بۆ کوێ دەچن؟

بۆ کوێ دەچن؟
بە بۆنەی بڕیاری پارلەمنتارەکانی پارلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ سەردانی کۆبانێ
بۆ کوێ دەچن…
فس فس پاڵەوانەکانی پارلەمانی بێ پارلەمانی کوردستان؟
کەڕ بوون؟
گوێتان نەبوو لە هاواری کووچە و کۆڵانی کۆبانێ؟
زریکەی رێگەوبانەکانی کۆڵەواری
کۆڕەوی پیر و مناڵی رۆژئاوا نەیدا لە گوێتان؟
نەکا لە گوێی گاکەی بەرماڵی سەرۆکی بەڕێز…
خەوتبوون!


بۆ کوێ دەچن…
زل دەنگانی کز لە ویژدان؟
نەکا کوێڕ بوون….
نەتانبینی گیسی بەفرینی شێواوی داپیرەکانی کۆبانێ
لە بەر دەم هێرشی چەقڵی ئاسنینی سەرسنوورەکانی باکوور؟
تەرمی بەرزتر لە ئاڵای ئارینە سەربەرزەکانمان
سێبەری نەخستە سەرتان
لە لوتکەی بە خوێن شەتاڵی مشتەنوور ڕا؟


بۆ کوێ دەچن…
لە کاروانی ئەشکەوتی ئەسحابی کەهەف بەجێماون؟!
دەچن بۆ تەوافی بەردی دیواری کون کونکراوی بەرەنگاری؟
دەتانەوێ شەقامەکانی کۆبانێ
ببنە فەڕشی ژێر پێی لیمۆزینەکانتان؟
خۆهەڵواسن بە داوێنتان و… سوێند بخۆن
بە سەری سەرۆکی هەرێم
بە دوو قاچی پیرۆزی سەرەک پەرلەمان
بە بۆگەنی دینار و دۆڵار و لیرە و
بە کلکی نامبارەکی ئیمامی سەرمایەی تورک
حەزرەتی تەییب ئەردۆغان؟


تف لەو چاوەی دەبێنێ و خۆی دە قووچێنێ!
تف لەو گوێیەی دەبیسێ و خۆی دەنووسێنێ!
تف لەو دڵەی خەڵکان لێک هەڵدەهاوێرێ
تف لەو دەستەی شق هەڵدەدا
لە دەستی بێدەرەتانی یاریخوازی!
تف…تف… لەوەی لە گەل یەکەم بانگەوازی خۆشەویستی
دڵی نەدا بە کۆبانێ!
تف…تف…!