لە وەڵامی دوو پرسـیاری تایبەت بە “پککا ویەدەپە”دا !

پرسیاری یەکەم: ڕات چیە بەرامبەر یەپەگە؟ وەئایا ڕاستە کەناهێڵن کەس شەری داعش بکات ئەگەر لەژێر ئاڵا ودروشمەکان وسەرپەرشتی ئەوان نەبێت؟!
پرسیاری دووەم: ڕاتان بەرامبەر پکک چیە؟خۆم پێم باش بوون، بەڵام بەسوڵتەویم دەبینین. بەڵام لەساڵی ١٩٩٩ پلاتفۆرمێکی نوێیان دەرکرد کەتێیدا زیاتر بەرەو سۆسیالیزم وشورا وکۆمۆن وچەپی کۆمۆنیستی دەچوون. هەروەها ژنان زۆربەشدارن لەکاروهەڵسوڕان وچالاکیەکاندا وجێگاوڕێگەیان هەیە لەخەباتدا. ڕام وایە کەسەرچاوەیەکی سەرەکی خەباتی چەپ پێکدەهێنن لەڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.؟!

دوو پرسیارەکە لە لایەن لاوێکی خەڵکی هەولێرەوە نیشانەی ئەوەیە کە دوای ڕووداوەکانی کوردوستانی سوریاو هاتنی داعش و دواتر مقاوەمەتی گەورەی خەڵکی کۆبانێ …. یەدەپە( هەرچەندە هاوڕێکەمان ناوی یەپەگەی هێناوە بەڵام دروست تر وایە کە باس لە یەدەپە وەکو حزب بکرێت نەک باڵە چەکدارییەکەی. بۆیە لەم وەڵامەدا باسەکەم یەدەپەیە نەک یەپەگە. چونکە یەپەگە لەژێر بڕیاری سیاسی یەدەپەدا کاردەکات) وەکو هێزیک نفوزی چۆتە سەرەوە لە نێو لاوەکان بە تایبەت وخەڵکی کوردستان بەگشتی. حەتمەن ئەوە ئەنجامێکی ئاسایی بەرەنگاربونەوەو مقاوەمەتی خەڵکی کٶبانێ یە و لە وتارەکانی پیشوتردا ئاماژەم بە گەشەو بە هێز بونی زیاتری ناسیونالێزم کردوە. بۆیە جێگای خۆیەتی کە وەڵامی ئەم دوو پرسیارە ببێتە ناوەرۆکی وتارێک لەسەر هەردوو حزبی یەدەپەو پەکەکە وەکو دوو حزبی ناسیونالیستی کورد و سەر بە بزوتنەوەی کوردایەتی لە کوردستان و ناوچەکەدا. دوو حزب بەڵام هەمان ئیستراتیژ وهەمان ئاراستەی سیاسی، وتا ئێستا بوونیان لە چوارچێوەی هەمان سیاسەتی مەحاوری ناوچەیدا.

هەردوو ‌‌هێزەکە دوو ‌هێزی بورژوایی کوردن و خەباتکاری ڕێگای “ڕزگاری کوردوستان” ن، وەکو باقی حزبەکانی دیکەی بزوتنەوەی کوردایەتی وەک( پارتی و یەکێتی ….) هەموو خەڵکی کوردوستان دەتوێننەوە لە قاڵبی نەتەوەی کورددا، نەتەوەی کورد چەمکی موقەدەسی ئەوانە. بەڵام ئەگەر سەرنج بدەینە تێزەکانی ئۆجەلان تێکەو لێکەو دژایەتی تێدایە لە ” ئوممەی دیموکراتیەوە” بگرە تا دەگاتە فیدرالیەت و کۆنفدرالیەت…. ئوممەی دیموکراتی لە ڕوانگەی ئۆجەلانەوە لە پەرتوکێکی دا بە ناوی “مانفێستی شارستانی دیموکراتی و مەسەلەی کوردو چارەسەری ئوممەی دیموکراتی” باسکراوە و لەوێدا دەڵێت” ئوممەی دیموکراتی، ئوممەیەکە ” نەتەوەیەکە” کە هەڵگری شوناس و کاڵچەرو کیانی “بوون” ی سیاسی جۆراوجۆرە. لە بەرانبەر دەوڵەتی قەومی وەحشیدا ….” ئەمە تێزی ئۆجەلانە یان تێزێکی ئۆجەلانە کە چەمکە سەرەکیەکەی لە گرامشی یەوە هێناوە، بەڵام ئۆجەلان دووجار هاڕیویەتی و ” مکونات” ە جیاوازەکانی هێشتۆتەوە، جارێکی دیکە بە کۆکردنەوەی ئەوانە دەگاتەوە ” ئوممەی دیموکراتی” ئەمە بەجیا لەوەی ئەم چەمکە بۆ خۆی ناڕۆشنەو هەڵگری دژایەتی جۆراوجۆری نێو خۆیەتی. بەڵام باسەکە ئەوەیە، کە ئۆجەلان کاتێک بیر دەکاتەوە و دەنوسێت و چوار دەوری خۆی دەتەنێت بە چەمکی چەپ و کۆمۆنیستی، وە تەنانەت کرێکاری و چینایەتی، وەک ڕابەرێکی سەرسەختی نەتەوەیی، وەک نوێنەرێکی بە ئەمەکی بورژوایی کورد…ناتوانێت پێگەی پتەو نەکات لە نێو نەتەوەو بیری نەتەوەییدا… ئەم ڕابەرە کە وەکو ناسیونال چەپێک دەردەکەوێت لەم تێزەیدا پێمان دەڵێت کە نەتەوە پەرستی باوی نەماوە ، کە دەوڵەتی نەتەوەیی باوی نەماوە… ئەمە لەسەرەتاوە وبێ لێکدانەوە قسەیەکی باشە.. بەڵام کە لەتێزەکەی ورد دەبیتەوە دەکەوێتەوە نێو هەمان تەشقەڵەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە عێراق. ئەگەر واز لە دژایەتی و یاریکردنی هەڵە بە چەمکەکان بهێنین کە بەکاریهێناوە، دەگەینە ئەوەی کە ئەگەر” دەولەتی نەتەوەیی” وەحشێکە، کەواتە نەتەوە خۆی مانای چیە؟! لێرەدا ئۆجەلان تێزەکەی دەگۆڕیت و دەبێتەوە بە ڕابەری نەتەوە و دەڵێت” ئوممەی دیموکراتی هەڵگرێ شوناس وکاڵچەر وکیانی سیاسی جیاوازە”.

شوناسی جیاواز و کاڵچەری جیاواز، چیە؟! ئەگەر نەتەوەو ئاین و تائیفە نەبێت!! ئەی کیانی جیاواز چیە؟ ئەگەر خودموختاری یان فیدرالیەت یان کۆنفیدرالیەت نەبێت. واتە لە نێو تورکیادا دەگەینەوە هەمان موحاصەصەکەی لای مالکی و بارزانی …. بەڵام لە ژێر ناوی ئوممەی دیموکراتیدا !! بەهەرحاڵ بۆ ئەوە باسی ئەم بڕگە بچوکەم بۆ وەڵامی ئەم ” لاوە” ئازیزە کردوە، کە لەوە تێبگەین لە پشت دەربڕینە جیاوازەکانەوە شوناس و جەوهەری سیاسی وە چینایەتی حزبێکی وەک پەکەکە دەردەکەوێت بەتایبەت بۆ ئۆجەلان خۆی وحزبەکەی کە لە بەکارهێنانی چەمکە کۆمۆنیستیەکان سڵ ناکەنەوە، مەبەستم ئەو چەمکانەیە کە بە کۆمۆنیستی لە ئاستی رەئی گشتی دا ناسراون.

پاشان سیاسەت مانای عەمەلی هەیەو لە پراکتیکدا دەردەکەوێت. پراکتیکی پەکەکە پراکتیکی هێزێکی ناسیونالیستی پۆپۆلیستە… واتە بناغەی خیتابی سیاسی و خەباتی سیاسی ئەم هێزە کرێکار وجوتیار وسەرمایەدار و ووردە بورژوای کوردە وکۆکردنەوەی هەموانە لە حزبدا، بەرانبەر دوژمن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی. دوژمن لێرەدا چینایەتی نیە، بەڵکو شوناسێک، نەتەوەیەکی دیکەیە. دەکرێت ڕونتر لە سیاسەت و ناوەرۆکی بیری ئۆجەلان تێبگەین لە ڕێگای پەرتوکەکانی دیکەیەوە بۆ نموونە لە پەرتووکی ” دیموکراتیەتی هاوچەرخ و مەسەلەکانی بەجێهشتنی مۆدڕێنیەتی سەرمایەداری” ئەو لەوێدا نەتەوەیی تر، واتە زیاتر ڕوو و ناوەڕۆکی نەتەوەیی و کوردایەتی دەردەکەوێت و دەڵیت” ناوەرۆکی ئەو چارەسەرەی ویستمان بەم شێوەیەیە: کوردەکان لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە تیایدا دەژین، لە مافی فەرهەنگی خۆیان بەهرەمەندبن، بێ ئەوەی کە زەرەر بدات لە سنوری ئەو دەوڵەتە و بەشێوەیەک بێت کە یەکێتی نیشتمانی بەهێز بکات….”.

ئەوەندەی بگەڕێتەوە سەر “یەدەپە” و یەکینەکانی گەل”یەپەگە” کە سەرلەبەر هەموویان ڕاستەوخۆ لە مەدرەسەی پەکەکەو ئۆجەلان ئاودەخۆنەوە. دەزگای”ئیدارەی زاتی” کە ئیستا لەکانتۆنەکاندا فەەرمانڕەوایی دەکات، ڕاستەوخۆ لە ڕوانگەی خۆیانەوە پڕاکتیک کردنی ” ئوممەی دیموکراتیە” کەی ئۆجەلانە… لە بەرنامەی سیاسی یەدەپەداو لە بەشی ئامانجەکانی بەرنامەدا نوسراوە: ” حزبمان YDPحزبی یەکێتی دیموکراتی ڕێگای سەرکردە ئاپۆی گرتۆتە بەر، بۆ چارەسەری دیموکراتی وەک بناغەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردو کێشەی ئاڵوگٶڕی دیموکراتی لە سوریادا بە شێوەیەکی گشتی” . هەروەها لە نێو بەرنامەو لە بەشی تایبەت بە ئامانجە سیاسیەکان وبەندی یەکەمی دا پێمان دەڵێت: “ریفۆرمی سیستەمی کۆماری عەرەبی سوری و پایەکانی دەسەلاتدارێتی سەنترال و ڕەهای، کە دامەزراوە لەسەر پایەی ئایدۆلۆژیەتی سیاسی ناسیونالیزمی عەرەبی ئۆتۆکراتی، لە چوارچێوەی کۆماری سوریای دیموکراتیدا”. ئایا ئەو بەرنامەیە و ئەو ئامانجە چ جیاوازیەکی هەیە لە گەڵ بەرنامەی یەکێتی نیشتمانی یان پارتی دا، یان حزبی دیموکراتی کوردوستانی ئێراندا؟!.

پێم وابێت ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی لە ناوەرۆکی پەکەکە وە یەدەپە بگەین، وەک دوو حزبی بزوتنەوەی کوردایەتی. بەم مانایە ڕای من لەسەر پەکەکە و یەدەپە هەمان شتە تا ئێستا واتە ئەم ساتە وەختەی کە وەڵامی پرسیارەکانی تۆ دەدەینەوە. زۆربەی ووڵاتان و میدیاکانی جیهان یەدەپە وەک باڵی پەکەکە ناو دەبەن لە سوریا. دەمەوێت لێرەدا جەخت لەسەر ئەوە بکەم کە ئێمە لەم مەیدانەدا هیچمان نەوتوەو نە نوسیوە، وەڵامدانەوە بە سیاسەت و تێزەکانی ئۆجەلان و پەرتووکەکانی ئەرکێکی گرینگی ڕابەرانی کۆمۆنیستە لە کوردستان. کرێکار لە کوردستان ڕێکخراو ناکرێت بەبێ بوونی ڕەخنەیەکی قوڵی مارکسستی لە بناغە فکرییەکانی ناسیونالیزمی کورد و لەم نێوەدا ئۆجەلان بەشی گەورەی بەر دەکەوێت.

ئەگەر ئەوەی لەسەرەوە باسکراوە کافی بێت، باشترە کەمێک بچینە سەر هەلومەرجی ئەمرٶ و سیاسەتەکانی یەدەپەو پەکەکە لەبەرانبەر هێرشەکانی داعش و کەمێکیش هەلومەرجی سیاسی ئەمرٶی کوردستان و ناوچەکە ئاماژە پێبکەین، ولەم نێوەشدا وەڵام دەدەینەوە بە بەشەکانی دیکەی پرسیارەکانی ئەم هاوڕێیەمان.
دەبێت لە کاتێک،لەقۆناغێکەوە دەست پێبکەین. قەیرانی سیاسی سوریا یان کێشەی سوریا بە گشتی بەبێ ئەوەی بچینە سەر قۆناغ بەندییەکانی، سوژەیەکی گونجاو بێت بۆ تێگەیشتن لە سیاسەت وهەڵوێستی ئەم دولایەنە و ئاڵوگٶرێک کە لەناوچەکەدا پێک هاتوە.

سیاسەتێک کە لەلایەن ‌پکەکا و حزبەکانی نزیک بەو، یان حزبەکانی وەک خۆی لە ووڵاتەکانی دیکەی سوریا وەک ” یەدەپە” و لە ئێران ” پژاک” بەشێوەیەکی گشتی لەسەر خەتێک و ئیستراتیژییەکی سیاسی دیاریکراو دەجوڵێنەوە. تا ئێستا ئەمە واقعیەتێک بوە. ئایا گۆرانی بەسەردا دێت یان نا؟ واتە ئایا سیاسەتی حزبەکانی سەر بەم خەتە سیاسییە، ئەگەری جیابونەوەی هەیە لە یەکتری؟! ئەمە پرسیارێکەو وەڵامەکەی لای منەوە مەنفی نیە بەو مانایەی کە ئەوە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕێکە چەندین فاکتەری نێو خۆی و نێونەتەوەیی ڕۆڵی تێدا دەبینێت و بەم زوانە یەکلا نابێتەوە وبەم مانایە ئەگەرێکە. بەلام با جارێ لێرەدا لەوە بگەڕێین.

لەبەرانبەر قەیرانی سوریادا،ووڵاتانی جیهان بوون بە دوو بەشەوە، کە زۆربەی بەدەوری سیاسەتی ئەمەریکادا کۆبوونەوە، وئەمەریکا وەک گەورەترین زلهێزی جیهانی لە ماوەی ۴ساڵی ڕابوردودا، ئەگەر چی بە شێوەیەکی نا چالاکانە بەڵام توانی وەک ڕابەرو سەرکردەی ووڵاتانی رۆژئاواو زۆربەی ووڵاتانی دونیا و ناوچەکە خۆی بهێلێتەوە. سەرەڕای شکستی ئیستراتیژی” نیزامی نوێی جیهانی” یەکەی. دوای هێرشەکانی داعش ئەمەریکا توانی بە شێوەیەکی فعلی بگەرێتەوە ناوچەکەو دەوری ڕابەری رۆژئاواو ووڵاتانی کەنداو بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆتر وەربگرێتەوە…. ئێستا ئەم میحوەرە بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە بەرانبەر داعشدا چەندین ووڵات و ‌هێزی گرتۆتە خۆ…. داعش ئەمجارە بۆتە کۆکردنەوەی هێز بەدەوری ئەمەریکادا…. بەڵام داعش وەسیلە وهۆکارێکە بۆ لێدانی نفوزی ڕوسیا و چین و ئێران و بەتایبەت ڕوسیا کە لەماوەی چەند ساڵی رابوردودا گەلێک هەنگاوی ناوە کە لەگەڵ بەرژەوەندی و سیاسەت وئیستراتیژی ئەمەریکی دا نایەتەوە…بەکورتی جەنگێکی گەورە دەکرێت لە لایەن هێزەکانی دووەم و سێهەمەوە، کە بە(جەنگ بە وەکالەت) ناسراوە.

لەبەرانبەر داعشدا دیسان میحوەری روسی ئیرانی هەیە لە ناوچەکەدا، لایەنی دووەمی جەنگەکە…وەکو ووڵات عێراق و سوریایان لە گەڵە لە ناوچەکەدا، وەکو هێز حزب اللە و حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی و دەکرێت حەماس لە ئێستادا لەم بەرەیەدا سەرنج بدرێت، لە کوردوستان دەکرێت باس لە یەدەپەو پەکەکە وتاڕادەیەک یەکێتی نیشتمانی بکەین … بەڵام پارتی دیموکراتی بارزانی، هەر زوو خۆی لە گەڵ تورکیادا جیاکردەوەو میحوەرەکەی جیایە.

ڕیزبەندی و بەرژەوەندی سیاسی یەدەپەو پەکەکە بە حوکمی ناوچەکەیان، یان جیۆپۆلیتک کە زۆر کاریگەری هەیە، لەنێو میحوەری ئێرانی روسی سوری دایە. لەڕوانگەی منەوە ئەم جێکەوتنەی لەنێو ئەم میحوەرەدا، بەشی سەرەکی جیۆپۆلیتکە واتە : جێکەوتنی پەکەکەیە لە ووڵاتێکدا کە ئەندامی ناتۆیەو تائێستا یەکێکە لە پایەکانی ئەمەریکاو رۆژئاوا لە ناوچەکەدا. لێرەوە پەکەکە وەک هێزێکی بورژوایی ناچار بوە هەر زوو لە ساڵی ١٩٨٣ وە لە گەڵ سوریا پەیوەندییەکی توندو تۆلی هەبێت.وە لێرەشەوە لەگەڵ روسیای ئەوکات ئەمە خاڵێکی گرنگە کە خیتابی سیاسی و پراکتیکی دیاریدەکات، و زیاتر چەپگەرایی ودژی ئیمپریالیزمی ئەمەریکی وڕۆژئاوایی پێ دەبەخشێت. پاشان پەکەکە لە لایەن ئەمەریکاو تورکیاوە وەک هێزێکی تیرۆریست ناسراوە، بەشیکی دیکەی ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ لە جەنگدایە لە بەرانبەر تورکیادا ….بەشێکی دیکەی هەڵدەگەرێتەوە بۆ بونیەی ئایدۆلۆژی ئەم بزوتنەوەو حزبەکە، کەڕووپۆشێکی سەرسوڕهێنەری داوە بەخۆی لەڕێگای تێکەڵکردنی چەمکەکانی سەرمایەو ئمپریالیزمی مالی، ویەکسانی ژن و پیاو، وچەمکە چەپ و کۆمۆنیستی یە باوەکانەوە.بە هەرحال ئەمە بەشێوەیەکی کورت.

بەهەمان شێوە یەدەپە… بەڵام ئەوەی یەدەپە لە هەلومەرجێکدا گەشە دەکات وگەورە دەبێت کە سیاسەتەکەی یەکدەگرێتەوە لەگەڵ سیاسەتی ڕژێمی بەعسدا لە سوریا، وەپێیوایە کە لەڕێگای سازان لەگەڵ ئەسەددا لە ئێستادا دەکرێت خەڵکی کوردوستانی سوریا بگاتە ئامانجەکانی خۆی و ئیدارەی زاتی و کۆمەڵگا دیموکراتیەکەی بکاتە واقع. من ئەوە بەئاسایی دەبینم وە بە بڕوای من ئەوان کارێکی باشیان کردوە، تەنانەت بەوەی کە هاوپەیمانی ژێر بەژێریان لەگەل ڕژێم واژوو کردبێتەوە…لایەنی کەم بۆ ماوەی ٣ ساڵ بە شێوەیەکی باش خەڵکی کوردستانی سوریایان پاراست لە جەنگ و تیرۆر. ئەوە کارێکی سیاسی وگونجاو بوو لە “ڕوانگەی منەوە “. ” ئەوەندەی بگەڕێتەوە بۆ ‌هێزێک یان باڵی چەپێکی بورژوایی” … بەڵام ئەمان وەکو هێزیک لە چوارچیوەی ئیستراتیژییەکی فراونتردا تائێستا لەگەل پەکەکەدا پێکەوە پەیوەندن و پەیوەندی یەدەپەو پەکەکە تەنها پەیوەندی نێوان دوو حزبی ناسیونالستی نێو بزوتنەوەی کوردایەتی نیە، زۆر لەوە زیاترە، و تاڕادەی ئەوەی کە یەدەپە وەک باڵی پەکەکە لە سوریا باس دەکرێت و لەڕاستیدا ئەو باسکردنە ڕاستییەکە. کە ئەمە قورساییەکی گەورە بەسەر دیاریکردنی سیاسەتی یەدەپەدا دادەنێت.

یەدەپە و یەکینەکانی پاراستنی گەل و مقاوەمەتێک کە لە کٶبانی کراوە تائێستا بۆتە خاڵی وەرچەرخان وئاڵوگٶریکی گەورە.وەدەرکەوتنی زیاتری یەدەپە وەک هێز‌ێکی مقاوم و بە توانای سەربازی، وە بۆتە جێگای پشتیوانی خەڵکێکی زۆر بە تایبەت لە کوردستانەکان. ئەم مقاوەمەیە جێگای هاوپشتی هەموو ئینسانێکی پیشکەوتوو چەپ وکۆمۆنیست بوو وە هەیە….. کۆبانی بۆتە ڕەمزێک بۆ مقاوەمەت کردنی هێزێک کە هەڵگری فکرو نەهجی سیاسی خۆیەتی کە مقاوەمەتێکی جەماعی دەکات، وژن تیادا رۆڵی سەرەکی دەگێرێت…. ئەم شێوەیە لە مقاوەمەت کردن مقاوەمەتێکە لە لایەن هێزێکی بورژوا- ناسیونالیستی چەپەوە ڕابەری دەکرێت…… بەلام بۆ منیش هەر بەم مانایە شایانی پشتیوانی وهاوکارییە.

بناغەی سەرەکی ئەم مقاوەمەتە بونی ئیرادەیە، بەلام ئیرادە خۆی بەرجەستەیەکی پراکتیکی یەو لە نێو شاپۆرەی خەبات و تیکۆشاندا بەرهەم دێت. وێنای فکری ئەم ئیرادەیە ئەم باوەڕە ئەم مقاوەمەتە… ئایدولۆژیای نەتەوەییە، ڕابەرەکەی ئۆجەلانە. جێکەوتنی ئۆجەلان وەکو ڕەمزی ڕابەری ئەم مقاوەمەتە جێگەی ئایدۆلۆژیان گرتۆتەوە.. لێرەدا خۆشەویستی ئۆجەلان و نەتەوەو دژایەتی تیرۆریزمی داعشی پێکەوە ئاوێزان بون و ئەم مقاوەمەتەیان بەرجەستە کردوە…. بەڵام وەکو ووتم ئەم مقاوەمەتە بۆ ئێمەش جێگەی پشتیوانیە. ئەوان ژنان وپیاوانی جەسوری کۆبانێ بە ئەمەریکا، بە تورکیا بە پارتی بارزانی بە سعودیەی عەرەبی و داعشیان ووت ” بوەستە” … بوەستەیەکی بوێرانە بوو. بوەستەیەکی جەسورانە بوو…. بەلام ئەم ” بوەستە” یەی یەدەپە لە ڕوانگەی منەوە لایەنێکی ئەوەیە کە لە چوارچێوەی دوو میحوەری سیاسی و نێودەوڵەتی مانا پەیدا دەکات…

کە دەڵێین ئیرادە مەسەلەیەکی پراتیکی و بابەتیە، مەسەلەکە ئەوەیە، ئیرادە بە شێوەیەکی بابەتیانە لەسەر بناغەی فکری و سیاسی و بەرنامەیی، دواتر سوننەتی خەباتکارانەو ڕیکخراوبون لە دواجاردا سازدانی چەکداری مانا پەیدا دەکات، کە کۆی هەموو ئەمانە لە مەیدانی خەباتدا دەبێتە هێزو هاوسەنگی. هێزێکی سیاسی جا هەر هێزێک بێت ئیسلامی یان قەومی، کۆمۆنیستی یان لیبراڵ… ناتوانێت بەبێ پێوانەو خوێندنەوەی وردی هێز هاوسەنگی خۆی لە کۆی هاوکێشەی هێزەکان و هەروەها توانایی هێزەکانی بەرانبەر و هیزە دۆست و ئاستە جیاوازەکانی و دواتر ئیمکاناتێکی سەربازی و مالی، پراتیک بکات و گوێیان پی نەدات. دوای هەموو ئەوانە ئەم باسە لە دونیای هاوچەرخی ئێمەدا باسێکی ناوخۆیی نیە، بەڵکو مەسەلەیەکی تەواو نێونەتەوەییە. لێرەوە “یەدەپە”ش وەک هێزێکی بوژوایی، ڕەوتی شۆرشگێرو هێزی سێهەم پێک ناهێنێت، بەڵکو وەکو هێزێکی بورژوایی سەر بە بلۆک بەندی و میحوەرە سیاسییەکانی ناوچەکەیە. هەروەک لەسەرەوە باسمان کردوە یەدەپە تا ئیستا لە چوارچیوەی میحوەری روسیا ئێراندا بوە لە ناوچەکە. وە بوونی لەم میحوەرەدا ڕۆڵی سەرەکی هەبوە لە تواناو مانەوەی مقاوەمەتیدا تا ئێستا.

ئێستا پاش ئەوەی کە یەدەپە لەگەڵ ئەمەریکا، ڕاستەوخۆ لەسەر خەتە، وکۆمەکی ئیستخباراتی دەکات هەروەها بە فرۆکەکانی ئەمەریکا چەکو تەقەمەنی بۆ دەخرێتە خوارەوە ، ئایا مومکنە کە یەدەپە لە چوارچێوەی سیاسی و میحوەری ووڵاتانی پێشووی بهێنرێتە دەرەوە؟! ئەمە پرسیاری ئەمرٶیە. ئێستا پاش ئەوەی کە لەگەل ئەنجومەنی نیشتمانی کورد کەخاوەنەکەی بارزانیەو ئەو ڕپێکیهێناوە. لە دهۆک پاش ٨-٩ رۆژ لە کۆبونەوە ڕێکیان خستن و بریارە شورا یان کۆمیتەیەکی هاوبەش پێک بهێنن لە ٣٠ کەس، کە بە هەمان شێوەی ئەزمونی کوردستانی عێراق فیفتی فیفتی یە: “هەرچەندە ڕێککەوتنەکەیان لە ڕوانگەی منەوە پوچەو مەسائیلە سەرەکیەکان کە جێگای خیلافن لە شوێنی خۆی ماوە!!”. ئایا پاش ئەوەی کە تورکیا رازی بوە پێشمەرگە بچێتە کۆبانی و بەقەوڵی ئۆردوگان ئەو پێشنیارە هی خۆیەتی نەک هی بارزانی و هێزە کوردییەکان. جەنابی بڕیاری داوە کە ٢٠٠ پێشمەرگە بچێت(لەدوایی کردی بە١۵٠)!!!. وە دوای ئەوەی نەوشیروان موستەفا پاش یەک مانگ لە مقاوەمەت، بروسکەی لێدا بۆ کۆبانی، وپاش ئەوەی بارزانی لە گەڵ موسلیم کۆبوەو پاش ئەوەی کە موسلیم لە فەرەنسا لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا لە گەل دانیاڵ ڕۆبنشتاین نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا کۆدەبێتەوەو پاش ئەوەی کە نوێنەری ” یەدەپە” لە فەرەنسا ڕایدەگەیەنێت کە دووساڵە پەیوەندیان هەیە لە گەل ئەمەریکادا …. دیارە دوای ١٢ی ئۆکتۆبەر ئینجا بارزانی هاتە سەرخەت، ئینجا باس بوو بەوەی کە ” کوردەکانی سوریا” یەکدەگرن، دواجار بارزانی موسلیمی بینی و لەدواییدا نەوشیراون موستەفا بروسکەی لێدا بۆکۆبانێ….ئایا لەپاش ئەم ئالوگۆرانە یەدەپە دەتوانێت مقاوم بونی خۆی بپارێزێت ؟ یان دەتوانێت واز لە پەکەکە و یەکێتی و ئێران بهێنیت؟! ئەگەرچی سیاسەت لە هەلومەرجی ئەمرۆدا بەوشێوەیە ڕەق نییە و تا بلێی دەکشێت و دەیکشێنن، بەڵام لە چوارچێوەی گشتی دا، سیاسەتی ئەمەریکا وە لەگەڵیدا پارتی وە تورکیا ئەوەیە کە یەدەپە لە پەکەکە بکەنەوە، یان یەدەپە لە میحوەری سوریا ئیران دەربکێشن و بیهێننە نێو چوارچیوەی میحوەری خۆیان و لە چوارچێوەی سوپای ئازادو ئۆپۆزسیۆنی سوریا دا رێکی بخەنەوە… سیاسەتی سەرەکی لاوازکردنی ئێران و سوریایە لە دوا ئەنجامدا لاوازکردنی روسیاو ڕێگە گرتن لە بونی ناوچەی نفوزو دەسەڵاتی ئەوە لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا.

لە ڕوانگەی منەوە ئەم قۆناغە بەردەوامەو درێژە دەکێشیت. واتە ئەوەی ئەمرۆ مومکنە بۆ ئەمەریکا، لەوانەیە پاش ماوەیەکی دیکە مومکن نەبێت بەهەمان شێوە بۆ هێزەکانی تر…بە هەرحاڵ ئەم مەسەلەیە نەبڕاوەیە… بەڵام ئەوەی کە گەورە بەرپرسانی ئەمەریکا هەر چەند رٶژ جارێک دەڵێن لەوانەیە کۆبانێ بگیرێت لەلایەن داعشەوە مانای هەیە؟ ماناکەی ئەوەیە ئەگەر ” یەدەپە” بە قسەی ئەوان نەکات، یان لایەنی کەم تەوازنێک ڕانەگرێت ئەوا زیاتر ئابلوقەی دەدەن … لە دواجاردا دەیخەن واتە کۆبانی دەروخێنن بە هاوکاری تورکیاو بارزانی و بەهێزکردنی داعش… تاکەی یەدەپە دەتوانێت هەموو ئەم فشارانە هەڵگرێت؟! بۆیە ئەو مەسەلەیەی کە کۆبانی دەکەوێت یان نا؟ بە بڕوای من مەسەلەیەکی نەبڕاوەیە….. پەیوەندی بەزۆر فاکتەری جیهانی و ناوچەییەوە هەیە. لەوانە وەڵامی ڕوسیا وئێران و تەنانەت سوریا بە سیاسەتەکانی ئەمەریکاو تورکیاو سعودیە لە ناوچەکەدا، بۆ نمونە… ئەوەی لە یەمەن ڕودەدات لە لایەن حۆسیەکانەوە، ڕاستەوخۆ هێزی ئێرانی لە پشتە بە کۆمەکی روسیا لەبەرانبەر سیاسەتی سعودیەو ئەمەریکادا. هەوڵدانی حکومەتی فەلەستینی بۆ فشار خستنە سەر ئیسرائیل وهەڵوەشاندنەوەی پەیمانی ئەمنی نێوانیان… ئەمانە نمونەن. بەهەرحاڵ ئەو چەکدارو بەرگریانەی ناو کۆبانێ بۆ دواجار وەکو ئینسان پێویستیان بە کۆمەک و هاریکاری و پشوو هەیە وپێویستیان بە تازەکردنەوەی وزەو توانا هەیە.

لە پەیوەند بەوەی کە ناوەرۆکی چینایەتی پەکەکە یان یەدەپە چیە؟! پێم وابێت لە باسەکەدا ڕۆشنە…. ئەم دوو هێزە لاوان وە ژنان بە هێزی سەرەکی دەبینن بۆ شۆرش لە بەرنامەکەیاندا ولە بەرنامەی یەدەپە دا بڕگەی تایبەت هەیە بۆ ژنان و لاوان، بەڵام داوکاریە کرێکارییەکان و باشترکردنی ژیانی ئەوان هیچ ئەسەرێکی نییە….کۆمۆنیزم لە بناغەوە هی کرێکارە… کەسێک یان لایەنێک یان حزبێک کە کۆمۆنیست بێت ڕاستەوخۆ لە کرێکارو چینی کرێکارەوە دەست پێدەکات… ڕزگاری کرێکار وەک چینێک لە ڕێگای شۆرشی کرێکارییەوە و بە روخاندنی سەرمایە و سەرمایەداری وەک سیستەمێکی کۆمەلایەتی واتە هەڵوەشانەوەی کاری بەکرێ دێتەدی… ئەمە کۆمۆنیزمی مارکسە… پەکەکەو یەدەپە لە ‌هیچ کاتێکدا خۆیان لە کۆمۆنیزم نەداوە و خۆشیان بە کۆمۆنیست نەزانیوە لە ئاستی سەرکردایەتیەکەیاندا…. هەر لایەنێک داس و چەکوش و لافتەی سورو رەسمی جیڤارای بەرزکردەوەو چەمکی کۆمۆنیستی بەکارهێنا نابێتە کۆمۆنیست وە کۆمۆنیست نیە…. کۆمۆنیزم پێش قسە کردن و نوسین وبەیان دەرکردن، بونە لە نێو چینی کرێکارو خەباتی ئەودا بونە وەک هێزێکی ڕێکخەرو پێشرەو…. بەبێ ئەم بون و ئامادەبوونە لە نێو کڕێکاردا کۆمۆنیزم بوون مانای نییە.

بەڵام ئەوەی کە یەدەپە ڕێگا نادات لایەن وهێزی تر بچێتە کۆبانێ، ئەگەر لەژێر ڕابەری و دروشمی خۆی دا نەبێت… بەڕەسمی ئەوان وایان ڕانەگەیاندوە، بەڵام ئەوەی کە ڕاگەیەندراوە ئەوان دەڵێن ئێمە پێویستمان بە چەکدار نیەو پێویستمان بە چەک و دەرمانە…. ئەمەش ئەو مانایە دەگەیەنێت کە لەپرسیارەکەی تۆدا هاتوە بەڵام ئەوە لە ڕوانگەی منەوە سیاسەتێکی گونجاوە. هەموو هێزێکی میلیشایی لە دونیادا هەر وادەکات…. سەیری یەکێتی و پارتی بکە ئەوە ٢٣ ساڵە پێکەوە حکومەتیان هەیە، بەڵام کەسیان ‌‌هێزی ئەوی تر لە ناوچەکەی خۆیدا قبوڵ ناکات. ئەمە بەجیا لەوەی ئەو هێزەی کە دەچێت کێیە؟! ئایا لە باری سیاسی و ئامانجەوە نزیکە لە خۆیان ؟! ئەگەر نا ئەوە مەترسی دروست دەکات، بۆ سەر کۆبانێ. بۆ نمونە ئەگەر ١٣٠٠ کەسەکەی سوپای ئازادی سوریا بنێرن وەک ئۆردوگان باسی دەکات، ئەوکات کۆبانی بەبێ تەقە دەگیرێت. وە ئەوان پێم وانیە خواستی بەوشێوەیە لە هەموو هێزێک قبوڵ بکەن.

لە کۆتاییدا بە پێویستم زانی قسەیەک لە سەر چەپ بکەم. چەپ مانای چی یە؟ چەپ لەڕوانگەی گشتی کۆمەڵگاوە بە کۆمۆنیست و ‌ئەو هێزانە دەوترێت کە ناویان سۆشیالست و یان عەلمانین و پێشکەوتوخوازن…. بەڵام ئەوە بە بڕوای من سەر لێتیکدەرە و دروست نیە. ئەمرۆ هۆلاند ی سەرۆکی فەرەنسا لە ئاستی کۆمەڵگاو میدیادا خۆی حزبەکەی بەچەپ هەژمار دەکرێن، بەڵام لەباری سیاسەت و پراتیکەوە رێگانی ئەمەریکایە و لە ئێستادا لە هۆلاند و حزبەکەی ڕاستتر نییە، بەهەمان شێوە تۆنی بلێر و حزبەکەی حزبی کرێکارانی بەریتانیا لە کاتی ئەودا…. لەڕوانگەی منەوە چەپی کۆمەڵگا مانای چینایەتی هەیە . چینی کرێکارو بزوتنەوەکەی چەپی کۆمەڵگایە… چونکە کرێکار رۆژانە نارازییە و خەبات دەکات لە پێناو باشتر بونی ژیانی… ئەوە چەپە بەرانبەر بەباڵی ڕاستی دەسەلاتدار کە بورژواییە… بەم مانایە لای من پەکەکە ناتوانێت هێزێکی چەپ بێت، بەلام پەکەکە لە نێو خێزانی بورژوایدا و لە نێو هێزە بورژواییەکانی رۆژهەلاتی ناوەراستدا.. هیزێکی چەپی بورژوایی گەورەیەو کاریگەری گەورەی هەیە و تەواوی چەپی تورکیاو یۆنانی جۆری خۆی بەدەوری دا کۆبۆتەوە.

لە کۆتاییدا گرینگ ئەوەیە کە ئەم وەڵامە بگاتە هەموو ئەو هاوڕێ و دۆوستانەت کە خۆت باس وخواستت هەیە لە گەڵیاندا. هەر سەرکەوتوبن.
٢۵.ئۆکتۆبەر.٢٠١۴