌کانی دونیای تێـدایه، زۆر کۆمپله‌کسه و وه‌ڵامێکی ساده و یه‌کلایه‌نه‌ی نییه. لێکۆڵینه‌وه و لێدوان له گوشه‌نیگای جۆراجۆره‌وه زۆر کراوه.
مه‌به‌ست له‌م نووسراوه‌یه (به یارمه‌تی وه‌رگرتن له باسی پسپۆرانی ده‌روونناس) کردنه‌وه په‌نجه‌ریه‌که بۆ ده‌روونی مرۆڤی تاک و تێـڕوانـیـنـێکه بۆ کاریگه‌ری مرۆڤی به «موراد» نه‌گه‌یشتووه له ریکخراوه‌کاندا، حه‌سوودی و به‌خیلیی به‌یه‌ک بردن له ناو و له به‌ێن رێکخراوه‌کاندا و کاردانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی ئه‌م هه‌سته تاڵه له سه‌ر خه‌باتی سته‌م لێچوانه به گشتی و کورد به تایبه‌تی. ئه‌گه‌ر خاڵه گشتیه هاوبه‌شه‌کان و تکا و رجای کۆمه‌ڵانی به‌رینی خه‌ڵکی چوارپارچه‌ی کۆردستان له‌م هه‌له هه‌ڵکه‌وتوو و له‌باره‌دا کارساز نیین ده‌با ئه‌م جاره تۆزێک له داخ و مه‌راقی به موراد نه‌گه‌یشتنی تاکه که‌سه سیاسیه ده‌سڵاتداره‌کانی کورد له په‌نجه‌ره‌ی حه‌سوودی و به‌خیلیی به‌یه‌ک بردنه‌وه سه‌یری کیشه‌کان به‌که‌ێن. زۆرجار تامه‌زرۆی وه‌ک که‌سیتر ژیانبردنه‌سه‌ر ئه‌ونده تێکه‌ڵ به حه‌سوودی بووه که بووه‌ته هـۆی که‌مبایه‌خدان به‌وه‌ی که هه‌مانه وله‌زه‌ت نه‌بردن له ژیان له چوارچێوه‌ی ئه‌و ئیمکانگه‌له ژیان له ئیختیاری ناوین. حه‌سوودی به یه‌کبردن و ره‌قابه‌تێکی نه‌گه‌تیڤ له نێوان ئه‌ندامانی زۆر ریکخراوه‌دا بۆته هۆی لێکترازان و دابڕان و ئه‌نشعابی نابه‌جێ، که دواتر پاساوی سیاسی و ڕێکخراوه‌یه‌ی، تاکتیکی، ده‌ست تێوه‌ردانای دۆژمنان و نه‌یاران و … بۆ دروست ده‌که‌ن. بڕاستی ئه‌گه‌ر مرۆڤه ژیرده‌سته‌کان کیشه‌ی به یه‌کتر حه‌سوودی بردن له‌یه‌کیان نه‌ترازێنی، تێگه‌یشتن و خه‌باتی هاوبه‌ش و یه‌کگرتوو بۆ ئازادی، سه‌ربه‌ستی و رفاه که رۆژانه له نه‌بوونی ئه‌وانه ره‌نج ده‌به‌ن سه‌خته و ده‌ستپــێگه‌یو نییه؟ که‌س هه‌یه نه‌زانی تـێـری باشتره له برسیه‌تی، سه‌ربه‌ستی باشتره له یه‌خسیربوون؟ ئیمه که به‌رهه‌مهێـنه‌ری بژیووی ژیانین و زیاتر له نه‌وه‌دله‌سه‌دی(٩٠%) کۆمه‌ڵگاین تا کێ به دیکتاوربوونی دۆژمنان و نه‌یارانمان دڵداری خۆمان بۆ ناته‌بایی و پرژبڵاوی ناوخۆمان ئه‌دێنه‌وه؟ دوژمنان به هه‌موو جۆره زوڵم و زۆرێک له زۆربه‌ی خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگا باشترین هه‌لومه‌رج بۆ یه‌کیه‌تی و خه‌باتی هاوبه‌شمان فه‌راهم ده‌که‌ن. سه‌ره‌ڕای تێکۆشان و خه‌رجی زۆری دوژمنان بۆ ته‌فره‌قه له بێنماندا بۆمان نییه له‌و بابه‌ته‌وه زیاده‌ڕه‌وی به‌که‌ین و فاکتۆره رۆخێنه‌ره‌کانی ناو خۆمان که‌م بنرخێـنـێـن و یا باسیان نه‌که‌ێن. دیاره مه‌به‌ست ئه‌وه نییه حه‌سوودی وه‌ک ته‌نیا گرفت ده‌ستنیشان کرێت و هه‌موو گرفته پێکهاته‌یی و ستروکتووریه‌کان وه‌ک جیاوازی چینایه‌تی، میللی، مه‌زهه‌بی و… له‌بیر بچنه‌وه. مه‌به‌ست زه‌قکردنه‌وه زه‌ره‌ری بێده‌نگی به ده‌نگی به‌رز قسه‌نه‌کردن بۆ دێتنه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌کی ئاشکرا و دوور له عه‌یب وعار بۆ کیشه‌یه‌کمان که به‌خۆمان بزانین یا نه‌زانین، ددانی پێدابنێن یان نه هێزیکی سروشتی رۆخێنه‌ری که‌م بینراو وکه‌م باسلێکراوه له ناخی مرۆڤدا. به‌تایبه‌ت له دونیای ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تدا.
به‌خیلیی
په‌ندێکی دانمارکی ده‌ڵێت:« ئه‌گه‌ر به‌خیلیی ویرووس بوایه‌ت، هه‌موو که‌س نه‌خۆش ده‌بوون.». کاتێک به‌خیلیی وه‌ک هه‌ستێکی ناچار‌و داسه‌پاوی ناو کۆمه‌ڵگای پێشبڕکێکردن چاو لێ بکرێت، به‌په‌رۆشی بۆ تێگه‌یشتن له چۆنیه‌تی کاریگه‌ری ئه‌و هه‌سته له سه‌رمان و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌رکردنی، جێگای خۆی ئه‌دات به چاوپۆشین و نه‌دیتنی ده‌رئه‌نجامه‌کانی ئه‌وهه‌سته.
زۆبه‌ی ئێمه وا فێرکراوین که مرۆڤی باش به‌خیلیی به که‌س نابات. شک له‌وه‌دا نییه که لایه‌نی ڕه‌ش و ڕووخێنه‌ر له به‌خیلیی بردندا هه‌یه که ده‌توانێت کێشه‌ی گه‌وره له نێوماندا سازکات. زۆر جار له به‌خیلیی بردنی زۆر و مه‌هار نه‌کراودا کار گه‌یشتوه به کوشتنی جسته‌یی یا ئازاردان تا ڕاده‌ی «کۆشتنی ڕۆحی».
یه‌کێک له ڕیشه‌کانی به‌خیلیی له حه‌ز و به تامه‌زرۆبوون بۆ ئه‌و شت و تایبه‌تمه‌ندیانه‌وه که خه‌ڵکی ده‌ورووبه‌رمان هه‌یانه سه‌رچاوه ده‌گرێت. فێر ده‌بین چی شادمان ده‌کات و دایم له تێکۆشانداێن که له ڕیگای به‌ده‌ستهێنانی شته‌ی مادی و مه‌عنه‌ویه‌وه پێداویستیه‌کانمان ده‌سته‌به‌رکه‌ێن و ده‌روونمان ڕازیکه‌ێن ، به‌ڵام لیستی ئه‌و شتانه زۆر دوور و درێژن و قه‌د ته‌واو نابن. کۆمه‌ڵگای مه‌سره‌فی به زۆرتر زه‌قکردنه‌وه‌ی به‌خیلیی، به‌راوردکردن و چاولێگه‌ری له نێوان خه‌ڵکدا ئه‌وپه‌ڕی قازانج وه‌رده‌گرێت و له سه‌ر حه‌سوودی مرۆڤه‌کان سه‌رمایه‌گوزاری ده‌کات.
به‌خیلیی به که‌سانێک هاوته‌مه‌ن و له نزیکی خۆمان (له بنه‌ماڵه، گه‌ڕه‌ک، ڕیکخراوی سیاسی، شوێنی کار و …) ده‌به‌ێن که له کارێکی سیاسی، هونه‌ری، ئابوری، وه‌رزشی و … سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێنابێت و خۆمان له گه‌ڵ ئه‌وان به‌راوورد ده‌که‌ێن. ئه‌گه‌ر دایم خۆمان له گه‌ڵ که‌سانێک که زیاتریان هه‌یه و به نه‌ردیوانی پله و پایه‌دا زیاتر سه‌رکه‌وتن به‌راوورد بکه‌ێن به‌ناچار هه‌ست به دۆخی ناهه‌موار و بنکه‌وتن ده‌که‌ین. ئه‌گه‌ر خواست و داواکاری له سه‌ر خۆمان بۆ به ئه‌نجامگه‌یاندنی کار و سه‌رکه‌وتن زیاده له حه‌د له سه‌ره‌وه بێت ریسکی ئه‌وه که له پله‌وپایه و جێگه‌ی خۆ رازی نه‌بێت زیاتره. که‌سانێ سه‌رکه‌توو و دوور له کار و ژیانمان نه‌ته‌نیا وه‌ک خه‌ته‌ر بۆ خۆمان چاولێ ناکه‌ێن بڵکۆ وه‌ک نموونه‌ی باش و ئایدۆل چاویان لێ ئه‌که‌ین به‌ڵام سه‌رکه‌وتنی که‌سی نزیکی خۆمان بێ هێـز و ئیفلیجمان ده‌کات.
جووت بوون و تێکه‌ڵبوونی دوو دیارده‌ی پێشبڕکێ کردن و حه‌سوودی کردن له‌وانه‌یه له هێـزی پاڵپێوه‌نه‌ری زیندوومانه‌وه که له ناو هه‌موو گیانله‌به‌راندا که به پۆل و کۆمه‌ڵ ده‌ژین ده‌بینرێت و له هه‌موویاندا کێشه و کێبڕکێ له سه‌ر بژیوی ژیان و به ده‌ستهێنانی پله و مه‌قامی سه‌روکایه‌تی تا دروست بوونی هیرارشی ده‌سه‌ڵات سه‌رچاوه بگرێت. له ناو مرۆڤدا کێشه زۆرتر له‌سه‌ر قازانجی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووریه. خۆاستوویست سه‌رچاوی سه‌رکی حه‌سوودیه و پێشبڕکێکردنیش بۆ به دیهێنانی خۆاستوویست شه‌رت و مه‌رجی به‌خیلیی بردن و حه‌سوودی کردنه.
توێژینه‌وه‌ی ژاپۆنیه‌کان له سه‌ر مێشکی مروڤ نیشانی داوه که مروڤ له کاتی حه‌سوودی کردندا به‌شی ئێش له مێشک‌دا چالاک ده‌بێته‌وه و له کاتی زه‌ره‌ر و دۆڕاندنی لایه‌نی به‌رانبه‌ردا به‌شی پاداشت و خه‌ڵاتی مێشک چالاک ده‌بێته‌وه و به قه‌ولی په‌ندی ژاپۆنی «سه‌رنه‌که‌وتنی ئه‌ویتر تامی هه‌نگوین ده‌دات».
له کۆروکۆمه‌ڵی سیاسی و کولتووریدا که به‌خیلیی زاڵ بێت پێش ئه‌وی نه‌زه‌ر و بیروبۆچوون به‌و ئه‌ندازه‌یه که پێویسته باسکرێت و بخرێته به‌رده‌م بیسه‌ران و به‌شداربووانی کۆبۆنه‌وه‌که له‌ڕێوه به چه‌قلی حه‌سوودی که‌شوهه‌وای کۆبۆنه‌وه‌که ئالوده ده‌کرێت و شادی و شه‌وق ده‌کوژرێت و لێکحاڵی نه‌بوون و دوڕدۆنگی به‌ر سه‌ر فه‌زای کۆبوونه‌وه‌که‌دا زاڵده‌کرێت. زۆر جار ئه‌ونده حه‌سوودی خۆمان ئه‌شارێنه‌وه که خۆشمان نازانین چ هێـزێک له ده‌روونماندا پاڵپـێـوه‌نه‌رمانه و ناتوانین به چه‌ند وشه بۆخۆشمانی باس که‌ێن.
: ده‌ڵێت Arthur Schopenhauer
«به دیـتنی سه‌رکه‌وتن و که‌ره‌سته‌ی که‌سیـتر، که‌موکۆڕی و ناته‌واوی خۆمان زۆر تاڵـتـر ده‌بـێـت.»
به به‌راووردکردنی خۆ و که‌رسته‌ی خۆ له گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر جار وایه ده‌کرێت فـێری کارێکی باش و پوزتیڤ ببین و یان به‌پێچه‌وانه بکه‌وینه داوی چه‌رخه‌ی چاولێگه‌ری و پێشبڕکیه‌کی بێ‌کۆتایی. ره‌قابه‌ت له گه‌ڵ ره‌قیب ونه‌یار بۆ ئه‌وه‌ی لانیکه‌م به ئه‌ندازه و به باشی ره‌قیبمان هه‌بێت پرۆسه‌ی پێشچوون وه گه‌ڕده‌خات و ئه‌م جۆره له ره‌قابه‌ت پێویستی به کار‌و تێکۆشانی سه‌خته. موشکل کاتێـیک په‌یدا ده‌بێـت که ره‌قابه‌ت ببـێته هۆی دروستکردنی ئومید بۆ پێشچوون، به‌ڵام ده‌رکه‌وێت که به‌ربه‌ره‌کانی زۆر دژوار‌و نزیک به مه‌حاڵه، ئه‌وکات حه‌سوودی و هه‌ستی تاڵی نابه‌رابه‌ری، سووک بوون و شکان مرۆڤ له خۆیدا نوقم ده‌کات. هه‌سته‌کان ئه‌ونده ناخۆش و تاڵن که مرۆڤ نایه‌وێت به زبانیان بێـنی و باسیان بکات و ناخی خۆیدا دیانشارێته‌وه و پاساوی عه‌قلانی وئه‌رێـنیان بۆ ساز ده‌کات بۆ قه‌ناعه‌ت هێینان به به‌رحه‌ق بوونی خۆی. له کۆمه‌ڵگادا حه‌سوودی ڕه‌وا و به‌جێیش هه‌یه، وه‌ک جیاوازی زۆری ئابوری و کولتووری نێوان فه‌قیر و ده‌وڵه‌مه‌ند، که‌مئه‌ندام و خه‌ڵکیتر، نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست و سه‌رده‌ست، ژن و پیاو، ره‌ش یا سپی پێست، شێعه و سونی، و … که ده‌بێته هۆی کۆبوونه‌وی هێز بۆ گۆڕانکاری بۆ که‌مترکردنه‌وه‌ی نابه‌رابه‌ری ئابوری، کولتووری و …
مرۆڤ بوونه‌وه‌ریکی سوسیال و به‌راووردکاره. کۆمه‌ڵگا و مێدیای مودێڕن خێرا و هه‌مووڕۆژێک و بیرمان دێنێته‌وه خه‌ڵکی ده‌وروبه‌رمان چۆن ئه‌ژین و چی‌یان هه‌یه. به پێ دۆخی ڕۆژانه که مرۆڤ تـێدا به‌سه‌رده‌بات وینه و له‌خۆتێگه‌یشتنی مرۆڤ له‌خۆی له گفتوگۆیه‌کی به‌رده‌وامدایه له گه‌ڵ خۆی. له دیدار له گه‌ڵ خه‌ڵکیتر وینه‌مان له خۆمان له گه‌ڵ چۆنیه‌تی به‌رچاوکه‌وتن و وه‌رگرتن یا وه‌رنه‌گرتن له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه رووبه‌روو ده‌بێته‌وه. که‌سێک که خۆڕێزی باشی بۆ خۆی هه‌بی له به‌راووردکردنی خۆی له گه‌ڵ خه‌ڵک تووشی حه‌سوودی نابێت یان که‌متر تووش ده‌بێث. ده‌توانن له گه‌ڵ جیاوازی خۆیان و خه‌ڵک بژین به بێ ئه‌وه تووشی نگرانی و دڵه‌ڕاوکی بن. به‌راووردکردن لای ئه‌وان کارتێکردنی نێگه‌تیڤی نییه.
حه‌سوودی له کۆڵه‌پشتی ژێـنـێـتـیـکـی مرۆڤـــدا !
وه‌ک مرۆڤ له گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک مه‌رج و هه‌ڵکه‌وت بۆهه‌سته‌کانمان که موتـۆرو وه‌گه‌ڕخه‌ری ره‌فـتارکردنمانن له دایه‌ک ده‌بـێـن. وادیاره حه‌سوودی یه‌کێـک له هه‌سته بنچینه‌یی و سه‌ره‌کییه‌کان بێت چوون هه‌ر له سه‌ره‌تای منداڵیمانه‌وه به‌رچاو ئه‌که‌وێـت. له هه‌موو زبانێکدا وه‌شه‌یه‌ک بۆ حه‌سوودی هه‌یه. لێکۆڵه‌ره‌وکانی ته‌کاموڵ (Evalution) پێیانوایه که حه‌سوودی مه‌رج و ئیمکانێکی سه‌ره‌کی بووه بۆ زیندوومان له کاتی پێشبڕکی له سه‌ر خۆراک و بژیوی ژیاندا. له کۆمه‌ڵگای ئێستادا به هاتنی و دروستکردنی ئه‌و هه‌موو پێداویستیانه‌ی ژیان ریسکی ئه‌وه زۆره که حه‌سوودی ببێت به کۆسپێکی گه‌وره‌ی ژیان چوون خه‌ریکه له به‌راووردکردنی رۆژانه‌دا نقومده‌بین و حه‌تمییه که له ژماره‌یه‌کی
به‌رچاو له‌و به‌راووردکردنانه‌دا بنده‌که‌وین و له دۆخێکی ناهه‌مواردا به‌سه‌رده‌به‌ێن.
چۆن مامه‌ڵه له گه‌ڵ حه‌سوودی ده‌کرێت !
کاتێک مرۆڤ ده‌ستی له کۆچه‌ربوون هه‌ڵگرت و نیشته‌جێبوو و ده‌ستی به کشتوکاڵی کرد، هه‌ندێک که‌س به هۆی جۆراجۆره‌وه له به‌رهه‌مهێناندا سه‌رکه‌وتووتر بوون، له گه‌ڵ یه‌کتر به‌راووردکردن ده‌ستی پێ‌کرد. پێشتر بیروباوڕی مه‌زه‌هه‌بی ده‌ورێکی گرینگی له یارمه‌تیگه‌یاندن به خه‌ڵک بۆ چونیه‌تی مامه‌ڵه‌کردن له گه‌ڵ ئه‌و نابه‌رابه‌ریه زه‌ق و ئاشکرایانه‌دا ئه‌گـێـڕا. ئه‌گه‌ر که‌سێک سه‌رکه‌وتوو نه‌بوایه‌ت یا له به‌رچاو خودا که‌وته‌بوو یا رۆحی باوباپیرانی خۆی تووڕه کرده‌بوو و یا به‌ر «چاوی پیس» که‌وته‌بوو. مه‌سیحیه‌ت و دینه‌کانیتر تێده‌کۆشان به یارمه‌تی وه‌سفکردنی به‌هه‌شت، که له‌وی هه‌موو نابه‌رابه‌ریه‌کان له‌ناو ده‌برێـن، هێزو وزه‌ی حه‌سوودی که‌م که‌نه‌وه. ریوایه‌ته‌کانیان له سه‌ر دڵنه‌وایی و پاداشدانه‌وه له‌و دونیا بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی نابه‌رابه‌ریه‌کانی ئه‌م دونیا بۆ ماوه‌ی دوور و درێژ له سه‌ر نه‌سلگه‌لێکی زۆر کاریگه‌ری هه‌بووه. مارکسیسم مه‌زه‌هه‌ب و دینی وه‌ک ئه‌فیون(تریاک) بۆخه‌ڵک باسکرد چوون دینه‌کان پاساو و تۆجیه ئاسمانیان بۆ نابه‌رابه‌ریه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا ده‌هێنایه‌وه. تـێـبـیـنـیـکی دروسته، هه‌ر چه‌ند مارکسیسم مه‌زهه‌ب و دینی له کـۆڵخـۆیـکرده‌وه به‌ڵام له به‌دیهـێـنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌رابه‌ر به بێ به‌راووردکردن و به بێ هێزی رووخێنه‌ری حه‌سوودی تا ئێستا سه‌رکه‌توو نه‌بووه. کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریش کێـبڕکی و حه‌سوودی وه‌ک هێزی پاڵپێـوه‌نه‌ری گرینگ چاو لێده‌کات که ده‌بنه هۆی کۆشش، به ئه‌نجامگه‌یاندنی، کڕین و سه‌رفکردنی زیاتر و زیاتر.
له‌و وڵاتانه‌ی که سوسیالدیموکراته‌کان ده‌وله‌تی ره‌فاهیان پێکهێناوه تێکۆشاون به دانانی ماڵیاتی زۆر تا ڕاده‌یه‌ک جیاوازی چینایه‌تی نێوان فه‌قیر و ده‌ڵه‌مه‌ند که‌م بکه‌نه‌وه و باسی «یه‌کسانی» ده‌که‌ن و له ئامریکا باسی «عه‌داله‌ت» ده‌که‌ن. له هه‌ر دوولا ته‌نگده‌ستان نه‌یان توانیوه خۆیان ڕێکخه‌ن و سیستم ده‌سه‌ڵات و دابه‌شکردنی داهات به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو بگۆڕن. له ئامریکا ده‌گوترێیت هه‌ر که‌س بێه‌وێت ده‌توانێت ببێت به میلیونه‌ر ته‌نیا به مه‌رجی زۆرکارکردن و هه‌موو که‌س یه‌کسان له دایه‌ک ده‌بێت به‌ڵام دواتر ڕاگرتنی ئه‌و یه‌کسانییه ته‌نیا پێوه‌ندی به کار و تێکۆشانی سه‌ختی تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگاوه هه‌یه و هیچیتر. به پێ ئه‌م بۆچوونه منداڵێک که له گه‌ڕه‌کی هه‌ژارنشین و منداڵێک که له گه‌ڕه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندان له دایک ده‌بێت مه‌رجی سه‌رکه‌وتنیان له ژیاندا وه‌ک یه‌که!!
ئاماری هه‌مه‌لایه‌نه و به‌ربڵاو له به‌شی زۆری دونیا نیشان ده‌دات که میزانی نیگه‌رانی، توندوتیژی و نه‌خۆشی له وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ند به جیاوازی داهاتی زۆره‌وه له نێوان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگادا زۆر زیاتره له وڵاتانێک به جیاوازی داهاتی که‌متره‌وه. ده‌وڵه‌مه‌ندی تا ڕاده‌یه‌ک ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ری خۆشبه‌ختی مرۆڤ بێت، به‌ڵام کاتێک که پێداویستیه ئه‌ساسیه‌کانی مرۆڤ ده‌ستبه‌رکران فاکتۆرگه‌لێکیتر ده‌ور و ڕۆڵی زۆر گرینگ‌یان ده‌بێت.
به‌راووردکردن له نێوان چین و تویژه‌کان له کۆمه‌ڵگادا وه‌ک هێزێکی قه‌وی پاڵپێوه‌نه‌ره بۆ گه‌یشتن به خۆاستی ژیرده‌ستان. مرۆڤ له‌وه‌ی که هه‌یه‌تی ڕازی نییه و ژیانکردن وه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ندان هانیده‌دات بۆ کار و تێکۆشانی زیاتر بۆ گه‌یشتن به خۆشبه‌ختی و قانع و رازی بوون.
له دونیای ڕۆژئاو و ئابوری بازاڕی ئازاد‌دا له حه‌سوودی و پێشبڕکی وه‌ک دوو دیارده‌ی جیاواز باس ده‌کرێت، حه‌سوودی وه‌ک دیارده‌یه‌کی نێگه‌تیڤ و پێشبڕکی وه‌ک دیارده‌یه‌کی پوزه‌تیڤ هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت و هانده‌درێت. له حاڵێکدا حه‌سوودی ئاکامی ڕاسته‌وخۆی پێشبڕکی و به‌راووردکردنه. ئێستا له کۆمه‌ڵگایه‌کی دینامیکدا ده‌ژین و دایم به‌ره‌ورووی مرۆڤ به هه‌له‌مه‌رجی جیاواز ده‌بینه‌وه و زۆر خیراتر کارتێکه‌ری له سه‌ر گۆڕینی ژیانمان هه‌یه. له ڕیگای میدیاوه دایم وینه‌ی تازه له ستایلی ژیانیتر ده‌بینین و هه‌ستی حه‌سوودی له ده‌روونماندا وه‌خه‌به‌ر دێت که زۆر جار ده‌بنه هۆی پێشکه‌وتنمان به‌ڵام ریسکی توش بوون به سترسی شێوی ژیان له گه‌ڵ خۆی پـێـیـه بۆمان. ده‌سکه‌وتی وڵاتانی پێشکه‌وتوو بریتین له زیاد و زۆر بوونی ده‌وڵه‌مه‌ندی، ده‌ستڕه‌سی به بژیوی ژیانی زۆر، زانست، که‌ره‌سته و کاڵای سه‌رفکردن، هێمنی و ئارامی و دڵنیایی فیزیکی، عومری درێژ و … به‌ڵام ئه‌م پێشکه‌وتن و ده‌سکه‌وتانه هاوکات چونه‌سه‌ری سترسی ستاتوس و پله وپایه له لای شارومه‌ندان و دڵه‌ڕاوکێ و نیگه‌رانی بۆ داهات و توانایی و کارلێهاتووی زیادتر ده‌کات.
پێشبڕکی
له سه‌ره‌تادا پێشبڕکی له سه‌ر پێشخستنی توانایی مرۆڤ بۆ هاوکاری یه‌کتر و به بێ دژایه‌تی له گه‌ڵ یه‌کتر بۆ پاراستنی جێگای و پێداویستیه‌کانی خۆی بوو، که ده‌کرێت وه‌ک کاروچالاکی مرۆڤ بۆ زیندوومانه‌وه چاولێ بکرێت. ئێستا پێشبڕکی له ڕاستیدا وه‌ک ره‌قیبایه‌تیه‌کی دژ به یه‌کتروه‌ستانه‌وه و نه‌یارێه‌تی پێناسه‌ده‌کرێت. ده‌وڵه‌مه‌ندنی له کۆمه‌ڵگای پێشبڕکیدا نه ته‌نیا رازیمان ناکات بڵکۆ هانده‌رمانه بۆ شتومه‌ک و کاڵای زۆرتر، ستاتوس و پله‌وپایه‌ی زۆرتر و پوڵ و پاره‌ی زۆرتر.
: ده‌ڵێت Alain Botton
«ته‌نیا کاتێک پێمان وایه خۆشبه‌ختین که به ئه‌ندازه‌ی یا زۆرتر له‌و مروڤانه‌ی که پێکه‌وه گه‌وره بوین، پیکه‌وه کارمان کردووه، دۆستمانن و له گۆڕه‌پانی ره‌سمیدا خۆمان له گه‌ڵیان ده‌ناسینه‌وه سه‌روتمان هه‌بێت.»
: هاوکیشه یان موعادله‌یه‌کی داناوه که بریتیه له William James
ڕێزله‌خۆنان به‌رابه‌ره له گه‌ڵ میزانی پێشکه‌وتن، دابه‌شکراو(ته‌قسیم) به سه‌ر میزانی چاوه‌ڕوانی. یانی کاتیک میزانی چاوه‌ڕوانی ده‌ڕواته‌سه‌ر مرۆف ناچاره پێشکه‌وتنی زیاتر به‌ده‌ست بێـنی تا بگات به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی پێشوو له ڕێزله‌خۆنان. (ڕێزله‌خۆنان = پێشکه‌وتن | چاوه‌ڕوانی)
Richard H Smith ده‌ڵێت «ئه‌و قه‌یرانه ئابوریه که ساڵی ٢٠٠٨ دونیای گرته‌وه ده‌کرێیت به هۆی حه‌سوودی سه‌رمایه‌داره ریسککه‌ره‌کانه‌وه بێت چوون دیانه‌ویست له شه‌رمی «ته‌نیا» میلیونه‌ربوونی دولار خۆ ڕزگار که‌ن».
له دونیایه‌کدا که هه‌موو که‌س دوژمنی یه‌کترن، سه‌رئه‌نجام ترس ده‌بێت به ته‌نیا خاڵی هاوبه‌شیان.
فـیـمـیـنـیـسم و حه‌سوودی
ژنان زۆر سوپاسگۆزاری جوڵانه‌ی ژنان له سه‌د ساڵی ڕابردوودان که هه‌لومه‌رجی کار و ژیانی به قازانجی ژنان له کۆمه‌ڵگای پیاوسالاردا گۆڕیوه. جۆڵانه‌وی ژنانیش دایم له گه‌ڵ خه‌بات و ململانێ تازه‌دا به‌ره‌وروو ده‌بنه‌وه. حسه‌وودی بردنی ژنان به یه‌کتر یه‌کێک له گرفته گرینگه‌کانه که به ده‌نگی به‌رز له‌سه‌ری قسه‌وباس ناکرێت. له هه‌مان کاتدا زۆر ژنی باشیش هه‌ن له شوینی کار و ژیاندا به دڵـئـاواڵه‌یی ته‌واوه‌وه یارمه‌تی و پشتیوانی ژنانی هاوخه‌بات و هاوکاریان ئه‌ده‌ن و به‌ڕاستی به پێشکه‌وتنی هاوکارانیان شادن. له سه‌ر حه‌سوودی ژنان به‌یه‌کتر تئـۆری جۆراجۆر هه‌یه. زۆر لایه‌ن پێیانوایه که له وڵاتانی پێشکه‌وتوودا حه‌سوودی ناخۆی ژنان گرفت و کۆسێکی گه‌وره‌تره له‌و کۆسپانه‌ی که له لایه‌ن پیاوانه‌وه له به‌ر پێ پێشکه‌وتنی ژنان داده‌نرێت. له‌م گرفته‌ێـش به ئاشکرا باس ناکرێـت.
حه‌سوودی پیاو
زۆر پێش ئه‌وه پیاو بێت ناو بازاری کاره‌وه پێشبـڕکی به‌شێکی ته‌بیعی و ئاساییه له ژیانیدا. کۆڕان له کایه و گه‌مه‌ی جۆراجۆردا پێشبڕکی ده‌که‌ن ، بردنه‌وه پله‌وپایه‌یان پێ ده‌دات وپێشبڕکی وه‌ک شتێکی نه‌گه‌تیڤ چاولێناگیرێت. له جه‌وانیدا به وه‌رزشکردن پێکه‌وه‌نانی ماسولکه ده‌یانه‌وێت به پله‌وپایه و ده‌سه‌ڵات به‌گه‌ن و له گه‌وره‌ساڵیدا به ده‌ستهێنانی پوڵ‌و پاره. پیاو زوو فـێـر ده‌بێت که جێگه‌وپێگه و مه‌قامیک بۆخۆی په‌یدا بکات. وه‌رزش، شیرکه‌تی سه‌نعه‌تی و تجاری و سیاسه‌ت سێ مه‌یدانی گرینگ و گه‌وره‌ی پیاوانه بۆ پێشبڕکیکردن تـێـیاندا. حه‌سوودی وه‌ک خاڵی لاواز چاولـێـئه‌کرێت و پیاو به هه‌موو جۆرێک تـێـئه‌کۆشێـت خۆی له‌و لاوازیه لادات، له‌به‌ر ئه‌وه حه‌سوودی خۆیان وه‌ک پێشبرکی و شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات ده‌رده‌بڕن. به‌و جۆره حه‌سوودی ده‌خرێـته نـێو پاکه‌تێـک و قابیلی قبۆل ده‌خرێته به‌رچاو. زۆر به کورتی ده‌کرێت به‌وترێت که سێ شت حه‌سوودی پیاو وه‌خه‌به‌ر دێـنن، ژن، پله‌وپایه له کاریاردا و پوڵ. به‌رچاوکه‌وتن و له ناوه‌نددابوون بۆ ڕاکێشانی سه‌رنجی خه‌ڵک بۆ لای خۆ زۆر لای پیاو گرینگی هه‌یه. پیاو سه‌رنج ده‌دات بزانێـت چی له لای که‌سیتر باش پـێـش ده‌چێـت و تـێـئه‌کۆشێت وه‌ک ئه‌وان بکات و له‌وانیش پێـش که‌وێت. به‌م شێوه‌یه حه‌سوودی ده‌بێت به هانده‌ر بۆ پێشبڕکێ به‌تایبه‌ت کاتێک که پێیان وابێت که شانسی سه‌رکه‌وتن هه‌یه. کاتێک که گه‌یشتن و به‌ده‌ستهێـنانی سه‌رکه‌وتنی وه‌ک که‌سیترغیره مومکین به نه‌زه‌ر بگات به‌رچه‌سپی خراپ به‌و که‌سه‌وه وا به‌خیلیی پێ ده‌برێت ده‌چه‌سپێنن و به شێوه‌ی جۆراجۆر به‌رپه‌رچدانه‌وه و ره‌تکردنه‌وی لایه‌نی سه‌رکه‌توو ده‌ست پێ ئه‌کات تا دۆڕاوی خۆیان هه‌ست پـێـنه‌که‌ن و وابنوێـنن که ئه‌وان له ئاست و جـێگایه‌کیـتردا کایه ده‌که‌ن. پیاو له هه‌ست و ئاکامی ده‌سه‌ڵات له‌زه‌ت ده‌بات. ده‌سه‌ڵاتدار بوونیش که‌وتنه به‌ر به‌خیلیی پـێـبردنی خه‌ڵکیتره له گه‌ڵ خۆی دێـنـێـت.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت، چۆن له حه‌سوودی ڕزگارمان ده‌بێت!
کێ حه‌سوود ده‌بێت و کێ حه‌سوود نابێت؟ هه‌موو که‌س که‌م یان زۆر به جۆرێک حه‌سوودی ته‌جروبه کردووه. چی ده‌بێـته هۆی ئه‌وه هه‌ندێک که‌س وا به تووندی و به قورسی تـێوه‌ده‌گلـێن؟ حه‌سوودی له‌وانه‌یه ئه‌و هه‌سته بێت که ئێمه که‌متر ده‌مانه‌وێت پـێوه‌بناسرێـنه‌وه هه‌ر بۆیه زۆر دژواره که لێی بکۆڵینه‌وه. که‌سی حه‌سوود زۆره، به‌ڵام به خۆیان نازانن که بوون به قوربانی حه‌سوودی. بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵک حه‌سوودی شتـێـک نیـیه که زۆر بیری لێ به‌که‌نه‌وه، بۆ که‌سانێـکیـتر هـێـزێکی پاڵپـێوه‌نه‌ری ڕه‌شی بنکه‌وتووه که به‌جۆرێک له گه‌ڵی ده‌به‌نه‌سه‌ر، بۆ که‌سانـێکیـش ده‌بـێـته هۆی ئه‌شکه‌نجه‌ی دایمی له ده‌روونیاندا. به‌رده‌وام خۆیان به پێشکه‌وتنی که‌سیتر ئازار ده‌ده‌ن و هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن که ناهه‌قیان لێکراوه. ئایا ده‌کرێت به هۆی حه‌سوودی ده‌ورانی منداڵیه‌وه ئه‌و جۆره که‌سانه هه‌ست به زوڵملـێچوون و ناهه‌قی بکه‌ن؟ یان به هۆی هه‌ستی ماندوویی نه‌ناسی پێشبڕکی ده‌رونیان بۆ پێش هه‌موو که‌س که‌وتن سه‌رچاوه بگرێت؟ یان به هۆی ئه‌وه‌ۆ بێت که له سه‌ره‌تای ژیانیاندا به جۆری پێویست موحه‌به‌ت و خۆشه‌ویستیان پێ نه‌بخشرابێت و به‌رچاو نه‌بووبن که بووه‌ته هۆی ناره‌زایه‌تیکی به‌رده‌وام و پێـیان وابێـت که خه‌ڵکیتر زیاتر یارمه‌تیدروان و ژیانیان باشتر و خۆشتره؟
ئه‌گه‌ر پێمانوابێت که توانایی ئه‌وه‌مان هه‌یه که ئاره‌زووکانمان بێـنـیـنه‌دی و پرۆژه‌کانمان جێبه‌جێ بکه‌ین له داوی حه‌سوودی نێگه‌تیڤ ناکه‌وین. که‌سانێک که باوڕیان به خۆیان هه‌یه و ده‌توانن وه‌ک ئه‌و که‌سانه‌ی وا خۆیان له گه‌ڵیان به‌راوورد ده‌که‌ن ئه‌وی ده‌یانهه‌وێت به ئه‌نجامی بگه‌یه‌نن، ئاسانتر ده‌توانن له گه‌ڵ هه‌ستی حه‌سوودی خۆیان مامه‌ڵه بکه‌ن. به‌ڵام که‌سانێک که هه‌ست ده‌که‌ن له کاریاریاندا به بنبه‌ست گه‌یشتوون و نه‌یانتوانیوه خه‌ونه‌کانی خۆیان بێننه‌دی ریسکی ئه‌وه‌ی بکه‌ونه گه‌ردوونه‌ی حه‌سوودی زیاتـره. حه‌سوودی ده‌کرێت وه‌ک پاراستن و به‌رگری له خۆ، بۆ ته‌وجیه کردن‌و دڵخۆشی خـۆدانه‌وه له به‌رابه‌ر به‌ڕاستی و به جیددی تـێـهه‌ڵ نــــه‌چوون بۆ وه‌دیهـێـنانی خه‌ون و ئاره‌زووکانی ژیان به کار بهـێـنـرێت. چوون حه‌سوودی به خه‌ڵک بردن له ترسودڵه‌ڕاوکێ سه‌رنــه‌که‌وتن بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی پـێداویستیه گرینگه‌کانی ژیان زۆر ئاسانتره . باوڕبه‌خۆ نه‌بوون ده‌بـێـته هۆی دوچاربوونی مرۆڤ به به‌راووردکردنی زیاتری خۆێ له گه‌ڵ خه‌لکی ده‌ورووبه‌ر و زه‌مینه‌خۆشکه‌ری حه‌سوودی، شه‌رم به‌خۆکردن، خه‌مخواردن به لێـنه‌هاتوویی و بێـنرخی و بنکه‌وتنیخۆ و ئه‌فسورده‌گی. ئاکامی ئه‌و جۆره هه‌ستانه‌ش له کاری هاوبه‌ش و ڕێکخراوه‌ییدا ده‌بێت به ته‌گه‌ره خستنی به‌رپێ ئه‌و که‌سانه حه‌سوودیان پێ ده‌برێت، دیاره به شێوه‌یه‌کی شاراوه و به ده‌لیل و بورهانی «عه‌قلانیه‌وه».
هه‌ستی خاوه‌نماف و به‌رحه‌ق بوون
به‌خێوکردنی منداڵ له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانه‌وه ده‌بێته هۆی دروستبوونی هه‌ستی پۆزه‌تیڤی حه‌قی که‌وتنه ژێرچاوه‌دێـری و ئاگالێـبوون له ناو که‌سایه‌تی تاکدا. که‌مکه‌م فێر ده‌بین بۆ به‌ده‌ستهێـنانی پێداویستی و بژیوی ژیان ده‌بی تـێـبکۆشین و زه‌حمه‌ت به خۆمان بده‌ێـن. هه‌ندێکه‌س ئه‌و هه‌سته لایان دروست ده‌بـێـت که به بێ زه‌حمه‌تی زۆر هه‌ر وه‌ک ده‌ورانی منداڵی ده‌بێ خزمه‌ت بکرێـن. مرۆڤ به بێ هه‌وڵ و تێکۆشانی زۆر ناگات به‌و پله‌وپایه و یا به‌رزنرخاندنی له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه که ئاره‌زۆی ده‌کات له ژیانیدا. کاتـێک هه‌ستـێکی تـێکه‌ڵ له به‌رحه‌قبوون ومافداری له لایه‌ک و که‌م بووونی ئومێدوهیوا به‌وه‌ی که خۆی توانایی ئه‌وه‌ی هه‌بی که پێداویستیه گرینگه مادی و مه‌عنه‌ویه‌کانی ژیانی که حه‌زی لێیه‌تی فه‌راهه‌م بکات له لایه‌کیتر تێکه‌ڵ ده‌بن زه‌مینه بۆ حه‌سوودی رۆخێـنه‌ر سازده‌بێت. هۆی سه‌رنه‌که‌وتن و مورتاح نه‌بوونی خۆمان له سه‌ر شانی خه‌ڵکیـتر دائه‌نێـن. هه‌ستی ناهه‌قی و بێـدادی له ناخماندا ریشه ده‌کوتـێت و مه‌یل و گه‌رایش به ئاوه‌ژوو دیتنی دونیا، که له‌وانه‌یه هه‌ست به سووکایه‌تی بکه‌ێن، هه‌ڵمانـلووشێـت. حه‌سوودی به نۆبه‌ی خۆی سوته‌مه‌نی ده‌دات به هه‌ستی به ناهه‌ق مامه‌ڵه له‌گه‌ڵکراو و سووکچاولـێکراو، چوون سه‌رکه‌وتنی خه‌ڵکیتر بوه‌ته هۆی ئه‌وه هه‌ست به به‌دبه‌ختی بکه‌ێن. وه‌ک حه‌ز و ئاره‌زوو مافی هه‌موو مرۆڤێکه ژیانێکی دادوه‌رانه و نیسبه‌ته‌ن به‌رابه‌ر. به‌ڵام هیچ نیشانه‌یه‌ک له‌وه‌ی که ژیان عادڵانه ده‌ستپێ ئه‌کات و ته‌واو ده‌بێت به‌رچاو نه‌که‌وتووه و تا داهاتویه‌کی نادیار به‌رچاوناکه‌وێت. له ماوه‌ی کورتی ژیاندا به کونتڕۆڵ کردنی حه‌سوودی خۆمان ده‌کرێت ژیان ئه‌و جۆره‌ی که هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی و … پێمانده‌دات نه ته‌نیا ناخۆشتر نه‌که‌ێن به‌پێچه‌وانه تا ڕاده‌ی مومکین باشتر و خۆشتری بکه‌ێن.
کینه و رقی ده‌روون
به‌خیلیی قووڵ واده‌کات ویستی له‌ناوبردنی ئه‌وه‌ی خه‌ڵکیتر هه‌یانه و یا ده‌یانبێت له ناخماندا بڕوێت.
توانایی خه‌م خواردن بۆ ئه‌و شت و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی که نیمانه و توانایی سوپاسمه‌ند بوون بۆ ئه‌و شت و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی که هه‌مانه شێوه‌یه‌کی گرینگه بۆ پاراستنی خۆ له گرفتار بوون به هه‌ستی رۆخێنه‌ری حه‌سوودی. که‌سانێک که هه‌ست ده‌که‌ن به هۆی وردوژیر نه‌بوونه‌وه خراپ له گه‌ڵیان ره‌فتار ده‌کرێت و رق و تووڕه‌یی به‌رانبه‌ر به ناحه‌قیه‌کانی ژیان له ده‌روونیاندایه سه‌رهه‌ڵده‌دات، ناڕازی ده‌بن و ریسکی که‌وتنه داوی حه‌سوودیان زۆره. حه‌سوودی بردنی قووڵ وه‌ک ئه‌وه دێته پێش چاو که منداڵێکی شکێندراو و سووکایه‌تی پێکراو له ناخی مروڤێکی گه‌وره‌دا توڕه‌یی خۆی له‌و رفتاره رۆخێنه‌ر، به‌رانبه‌ر به که‌سێک که حه‌سوودی پێ ئکات ده‌رده‌بڕێت و تۆڵه‌ی گرفت و سه‌ختیه‌کانی ژیانی خۆی له‌و که‌س یا که‌سانه ده‌کاته‌وه.
توانایی ڕازی و قانع بوون
هیچ له‌وه گرینگـتر نییه که له ناخت‌دا به‌وه بگه‌ێ که به ژیان دڵخۆش بێت و رازی بیت به‌وه‌ی که هه‌ته و به‌وه‌ی که ده‌تـوانـیـت به‌ده‌سـتـیان بێـنی. به‌ڵام وابه‌ئاسانی نییه گه‌یشتن به‌و قه‌ناعه‌ته. چی ده‌توانێت مرۆڤ والێ بکات که هه‌ست به رازیبوون و سوپاسمه‌ند بوون له لای دروست ببێت؟ به ئیحتیمالی زۆر ڕیشه‌ی ئه‌مه له ده‌ورانی منداڵـیدایـه، ئه‌گه‌ر ئاگایان لێ بووبێـت و پـێداویسـتـیه‌کانی ته‌ئمـین کرابـێـت، هه‌ست به تواناییه‌کانی خۆ و ئه‌من ئارامیـیه‌ک له ده‌روونیـدا دروست ده‌بـێـت و له‌و فرسه‌تانه‌ی ژیان ده‌ێـداتی بۆ خۆشی و چێژ له ژیان وه‌رگرتن که‌ڵک وه‌رئه‌گرێت. توانایی ئه‌وی که قبوڵکرێت له‌وانه‌یه هه‌موو شتـێک وه‌رنه‌گریت و نه‌توانی ببـیـت به سه‌رکه‌وتووترین که‌سی دونیا ده‌ورێکی سه‌رکه‌ی ده‌گـێـڕێـت. کاتێک مرۆڤ له خۆی رازی بێت، ته‌نانه‌ت کاتێک که له هه‌موو بوارێـکدا ته‌واو و بێخه‌وش نییه، زۆر ئاسانتر ده‌توانێت له فیکر و بیری ڕوخێنه‌ری حه‌سوودی خۆ لابدات. ئه‌گه‌ر له منداڵی‌دا فێری ئه‌وه کرابین که پێویست ناکات له هه‌موو شتـێـکدا وه‌ک براوخوشکه‌کانمان و که‌سانی نزیکمان بین تا لای دایکوباوکمان و خزم و دۆستان خۆشه‌ویست بین، و ده‌ربڕینی هه‌ستی خۆشه‌ویستی دایک‌وباوک و که‌سوکار شێوه‌ی جۆراجۆری هه‌یه، بناخه‌یه‌کی باش و پته‌ومان ده‌بـێت که له سه‌ری ڕاوه‌ستین.
ته‌حه‌مه‌ل کردنی جیاوازیه‌کان
تایبه‌تمه‌ندیه‌کی گرینگ بۆ ڕاوستان له به‌رانبه‌ر حه‌سوودیدا توانایی ته‌حه‌مولی جیاوازیه‌کانه. ئه‌گه‌ر پێویستمان به عه‌داله‌تی به مـیـلـیـمـتـر نه‌بێت و پـێمانوابـێـت که مرۆڤه‌کان هه‌لومه‌رجی جیاوازیان هه‌یه، شانس و ئیمکانی زۆرترمان ده‌بێت له خۆمان و ژیانمان رازی بین و به پێشکه‌وتنی خه‌ڵکیتر خۆشحال بین به بێ ئه‌وه‌ی بکه‌وینه داوێـنی حه‌سوودی و که‌م ڕێـزی بۆ خۆمان. له‌وانه‌یه پێویست نه‌کات دایم خۆمان له گه‌ڵ که‌سیتر به‌راورد بکه‌ێـن، به‌ڵکو ده‌توانین به‌راووردێـکی ده‌روونی له گه‌ڵ خۆمان بکه‌ێن.
کراوه‌بوون و ئـاشکرابـێـژی، حه‌سوودی ده‌کات به هێـزێکی پوزه‌تیڤ و پاڵـپـێـوه‌نه‌ر
حه‌سوودی هه‌ستێکی ده‌ردهاوه‌ر و ناخۆشه و زۆر که‌س پێـیان خۆشه حه‌سوودی بردن له خۆیان دووربه‌خه‌نه‌وه هه‌ر چه‌ند ئه‌وه به‌و مانایه نیـیه که حه‌سوودی له به‌ێــنده‌چێت، به‌پـێچه‌وانه کاریگه‌ری له‌سه‌رمان هه‌یه به بێ ئه‌وه کونـترۆڵمان له سه‌ری هه‌بێ. حه‌سوودی خۆی له جلوبه‌رگی هه‌ستـیـتـروه ئه‌پـێـچـێـت. ئاسایی‌ترین و باوترینی ئه‌و جلـوبه‌رگانه وانیشاندانه که به هـۆی ناهه‌قـیکردنه‌وه له که‌سێـک تووڕه‌ێـن. کاتـێـک تـێـئـه‌کۆشین که حه‌سوودیمان داشارین و یا وه‌ک شـتـێـکی عه‌قلانی و به‌رحه‌ق بـێـخـێـنـه به‌رچاو، دواتر له دۆخی جۆراجۆری ژیاندا به‌رۆکمان ده‌گرێت گرفتارمان ده‌کات. بۆیه زۆر باشتـره که کاتـێـک هه‌ستی حه‌سوودیمان روو له سه‌رهه‌ڵدانه له ناخماندا بـیسه‌لمـێـنـیـن و ددانی پیا نـێـن. کاتێک مرۆڤ خاوه‌نداری له حه‌سوودی خۆی بکات ئاسانـتر ده‌توانـێـت سنوورداری بکات و له سه‌ر وه‌زعه‌که بیر بکاته‌وه. له باشتری حاڵه‌تـدا ده‌کرێـت حه‌سوودیه‌که وه‌ک فاکتۆریکی هـۆبـۆدۆزینه‌وه به‌کار بهێـنـرێـت بـۆ هه‌موارکردنی دۆخه‌که و که‌م کردنه‌وه‌ی باری رووخێـنه‌ری حه‌سوودی، به ته‌نیا یان به یارمه‌تی که‌سی لێزان و پسپۆڕ. کراوه و ئاشکرا له سه‌ر حه‌سوودی قسه‌کردن، حه‌سوودیه‌که ده‌کات به هێزێکی نـــایـــابـــی پاڵـپـێـونه‌ر بۆ به‌جۆش وخرۆش که‌وتن بۆ تاقـیکردنـه‌وه‌ی شتی تازه و زیاتر له ژیاندا. که‌سێک که ئیجازه به خۆی بدات به ئاشکرا باسی هه‌ستی حه‌سودی خۆی بکات هه‌لومه‌رجـێکی باشتر بۆ خۆی ئه‌ڕه‌خسێـنـێـت که ئه‌و هه‌سته وه‌ک هـێـزیکی هه‌ڵخرێـنه‌ر بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌و شتانه‌ی که‌سیتر وا حه‌زی لێیه به کار بێنێت، که ده‌بێته هۆی رووداوی باش بۆ به‌دیهێـنانی خۆ و له ئاکامدا حه‌سوودی بردن لای که‌مده‌بـێـته‌وه یا ته‌واو ده‌بێت. به قه‌ولی په‌ندێک : « حه‌سوودی سادیـقـانـه‌تـریـن و ڕاستگۆیانه‌تـرین شێوه‌ی قـبوڵکردن و ددانـپـیـانـانـه».
حه‌سوودی چۆن خۆی نیشان ده‌دات
به قه‌ولی Else-Brit Kjellqvist «هه‌رکات دوای وتوێژێک له گه‌ڵ که‌سێکیتر هه‌ستت به که‌م بوون ، له‌که‌داربوون، وشکبوون، په‌رێشان بوون، تووڕه‌بوون، سه‌رلێشێواوبوون، بارگرانبوون، مات ودڵگیراوبوون، تێکچوون و که‌وتنه‌روو وله قاودراو بوونت کرد و ده‌ته‌وێت بزانی چ قه‌وماو له‌وانه‌یه به سه‌می حه‌سوودی ژه‌هراوی بووبیت. »
چۆن مامه‌ڵه له گه‌ڵ حه‌سوودی خۆمان ده‌که‌ێن؟
چوون نۆرمێک هه‌یه که پێمان ده‌ڵێت نابێ حه‌سوودی به‌که‌ێن، به‌زۆریی حه‌سوودی خۆمان وا ئه‌پێچینه‌وه و له‌پاکه‌تی ئه‌گرین که لێ تـێگه‌یشـثـنی هـۆی حه‌سوودیه‌که له کۆڵخۆمان به‌کـێـنه‌وه و یان له پشت شتگه‌لـێکی به ڕواله‌ت عه‌قلانییه‌وه ده‌یانشارینه‌وه و له گیروگرفت و خه‌تا له‌و که‌سه‌دا که حه‌سوودی پێـده‌به‌ێـن ده‌گه‌ڕین. بۆ ئه‌و شاردنه‌وه‌یه پێـویسته خۆمان «تــێگه‌یشـتوو و باهـۆش» پـێـناسه به‌که‌ێن. ئه‌سته‌مه خۆمان ددان به حه‌سوودی بردنی خۆماندا بنێـن. هه‌ندێـک که‌س به خۆ دوورڕاگرتن و چوونه ناو دونیای خۆیان و خۆ له پێشبڕکێ و ره‌قابه‌ت نه‌دان حه‌سوودی خۆیان چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن. زۆر که‌سیش به بیر و بۆچوونی وه‌ک که ژیان له کونتڕۆڵی به‌خت و چاره‌نووس دایه به‌رگری له خۆیان ده‌که‌ن و دڵخۆشی خۆیان ده‌ده‌نه‌وه وبه‌و شـێوه‌یه جیاوزیه‌کان له پله و پایه‌ی جۆراجۆر، هه‌بوونی سه‌روه‌ت و سامان و سه‌رکه‌وتنه‌کانی خه‌ڵکیتر بۆ خۆیان ته‌وجیه ده‌که‌ن. «چاره‌نووس» به‌و شـێوه‌یه ده‌توانێت یارمه‌تی که‌سانێک بدات که حه‌سوودی و پێـناخۆش بوونی خۆیان له سه‌رکه‌وتنی که‌سانی ده‌ورووبه‌ری خۆیان که‌م و ئه‌هوه‌ن به‌که‌نه‌وه. خه‌ڵک تا ئێـستا توانیویانه زۆر جار مه‌زهه‌ب بۆ دڵداردانه‌وه‌ی خۆیان به کار بێنن. (جگه له‌و وه‌ختانه‌ی وا مه‌زهه‌ب تێکڵاوی سیاسه‌ت بۆ به‌ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵات کراوه). که‌موکۆڕی و ناهه‌قی و جیاوازیه‌کانی ئێستا به ژیانی خۆشی دوای مه‌رگ قه‌ره‌بوو ده‌کرێته‌وه. مه‌زهه‌ب به داواکردنی له پێڕه‌وانی که ساده و بێ ته‌ماع بژین هه‌ستی حه‌سوودی لای پێڕه‌وانی که‌م ده‌کاته‌وه. ئه‌م کاردانه‌ویه‌ی مه‌زهه‌ب له سه‌ر هه‌ندێک مروڤی خاوه‌نباوڕ زۆر له‌وه دووره که بتوانین بڵێن هه‌رکه‌س خاوه‌نباوڕ بێت حه‌سوود نییه و که‌م ته‌ماعه.
ئه‌ڵترناتیڤک به‌جێگای خۆدڵخۆشکردن به‌و شتانه تـێگه‌یشتن و قبوڵکردنی ئه‌ویه که ژیان هه‌ر له ڕۆژی ئه‌وه‌ڵه‌وه دادوه‌رانه و عادڵانه نیـیه وهه‌رمرۆڤـێک له ژیانیدا به پێ جێگه‌وپێگه‌ی ئابووری-کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، کولتوری، میرات و ژنه‌تیک و… خۆی خه‌بات و ململانێ جیاوازیان له به‌رده‌مدایه. مۆدێلیکی کۆمه‌ڵایه‌ته‌ی (کومونیستی) تا ئێستا له تئوریدا ناسراوه که له‌و کۆمه‌ڵگایه‌کدا هه‌موو سه‌روه‌ت و سامان له نێوان مروڤه‌کاند وه‌ک یه‌ک به‌شده‌کرێت. له ئیداره‌ی هاوبه‌شی کارخانه‌یه‌ک له وڵاتی سپانیا له لایه‌ن کرێکارانه‌وه و یان کشتوکاڵی هاوبه‌ش (Kibbutz) له وه‌ڵاتی ئیسرائیل نیشاندراوه که کێشه‌ی حه‌سوودی له به‌ین نه‌چووه. هه‌ر چه‌ند جیاوازی له خاوه‌نداری که‌لوپه‌ل له نێوان مروڤه‌کاندا که‌مکراوه‌تـه‌وه به‌ڵام زۆر شتی‌تر وه‌ک ژماره‌ی منداڵ، ده‌نگخۆشی، جوانی، میزانی هۆش و تێگه‌یشتن له گیروگرفته کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری، سیاسیه‌کان، زیره‌ک بوون له ده‌رسخوێندن، قسه‌خۆشی، خۆشه‌ویست بوون لای خه‌ڵک، موسیقا و زۆر شتی‌تر هه‌ن که ده‌بنه هـۆی وه‌خه‌به‌رهێنانی هه‌ستی حه‌سوودی له ناخی مرۆڤدا.
به‌رپرسایه‌تی به‌ئه‌ستۆگرتنی حه‌سوودی
له دێتنی حه‌سوودی که‌سیتردا زیره‌کین، دیتنی هه‌ستی حه‌سوودی خۆمان نیشانه‌ی ده‌ستپێکردنی پرۆسه‌یه‌کی سازه‌نده‌یه که مه‌رجی به‌رپرسایه‌تی بۆ ئه‌و هه‌سته و ئیمکانی گۆڕینی بۆ هێزیکی پوزه‌تیڤمان پێ ده‌دات. کاتێک «خاوه‌نداری» له حه‌سوودی خۆمان ده‌که‌ێن ده‌توانین له سه‌ر ئه‌و زانیاریه‌ی که ئه‌و هه‌سته پێمانده‌دات بیر بکـێـنه‌وه وبه‌دوای وه‌ڵامی ئه‌ودا بگه‌ڕین که چی له ژیانماندا پێویسته بگۆڕدێت؟
هۆی وه‌خه‌به‌رهاتنی هه‌ستی حه‌سوودی لای هه‌موومان یه‌ک شت نییه. له جێخۆێدایه که خاڵه لاوازه‌کان بدۆزرێنه‌وه. حه‌سوودی به چی و به چ که‌سانێک ده‌به‌ێـن، که‌سانی ده‌وڵه‌مه‌ند، سه‌رکه‌وتوو له کاریار و کاروپیشه، قسه‌خۆش، خۆشتیپ، که‌سانێک که دۆست و ره‌فیقیان زۆره، که‌سێک که شه‌ریکژیانێکی باشی هه‌یه، که‌سێکی سه‌ره‌نجڕاکیش و به توانا؟ ئه‌و که‌س و تایبه‌تمه‌نیه که حه‌سوودی پێده‌برێت نیشانه‌یه‌کی باشه بۆ دیتنه‌وه‌ی ئه‌و شت و که‌سایه‌تیه که لامان به‌نرخن و ڕێزدارن له‌لامان. ئایا ریسکی ئه‌وه هه‌یه بۆ ئه‌وێ خۆمان که‌مترهه‌ست به ناخۆشی بکه‌ێن که‌سیتربه‌خێنه ژێر فشاره‌وه؟ فێرکردنی خۆ که سه‌رکه‌وتنی که‌سیتر له ئێمه که‌م ناکاته‌وه و دیتـنی پێشکه‌وتنه‌کانی خۆ واده‌کات که به ئاسانی له داوی حه‌سوودی نه‌که‌وین. دێتـنی گیروگره‌فته‌کانی کار و ژیانی ئه‌و که‌سانانه‌ی که حه‌سوودیان پێده‌برێت یارمه‌تیمان ده‌دات.
قبووڵکردنی جیاوازیه‌کان و ئیجازه نه‌دان که پێشکه‌وتن و سامانی که‌سیتر شادی و ڕازیبوون به‌وه‌ی که ژیانی خۆمان له ئیختیاری ناوین و خۆمان له گه‌ڵ ژیانی خۆمان به‌راورد بکه‌ێن به‌جێگای به‌راووردکردن له گه‌ڵ که‌سیتر هه‌نگاوێکی به‌نرخه. به له به‌رچاوگرتنی مه‌رجگه‌لێک که له ژیاندا بۆمان هه‌ڵکه‌وتووه، ئه‌گه‌ر چاو له‌وه بکرێت که تا ئێستا له ژیاندا چیمان پێکهێناوه له‌وانه‌یه زۆریش نارازی نه‌بین. هه‌مووکه‌س نایانـه‌وێـت و پـێویسـتیـان به‌وه نـیـیه بـبن به سه‌روک کۆمار، سه‌روک وه‌زیر، سه‌روک حیزب، ئاکـتری ناسراووناوداری سینه‌ما، ره‌ئیسی کارخانه و شیرکه‌تی گه‌وره‌وناسراو. بۆ زۆر که‌س ئه‌ونده به‌سه که کاریان به باشی به ئه‌نجام بگه‌یه‌نن و له بنه‌ماڵه، دۆستان و ژیانی خۆ له‌زه‌ت به‌ری.
پێویسته شاد بوون به کار وئه‌و شته چکۆلانه‌ی که له ژیانماندا به‌ده‌ستمان هێناوه مه‌ودای زۆرتری پێبدرێت. دیـتـن، فورموله‌کردن و ده‌ربـڕینی خۆاستوویستی تاکه که‌س له ناو کۆڕوکۆمه‌ڵ و ریکخراوه‌دا و فه‌راهه‌م کردنی مه‌ودا بۆ به ئه‌نجام گه‌یاندنیان ویستی تاکه‌کان کاری هاوبه‌شیش ئاسنتر و پته‌وتر ده‌کات. ده‌کرێت پـێـدابوونی هه‌ستی حه‌سوودی وه‌ک نیشانه‌یه‌ک بۆ ئاره‌زوو و تاسه چاو لێبکرێت و به شێوه‌یه‌کی پوزه‌تیڤ وه‌ک پاڵپێوه‌نه‌رێک بۆ وه‌گه‌ڕخستنی هێزبۆ ده‌ستبه‌رکردنی و هێنانه‌دی ئاره‌زووه‌کان به‌کار بهێنرێت. به کارکردن له سه‌ر ڕێزله‌خۆنان له خۆتێگه‌یشتن ده‌کرێت به‌رپه‌رچی حه‌سوودی بدرێته‌وه و دڵخۆش بین به‌وه‌ی که هه‌ین.
ئورهان پاموک (Orhan Pamuk) نووسه‌ری تورک و وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبل له ئه‌ده‌بیات ده‌ڵێ: «گرینگ‌ترین شت که ده‌بی ئه‌ده‌بیات به‌ده‌ربه‌ست و به‌په‌رۆش بێت بۆی لێکۆڵینه‌وه و خستنه‌به‌رباسی ترسه‌کانی مرۆڤایه‌تییه، ترس له که‌وتنه په‌راوێزوو و خۆپـێـکه‌مبوون و …».
زۆر جار حه‌سوودی وادکات که مرۆڤ کیشه‌وگرفته‌کان له ده‌ره‌وه‌ی خۆی بـبـیـنـێـت و به‌جۆرێکی رووخێنه‌ر پێشکه‌وتنی که‌سیتر بکات به سه‌به‌بی هه‌ستی رق و تووڕه‌یی و خۆبه‌که‌مزانین. سه‌رکه‌وتن و خۆشبه‌ختی که‌سیتر ڕیگا له پێشکه‌وتنی که‌س ناگرێت.
ستایش به جێگای سوکایه‌تی پێکردن
نوسه‌ر و ده‌روونناس Eva Sanner ده‌ڵێت: «ستایشی ئه‌و که‌سه بکه که حه‌سووی پێ ئه‌به‌ی». «ئه‌گه‌ره حه‌سوودی به داهێنه‌ری و خولقێنه‌ری و جه‌ره‌یانی ره‌وان و رۆشنی بیر و هۆشی که‌سێک ده‌به‌ێـت، توانایی و لێهاتوویی ئه‌و که‌سه قبوڵ به‌که و بێسه‌لمێنه و کاردانه‌وی خۆت وه‌ک نیشانه‌ی ئه‌وه چاو لێـبکه که خۆتیش ده‌ته‌وێـت وه‌ک ئه‌و بێت». ژیان زۆر خۆشتر ده‌بێت کاتێک مرۆڤ له ئاست پێشکه‌وتنی خه‌ڵکیتر ده‌ستودڵباز بێت. هه‌ست به بن که‌وتن و قوربانی بوون له‌وانه‌یه ره‌حه‌ت و که‌م دردیسه‌ر بێت به‌ڵام له درێژخایه‌ندا زۆر رۆخێنه‌ره. ئایا ئێمه‌ش به قه‌د فڵان که‌س یان لایه‌ن و ڕێکخراوه چالاکی و تێکۆشانمان کردووه؟ هێچ هۆیه‌ک هه‌یه که هه‌ست به غرور و سه‌ربه‌رزی به‌که‌م سه‌ره‌ڕای ئه‌وه به ئه‌ندازه‌ی فڵانی پێش نه‌چووم؟ هێزیکی باش و به‌کار له به‌رابه‌ر حه‌سودیدا سوپاسمه‌ند بوونه بۆ ژیان به گشتی و بۆ ئه‌وی هه‌مانه به تایبه‌تی(هه‌ر چه‌ند له باری مادیشه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بین) به له به‌رچاو گرتنی ئه‌و ئیمکان و هه‌لانه‌ی ژیان تا ئێستا پێ داوین. سـوپـاسـمـه‌نـد بـوون هێزمان ئـازاد ده‌کات بۆ وه‌گه‌ڕخستن و تێکۆشانی زیاتر و سه‌رکه‌وتووتر. به جێگای داپۆشاندنی هه‌ستی حه‌سوودی له بن وشه و ره‌سته‌ی «عه‌قلانی» دا باش وایه ئه‌و پێـداویـسـتـیـه وا هه‌سته‌که له لامان دروست ده‌کات بدۆزینه‌وه. پێویستمان به بۆسه‌لماندن، لێ تێگه‌یشتن، خه‌مخۆری و هاوده‌ردی له لایه‌ن ده‌وروبه‌رمانه‌وه هه‌یه؟ ئارزوو ده‌که‌ێن که توانایی و زرنگیه‌کی تایبه‌تمان هه‌بێت؟ ده‌کرێت حه‌سوودی وه‌ک ئاوینه‌یه‌ک بۆ زووتر له خۆ تێگه‌یشتن و بوون به‌و که‌سه‌ی وا ده‌مانه‌وێت ببین به‌کاربهێنرێت.
ده‌ڵێت Vilhelm Ekelund
« نه‌وه‌دوونۆ له سه‌دی (٩٩%) زوێری و تووڕه‌یی ئیخلاقی هیچ بنه‌مایه‌کیتری نییه جه‌گه له حه‌سوودی.»
په‌ندێک ده‌ڵێت: «له حه‌سوودیدا مرۆڤ مایه‌ی دڵخۆشی که‌سیتر ده‌بژێرێت نه‌ک هی خۆی.»
سه‌رچاوه:
* Avund och konkurrens, känslor i vardag: Av Marta Cullberg Weston, 2010, ISBN 978-91-27-13493-5