له یادی ۳۰ هه مین سالروژی گیان بەخت کردنی فه رمانده ی لیزان و خوشه ویست کاک قادر به هرامی

ئەمساڵ ۳۰ ساڵە فەرماندەی لێزان و جەسوور کاک قادر له نێوماندا نەماوه. ڕۆژان هێندە خێرا تێدەپەڕن ئەمن وا هەست دەکەم چەند ساڵێک لەمەوپیش بوو که بەجێی هێشتین.خەڵکی دیواندەرە یادی ئازیزان و ئەم ڕۆڵه هەڵکەوتووەی خۆیان زیندوو ڕادەگرن. کاک قادر له تەمەنی ۲۱ ساڵیدا، له پاییزی ساڵی ۵۸ هاته ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە. پاش هه ڵسورانی بێ وچان، له پاییز و زستانی ساڵی ۵۸ دا، و هاوکات لەگەڵ هێرشی دووەمین جاری ڕژێم بۆ سەر کوردستان بوو، کاک قادر یه کێک لەو سێ کەسە بوو که لە ساڵی ۵۹ دا بۆ دەورەیەکی نیزامی هه ڵبژیردرا. کاک قادر ئه م ده ورەیەی سەرکەوتووانە تێپەڕاند، پاش ئه وەی گەڕایەوه بۆ ناوچەی دیواندەره، ئامۆژگارییەکانی بەجوانی بەڕیوەبرد. بڕوای بە خۆی و هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، هەروەها پشت ئەستووریی بە هێز و ئیرادەی جەماوەر، عەزمی ئەوی بۆ گرتنەئەستۆی ئەو ئەرکە قورسە بەهێزتر کرد.
پاش ماوەیەکی کورت لە چالاکی، بەرپرسیارێتی نیزامیی لە ناوچەی دیواندەرە بەئەستۆ گرت. هه تا کاتی گیان بەختکردنی وەکو هەڵکەوتووترین فەرماندەی نیزامی لە ناوچەی دیواندەرە دەوری گێڕا. بەلای منەوە لە نێو کۆمەڵەدا نزیکایەتی و ئوسلوبی نیزامی ئەو لە کاک شوان و شۆکێی خێرئابادییەوە نزیک بوو. بەڵام لە زۆر لایەنەوە ڕەوشت و شێوازی خۆی لە هەڵبژاردن و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی چالاکی نیزامی هەبوو.
کاک قادر لە نێو زەحمەتکێشانی شار و دێهاتەکانی دیواندەرە و دەوروبەریدا زۆر خۆشناو و خۆشەویست بوو. بەپێچەوانەوە دوژمنان و بەکرێگیراوانی ڕژێم زۆریان قین لێ بوو و تەنانەت لە ناوەکەیشی دەترسان. ئەمە و جیاواز لە ژمارەیەک لە پیاوانی ڕژێم لێرە و لەوێ کە هاوکاری ئێمەیان دەکرد، زۆر بەکرێگیراوی ڕژێمیش سفارشی تایبەتییان بۆ لای کاک قادر دەنارد و پاکانەیان بۆ دواڕۆژی خۆیان دەکرد. بڕێکیشیان تەقەمەنییان دەنارد، بۆیان گرینگ بوو کە کاک قادر ئاگای لەو هاوکاریییەی ئەوان بێت. کاک قادر هەندی جار بۆ دڵنیاییکردنی هەندێک لەو کەسانە خۆی بۆ سەر قەرارەکان چووە. لەوانەش کەسێکی پایەبەرزی ناو هێزەکانی ڕژێم لە زەڕینەی هەوەتوو لە ئاوایی کانی چەرموو چاوی پێ کەوت.
هاوڕێ قادر وێڕای ئەوەی لێزانێکی نیزامیی بوو، شێلگیرانە زەحمەتکێشانی ئاواییەکانی بۆ دابەشکردنی زەوی و زاری ئەربابەکان هان دەدا و پشتیوانیی دەکردن. لە زۆرێک لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە ناو دێهاتەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە چالاکانە دەخاڵەتی دەکرد و بەتوندی دژ بەڕەسم و یاسای کۆنەپەرستانە، بەتایبەت بێ مافیکردن بەژنان ڕادەوەستا. سەبارەت بەپوچەڵکردنەوەی سیاسەتی جاسووس دروستکردن لە نێو خەڵک و یان ناردنی عەواملی نفوزیی بۆ ناو هێزی پێشمەرگە زۆر وریا بوو. ئەمانە تەنها چاوخشانێک بوو بەکارەکتەری ئەو فەرماندە خۆشەویستە، دەنا ژیانی خەباتکارانەی کاک قادر و هەموو هاوڕێیانی دیکەی لە کتیبێکیشدا جێگەیان نابێتەوە. ئای خۆزگە بمتوانیبایە ئەوەی لە دڵ و مێشکمدایە بیهێنمە سەر کاغەز، ئەگەرچی زۆر شتم لە بیر نەماوە.
بەڵام هەروەکو باسم کرد کاک قادر پاش گەڕانەوە لەو دەورەی سێ مانگە لە ساڵی ۵۹ دا، بەرپرسیارێتی نیزامی گوردانی کاوەی دیواندەرەی بە ئەستۆ گرت.
پاش گرتنەوەی شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە لە ساڵی ۱۳۶۰دا، گرتنی یەکەمین بنکەی هێزەکانی ڕژێم لەلایەن هاوڕێیانی مەریوان و پەلێکی هاوڕێیانی گوردانی کاوەی دیواندەرە ( بە بەرپرسیارێتی هاوڕێ حەسەن و هاوڕێی گیان بەختکردوو کاک ڕەزا ڕەشیدیان) بەڕێوەچوو، دوانزە کەس لە هێزەکانی ڕژێم بەدیل گیران کە دواتر ئازاد کران، گرتنی ئەم پایگەیە( دەکەڵ) ئەو پەیامەی بەدەستەوە دا، کە دانانی پایگا بەمانای سەقامگیربوونی ئاسان و بێ گێچەڵی هێزەکانی ڕژێم نییە. تا ئەو کاتە چەندین عەمەلیات لە شار و دیهاتەکانی دیواندەرە بەڕێوەچووبوون کە، جێدەستی قادری پێوە دیاربوو ( لەوانە لێدانی مەقەڕی سوپا لە ناو شار و شەڕی کاقولی لە نزیک شاری دیواندەرە لە ڕۆژی ڕۆشندا و بەشێوەی داودانان، کە کارێکیان بەهێزەکانی ڕژێم کرد بەپێی خۆیان بکەونە ناو کەمینەکەیانەوە). لە دوای ئەوەی ئیتیڵاعێکی باشی سەبارەت بە بەسیجەکان و هێزەکانی ڕژێم لە ئاوایی خۆشمەقام لەسەر ڕێگای تیکاپ- بیجاڕ بەدەست هێنا، گرتنی بنکەی هێزەکانی ڕژێمی لەو ئاواییە نایە دەستوری کاری خۆیەوە( شایانی باسە زۆر کەس ڕۆڵی تایبەتیان گێڕا بۆ ئەوەی ئەو پلانە بەڕێوەبچێت، لەوانە هاوڕێی گیانبەختکردوو عیماد- ئیرەجی موجتەهدی ماوەیەک بوو هەوڵی دەدا کە گۆڕینی کەسایەتی “واتا نواندن بە جلوبەرگی دیکەوە” تەیار بکات). بەکەڵک وەرگرتن لە جلوبەرگی ئەو ۱۲ کەسە لە گیراوەکانی پایگای دەکەلی مەریوان و خۆ ئامادەکردنی پێویست ئەو عەمەلیاتە سەرکەوتووانە ئەنجام درا، عەمەلیاتیک کە دێوەزمەی بنکەگرتنی شکاند و لە خودی خۆیدا لە کوردستان کەم وێنە بوو. قادر زۆر کورت ژیا، بەڵام وەکوو ئەفسانە ژیا. لە ماوەی چوار ساڵی پێشمەرگایەتیی و سێ ساڵ بەرپرسیارێتی نیزامی هێزی پێشمەرگەدا، مێژوویەکی دروست کرد، کە بۆتە حیکایەتی شەوان و شەونشینی خەڵکی ئەو ناوچەیە. دەیان عەمەلیاتی ناوشار و لەوانە عەمەلیاتی ڕۆژی ڕوون لە ڕێگای چوڵاخ بۆ شاری دیواندەرە، گرتنی مۆڵگەکانی بەکرێگیراوان لە خۆشمەقام، دەرەوەزان، جافرئاوای قەرەتەورە( سەرجادەی تیکاب-بیجاڕ) مەقەڕی زەرینە، لێدانی قورس لە پایگای نەچیرگا لە ساراڵ، عەمەلیاتی دووەم بۆ سەر مەقەڕی سوپا لە خۆش مەقام و دەیان عەمەلیاتی کەمیندانان لەسەر جادەی دیواندەرە- سنە و دیواندەرە- سەقز، دیواندەرە بیجاڕ و بیجاڕ تیکاب و ڕێگەکانی نێوان دیهاتەکانی ئەو ناوچەیە( لەوانە گۆمەزەرد و چەمی کەڵەکان و …) بەرنامەڕێزی کرد و بەڕێوەی برد. سەرەڕای ئەوەی لە ناوچەی دیواندەرە کێو و دار و دەوەنی زۆری نییە، کەچی ڕابەری دەیان عەمەلیاتی جەبهەیی کرد. چ ئەوەی بۆ خۆی پلانی بۆ داڕشتبوو و چ ئەوەی فەرماندەیی بەرهەڵستکردنی هێرشی چەکدارەکانی ڕژێمی لە ئەستۆ گرتبوو. لەوانە شەڕەکانی کەلکوژی دەرەوەزان و بان بناوەچاندا کە دوو ڕۆژی خایاند. شەڕی ئاوایی بس، کە ئەویش دوو ڕۆژی خایاند لە ساڵی۱۳۶۲ دا، شەڕی ۱۳ سەعاتەی یاپاڵ، شەڕی ئاوایی سیری خواروو لە هەوەتوو، قالوجە لە قەرەتوو، قزڵباغ و هەزار کانیانی ساراڵ. ئاواییەکانی سەرقەڵا و کاقلی لە پەنای شاری دیواندەرە، یەنگی یرخ و قەرەخەوی لە ناوچەی قاڵقاڵی و …………… و دوایین شەڕی نابەرابەر لە دوای هێرشی پان و بەرین بۆ سەر پێشمەرگەکان لە ئاوایی کانی چەرموی هەوشار لە ڕێکەوتی ۱۳۶۲/۹/۷ بوو، کە دوایین سەنگەری خۆڕاگریی کاک قادر بوو. دڵی پڕ لە ئاواتی بۆ ڕزگاری کرێکاران و چەوساوەکان لە لێدان کەوت و خەڵکی ئەو مەڵبەندەی خەمبار کرد.
بیرەوەری ئەم شەڕانە بەکتێب تەواو نابن، بەهیوام ئازیزانێک، کە دەیان جار دەست وپەنجەیان لەگەڵ مەرگدا نەرم کردووە و ئێستا بەخۆشییەوە ماون، ئەم ڕووداوانە تۆمار بکەن.
خۆزگە منیش بەهمەنی قوبادی بووبایەم، بۆ ئەوەی بەشێک لە خەباتی هاورێیانی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە، لە تەشکیلاتی ئاشکرا و نهێنیم و هەروەها خەباتی شێلگیرانەی خەڵکی ئەو ناوچەیەم لە فیلمێکدا بە دیکیومێنت بکردبایە، بۆ ئەوەی لە مێژوودا بمێنێتەوە. یانەکوو شێرکۆ بێکەس بوومایە و لە قەسیدەیەکدا، پڕ بە دڵی خۆم فیداکاریی ئەو هاوڕییانەی کە لە نزیکەوە دەمناسین لە( گوڵاڵە و چیمەنی کەچە گومەدەوە هەتا هاوڕێیان خەلیل و ئەمین مران، ئیسمایل زەرینە و ئیبرایم شاڵی، داود، عەباس زەفەرئاوا، باسیت شافعی و ئەشرەف مەلەکشان، خەسرەو قروە، والی قەمەری، فایەق حەیدەری و سەمەد و سەعید تیکاب و ….) و تەواوی ئەو هاوڕێیانەی کە بیرەوەریم لێیان هەیە، هەروەها بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیەی کە بەشێوەی جۆراوجۆر لە دژی هێزە داگیرکەرەکان ڕادەوەستان تۆمار بکردبایە. بۆئەوەی لەیاد نەچن لەوانە کەسانی وەکو کاڵەبەی ئاوایی ئەلیاوای قەمەری، کە چۆن سینگی نایە بەرگوللەی بەکرێ گیراوان و گیانی لە دەست دا.
نا، کاک قادری خۆشەویست ئێوە وەکوو کۆمۆناردەکان نامرن، چون ڕێبازەکەتان کە دامەزراندنی دنیای بێ چەوسانەوە بوو زیندوو دەمێنێتەوە. تۆ نامری چاوەکەم، گەرچی نازانم کام گڵ تۆی لە ئێمە شاردۆتەوە، بەباڵای بەرز و جامانەکەتەوە کە دەقی نەدەشکا، بەشانی ڕاستت کە هەمیشە بۆ ڕاگرتنی کڵاشنکۆفەکەت بەرز ڕاتدەگرت، بەشانەکەی دیکەشت ساکە برزەنتییەکەت، کە بڕێک کاغەز و نەخشەی تێدا بوو، ڕووت لە هاوڕێیان دەکرد و دەتگوت” ئا سیگارێکیش بۆ لالەت چاخ کە”، یان دەتبینم دەمێک خۆت بە چەکە قورس و نیمچە قورسەکانەوە خەریک کردووە بۆ ئەوەی بۆ هاوڕێیان لە کاتی پێکداداندا پاڵپشتی نیوەڕێ نەبن. ئەمن دەتبنیم کاتێک ماتۆڕی ماشێنە جیب و سیمرغەکەت دەرهێناوە بۆ ئەوەی لەو بێ ئیمکاناتییەدا چاکی بکەیتەوە. ئەتۆ لە هەموو شوێنێکدا بە بەرچاوانەوە بووی، دیار و بەرجەستە بووی، بۆیە هەردەم شوێنە خاڵییەکەت دەبینم، یان لە بیرەوەرییە تایبەتەکانمدا، لەوانە:
وا دەزانم زستانی ساڵی ۵۹ پێکەوە لەناو شاری دیواندەرە لەگەڵ کاک عەتای قەمەری و کاک سدیقی….. بۆ ناو مەدرەسەی فردەوسیی دەڕۆین، بۆئەوەی بنکەی بەکرێگیراوان شناسایی بکەین. لە گەڕانەوەدا لە پێش دەفتەری سەبتی ئاغای مەنیعیدا کەوتیتە ناو قەناوەکە، ئێمەش پێکەنین و تۆش کە ئازاریکی زۆرت پێ گەیشتبوو خۆت تووڕە کرد و گوتت” ژەهری مار، بۆچی پێدەکەنن لەوانەیە لاقم شکابێت”. هەرواش بوو، تاکوو چەند ڕۆژ پێیەوە دەشەلیت. یانەکوو ئەتۆ بە سیمرغەکە و منیش بە مۆتۆر هەوڵدەدەین لە کاروانی پێشمەرگەکان پێشی یەکدی بکەوین و تۆز و خۆڵ لە ڕێگەی یەکتر دروست دەکەین. وا دەزانم دواجارە لە ئاوای کوچەتەڵا لە دوای هەڵپەڕکێیەکی گەرم، دوایین ماڵئاواییم لێ کردی و ئیدی چیتر نەتمبینییەوە.
کاک قادری خۆشەویست! خۆزگە زیندووبای و بتبینیایە چۆن ئەو نەمامەی خەباتکارانی ناو زیندانەکان و هاوڕییانی دیکەت لە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە کە بەخوینی خۆتان ئاوتان دا، ئەگەرچی تا ئێستا وەبەر نەهاتووە، وەلێ بەسەدان و هەزاران لق و پۆیان لێ بۆتەوە. هەزاران گەنج و خەڵکی بەشخوراو بۆ بارهێنانی بیروباوەڕی بەرابەریی هەوڵ دەدەن. هەزاران چەوساوە لە کۆمەڵگەدا ئامۆژگارییەکانی ئەو ڕێبازە سوسیالیستییەی کە ئێوە ئاڵا هەڵگری بوون وەکوو قەڵخان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن. گەرچی بارودۆخ زۆر گۆڕاوە و ئەو شێوە هەڵسووڕانە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، بەڵام لەوە کەم ناکاتەوە کە بە هەموو کەم ئەزموونییەکانمانەوە ئاڵا هەڵگری پێشکەوتووخوازی ئەو سەردەمە بووین. لە ئێستادا خەبات لە زەمینەی کۆمەڵایەتیدا خۆی دەنوینێت. ئەمە هەنگاوی هەرە گەورەیە بەرەو سەرکەوتن. خۆزگە بمایتایە و بتدیبایە ئەو گەنجانەی ئەو دەم لەناو لانکدا دەتانلاواندن، یان لە دەوروبەرتان یارییان دەکرد، ئێستا چۆن ڕووبەڕووی بیروباوەڕی پڕتوکاو و مەزهەبی دەوەستن و بەرهەڵستیی دەکەن، بتدیبایە چۆن بەبیری کراوەتر لەو سەردەمەی ئێمە بۆ مافی مرۆڤ تێدەکۆشن و چەند شیلگیرانە بۆ مافی ژنان هەوڵدەدەن و بۆ یەکسانیی مافی ژن و پیاو لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەکەنە پێناسە و بۆ پێشکەوتوویی کەسایەتی لە کۆمەڵگەدا. چەندین قەڵەم بەدەست لەسەر مافی منداڵان دەنووسن و پاراستنی حورمەتی مناڵ دەخەنە بەرچاوی کۆمەڵگەکەمان، هەروەها مافی ڕەوای کورد لە چوارچێوەی بەرتەسکی ناسیۆنالیستی ناهێڵنەوە و بەوردیی هەڵسوکەوتەکان لە ژێر چاودێریدا دەگرن.
فەرماندەی لێزان و هەڵکەوتوو! دڵنیام ئێستا و لە دواڕۆژی سەرکەوتندا، لە کاتی وەبەرهاتنی ئەو نەمامەی ئێوە بەخوێنی خۆتان ئاودێریتان کرد بەو شێوەیە ڕێزتان لێ دەگرن کە شیاوی ئێوە بێت( یادتان دەکەن لە بەرەبەیانی کاتی ئازادیی). لەبیرت ناکەم، بەتەواوی چالاکییەکانت لە نێو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا و بیرەوەرییە شەخسییەکانمدا. هەموو ئەمانە و دوا ماڵئاوایی کوچەتەڵا لە یاد ناکەم، لەوانەیە هەتا ئەو دەم ماڵئاوایی منیش ببێتە بیرەوەری کەسیکی دیکە.
یادی ئازیزت لە دڵمدا زیندووە. زۆربەی کات وادەزانم تەنها ۳۰ ڕۆژە بەجێمانت هێشتوە!
شەکاوە بێت ئاڵای خەبات بۆ دنیای بەدوور لە هەموو چەشنە چەوسانەوەیەک.
سوێد/
۲۰۱۳/۱۱/۲۰
لێرەدا وەکو پێزانینێک زۆر سوپاسی هاوڕێی ڕووناک شوانی (مامۆستا و نووسەر) دەکەم کە لە نووسراوەکەی منی بە کوردییەکی ڕێکوپێک نووسییەوە.