برگرفته از سایت دیمانه
جه‌عفه‌ر ئه‌مینزاده: ئێمه نامانه‌وێ له‌ژێر ناوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دا کار بکه‌ین
خالید محه‌ممه‌دزاده ۲۰۰۷٫۰۱٫۰۵
ئێمه خۆمان له هیچ حیزبێک له بواری بیر و باوه‌ڕه‌وه به نیزیک نازانین، چونکه من ئینسانێکی کۆمۆنیستم و ئه‌و حیزبانه‌ش هیچ کامیان کۆمۆنیست و مارکسیست نین.
جه‌عفه‌ر ئه‌مینزاده
[دیمانه له‌گه‌ڵ جه‌عفه‌ر ئه‌مینزاده، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه و ئه‌ندامی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران]
جه‌عفه‌ر ئه‌مینزاده، ناسراو به جه‌عفه‌ره سوور، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه و ئه‌ندامی حیزبی کۆمۆنیست، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا بۆ یه‌که‌م جار په‌رده له‌سه‌ر ناکۆکیی خۆیان له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لاده‌با و داواکاره قالبی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران له‌سه‌ر ڕێکخراوی کۆمه‌ڵه لابچێ و وه‌ک کۆمه‌ڵه درێژه به خه‌باتی خۆیان بده‌ن. بۆ تیشکخستنه‌سه‌ر خه‌ته جیاوازه‌کانی نێو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و گه‌ڵاڵه و ئه‌فکاری حه‌وت که‌س له دامه‌زرێنه‌ران و کادره‌کانی کۆمه‌ڵه که له ئۆکتۆبری ساڵی ۲۰۰۴دا ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له ناوی حیزبی کۆمۆنیست ده‌ربریبوو به پێویستم زانی له نیزیکه‌وه جه‌عفه‌ر ئه‌مینزاده، یه‌کێک له ئیمزاکه‌رانی ئه‌و نامه‌یه، بدوێنم.
پێم باشه وه‌ک یه‌که‌م پرسیار، باس له‌و نامه‌یه بکه‌ی که ئێوه وه‌ک حه‌وت که‌س له کادره‌کانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران له ئۆکتۆبری سالی ۲۰۰۴دا بڵاوتانکرده‌وه و باس له لابردنی ناوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ده‌که‌ن. ده‌رنجامی ئه‌و نامه‌یه به کوێ گه‌یشت؟ ئایا به ده‌نگتانه‌وه هاتن؟
– دیاره نامه‌که‌مان زیاتر بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان بوو. له ته‌شکیلاتدا ئه‌م شته پێشتر باسمان لێ کردبوو. ته‌شکیلاتیش وه‌ڵامی خوی دابۆوه. به‌ڵام ئێمه پێمان باش بوو بۆ ئه‌وانه‌ی که له ده‌ره‌وه وه‌ک ئێمه‌ش بیر ده‌که‌نه‌وه بڵاوی بکه‌ینه‌وه، هێندێکیش له‌نێو کۆمه‌ڵه و حیزبی کۆمۆنیست‌یشدا هه‌ن که به شێوه‌یه‌کی دیکه له پێوندیی له‌گه‌ڵ قالبی ئه‌م ته‌شکیلاته بیر ده‌که‌نه‌وه. بۆیه پێمان خۆش بوو ته‌نیا ڕایبگه‌یه‌نین و به‌تایبه‌ت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێ له‌نێو خه‌ڵک و به‌تایبه‌تی له‌نێو کوردستانی ئێران‌دا.
ئه‌م بیرکرنه‌وه‌ی ئێوه له‌سه‌ر چی دامه‌زرابوو؟
– ڕه‌واڵه‌ت و نێوه‌رۆکی شته‌که هه‌ر ئه‌وه بوو که ئێمه پێمان وابوو کۆمه‌ڵه به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می ئێستادا ده‌بێ له‌نێو ئه‌و قالبه نه‌مێنێ. چونکه هه‌ر یه‌ک ته‌شکیلاته و دوو ناوی پێویست نییه. به‌هۆی هه‌م وه‌زعییه‌تی تێکۆشانی ئێستای و هه‌م به‌هۆی ئه‌و توانایانه‌ی که هه‌یه‌تی ته‌نیا پێویستی به‌وه هه‌یه که به ناوی کۆمه‌ڵه‌وه کار بکا تا ته‌شکیلات بێ و هێزه‌کانی خوی به‌هه‌ده‌ربدا.
تو پێتوایه مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه له‌نێو حیزبی کۆمۆنیست‌دا کۆمه‌کێک به کۆمه‌له ناکا؟
– من وه‌ک دوو ته‌شکیلات نایبینم و وه‌ک یه‌ک ته‌شکیلات ده‌یبینم. ئه‌وه بۆچوونی ئێمه‌یه. چونکه حیزبی کۆمۆنیست‌یش هه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه. کۆمه‌ڵه‌ش هه‌ر حیزبی کۆمۆنیسته.
یانی تۆ ده‌ته‌وێ کۆمه‌ڵه کوردستانی تر بکرێ؟
– به‌و مانایه نا، چونکه ئێمه کۆمه‌ڵێک ئینسانین که خۆمان به کۆمۆنیست ده‌زانین و خۆمان به ئینته‌رناسیۆنالیست ده‌زانین. به‌ڵام زه‌روره‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی که ئێستا مه‌وجووده بۆ خودی کۆمه‌ڵه، پێمان وابووه له‌ژێر ناوی کۆمه‌ڵه کار بکرێ باشتره. چونکه هه‌ر له ڕۆژه‌کانی یه‌که‌مه‌وه کۆمه‌ڵه ئاسۆیه‌کی سه‌رتاسه‌ری بووه. جیهانبینیی ئێمه‌ش جیهانبینیی مارکسیستییه. ئێمه خۆمان به کۆمۆنیست ده‌زانین و له هه‌ر شوێنێکیش تێکۆشان بکه‌ین ئاسۆیه‌کی جیهانیمان هه‌یه.
باشه تو ده‌ڵێی کۆمه‌ڵه و حیزبی کۆمۆنیست لێک جیا ناکرێنه‌وه و وه‌ک یه‌ک وان بۆ ئێوه. به‌ڵام ئێوه له‌و نامه‌یه‌دا ده‌نووسن حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوونی خاریجی نییه و ئه‌مه‌ش ده‌قی ڕه‌سته‌که‌تانه "حزب کمونیست ایران از نظر ما مدتهاست وجود خارجی ندارد‌و فقط تابلویی است و بس"، واته زیادییه؟
– ئاخر ته‌شکیلاتێک ناکرێ دوو ناوی هه‌بێ!
ده‌توانی ئه‌مه زیاتر شی بکه‌یته‌وه؟
– ئێمه پێمانوایه ته‌واوی ئه‌فراد و تواناکانی ئه‌م حیزبه هی کۆمه‌ڵه‌یه.
به ته‌واوی؟
– نه‌ک سه‌دی له سه‌د، به‌ڵام ئه‌و کاته‌ش حیزبی کۆمۆنیست ته‌شکیل نه‌ببوو، ئێمه ئه‌فرادی غه‌یره کوردمان تێدا بووه. هه‌ر به‌و ده‌لیله ئێمه ده‌ڵێین که ئاسۆیه‌کی سه‌رانسه‌ریمان هه‌یه. هه‌رچه‌ند ڕاده‌که‌ی به‌قه‌د قامکه‌کانی ده‌ست ده‌بێ. ناتوانی بڵێی زۆرن. به‌ڵام ئێمه یه‌ک ته‌شکیلاتین نه‌ک دوو ته‌شکیلات.
که‌واته ئێوه داوای کۆمه‌ڵه‌یه‌کی سه‌رتاسه‌ری ده‌که‌ن به‌بێ مانه‌وه له قالبی حیزبی کۆمۆنیست‌دا؟
– به‌ڵێ!
قسه‌که‌ی من هه‌ر ئه‌وه‌یه، ئێوه ناتانه‌وێ له حیزبی کۆمۆنیست‌دا بمێننه‌وه؟
– من پێم وابێ قالبه‌که‌ی لابچێ باشتره تا به‌و شێوه که تو باسی ده‌که‌ی. من ده‌ڵێم یه‌ک ته‌شکیلاتین.
واته ناتانه‌وێ ناوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران له‌سه‌ر ناوی کۆمه‌ڵه هه‌بێ؟
– به‌هۆی پایه‌گایه‌ک که کۆمه‌ڵه بوویه‌تی له ناوچه‌یه‌ک له ئێران‌دا و ناوه‌که‌شی خۆشه‌ویسته بۆ خه‌ڵک و خه‌ڵک زیاتر ده‌یناسن که من پێموایه خه‌ڵک زیاتر حیزبی کۆمۆنیست‌یشیان بناسیایه من پێموابوو هه‌ر فه‌رقیان ده‌بوو. هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی که به‌ره‌ی چه‌پ له‌و ناوچه جوغرافیاییه لاواز نه‌بێ، ئێمه ده‌بێ به ناوی کۆمه‌ڵه‌وه کار بکه‌ین.
ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌ی تۆ داوای ده‌که‌ی چ جیاوازییه‌کی هه‌یه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان؟
– ئێمه دوو حیزبی جیاوازین. بنه‌ما فیکرییه‌کانی ئێمه هه‌ر ئه‌وانه‌ی پێشوون. ئه‌وان حیزبێکی دیکه‌ن و جیاوازن له ئێمه.
باشه موخالیفینی ئێوه
له حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کێن؟ ئه‌وانه‌ی که به ده‌نگ ئه‌م بانگه‌وازه‌ی ئێوه‌وه نایه‌ن کێن له‌م حیزبه‌دا؟ ئه‌وان چون بیر ده‌که‌نه‌وه؟
– ئه‌وان پێداده‌گرن له‌سه‌ر ئه‌وه که ده‌بێ ئه‌و قالبه بمێنێ. ده‌ڵێن ته‌شکیلاتی کۆمه‌ڵه ڕێکخراوی کوردستانی ئه‌و حیزبه بێ. موخالیفینی ئێمه ئه‌وانه‌ن که زۆرایه‌تین له‌نێو کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زیدا.
ئه‌وان ڕه‌خنه‌تان لێده‌گرن که به‌رنامه‌تان نییه، ته‌حلیلتان نییه، تیۆریتان نییه! ئه‌مه تا چه‌ند ڕاسته؟
– نازانم مه‌به‌ستت له ته‌حلیل چییه. ئێمه یه‌ک به‌رنامه‌مان هه‌یه. به‌رنامه‌یه‌ک که داومانه بۆ خه‌ڵکی کریکار و زه‌حمه‌تکێشه. ئه‌و به‌رنامه‌ش زیاتر کۆمه‌ڵه پراکتیکی ده‌کا.
باشه بۆ کۆنکرێت پێم ناڵێی به‌رنامه‌ی ئێوه چییه، ئێوه که ده‌ڵێن ئه‌و قالبه‌مان قبووڵ نییه و جیاوازیشین له کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ؟
– به‌رنامه‌ی ئێمه هه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه که ئێستا هه‌مانه. ئێمه جیاوازیی خۆمان له‌گه‌ڵ سازمانی زه‌حمه‌تکێشان باس کرد. ئه‌وان حیزبێکی دیکه‌ن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕه‌فیقه‌کانی دیکه‌مان هه‌مان به‌رنامه‌مان هه‌یه که باسم کرد.
که‌واته ئێوه هیچ ناکۆکییه‌کتان له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌کانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران نییه؟
– نازانم، به‌ڵام ئه‌م به‌رنامه‌یه ماوه‌یه‌کی زۆره نووسراوه. هه‌ر به‌رنامه‌یه‌ک بۆخۆی پێداچوونه‌وه‌یه‌کی ده‌وێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه ئێمه له باری فه‌لسه‌فییه‌وه کۆمه‌ڵێک ئینسانی کۆمۆنیستین، به‌ڵام جاری وایه زه‌روره‌تێک دێته‌پێشێ که تۆ پێداچوونه‌وه‌یه‌ک بکه‌ی به به‌رنامه‌کانتدا.
پێتوایه حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێداچوونه‌وه‌ی به به‌رنامه‌کانیدا نه‌کردووه؟
– من پێموایه کردوویه‌تی و ئێستاش پێویستی به پێداچوونه‌وه هه‌یه.
ئه‌م پێداچوونه‌وه‌ی تۆ داوای ده‌که‌ی، پێداچوونه‌وه‌یه‌کی ریفۆرمیستییه یان شۆڕشگێڕانه؟
– نه‌خێر ئه‌وه‌ی من باسی ده‌که‌م شۆڕشگێڕانه‌یه. پێیشم وایه ئێمه ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌ما فیکرییه‌کانی خۆمان بڕۆین. چونکه ئێستا چه‌پ له جیهان به‌ره‌وپێش ده‌چێ. یانی جۆرێک گیانی تێداهاتۆته‌وه.
باشه کۆسپه‌کانی ئێوه له‌نێو حیزبی کۆمۆنیست‌دا بۆ دابه‌زاندنی به‌رنامه‌کانتان چییه؟
– دیاره ئه‌وه کۆمه‌ڵێک خه‌ت و چوارچێوه‌یه له‌نێو ته‌شکیلاتی ئێمه که فشارمان بۆ دێنێ که ئێمه وه‌سڵ بکا به خه‌ت و قالبێکی دیکه که ئه‌مه به‌گشتی وه‌زعییه‌تێک بووه له سه‌رده‌می پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیست‌یش هه‌ر هه‌بووه. به‌تایبه‌تی ڕێبه‌رییه‌که‌ی تووشی بۆچوونی سکتاریستی بووه که ته‌نانه‌ت له‌نێو چه‌په‌کانی ئێرانیشدا نه‌یتوانی جێ بکه‌وێ و که‌سی به کۆمۆنیست نه‌ده‌زانی. ئه‌م بۆچوونه ئێستاش هه‌یه و پاشماوه‌ی ماوه و ئه‌مه فشار بۆ ئێمه دێنی که وه‌سڵت بکا به خه‌تی دیکه.
سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌م فشارانه‌ی باسیان ده‌که‌ی، ئێوه له کۆنگره خۆتان هه‌ڵده‌بژێرنه‌وه بۆ کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زی، ئه‌مه چۆنه؟ چون ده‌نگتان پێده‌ده‌ن؟
– خه‌ڵک له‌نێو ته‌شکیلاتدا پراکتیکی ئێمه‌ی دیوه. ئێمه ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌و بۆچوونه‌یان هه‌یه زۆربه‌یان له کادره کۆمۆنیست و دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ن. کۆمه‌ڵێک کادری خۆشناون و له ئاستی بزووتنه‌وه‌ی کوردستاندا ده‌ناسرێن. حه‌زفی ئه‌وانه بۆ خودی ته‌شکیلاته‌که‌ش به زه‌ره‌ره چ بگات به بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری له کوردستان. ئه‌وانه که‌سانێکی کۆمۆنیستن. که‌سانێکن سه‌ره‌ڕای خۆشناوییان، پایبه‌ند بوون به بنه‌ما فیکرییه‌کانی ئێمه.
واته ده‌توانین بڵێین فشار هه‌یه له‌نێو حیزبی کۆمۆنیست‌دا بۆ حه‌زفی ئێوه؟
– به‌ڵێ هه‌یه!
که‌واته ئه‌و ده‌نگانه‌ی له کۆنگره‌کاندا ئێوه به‌ده‌ستیان ده‌هێننه‌وه و ده‌بنه‌وه به کۆمیته مه‌رکه‌زی، زیاتر ده‌نگی ئه‌و که‌سانه‌یه که کوردستانی بیرده‌که‌نه‌وه؟
– من ناتوانم بڵێم وایه یان نا. به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵکه چاو له عه‌مه‌لی ئێمه ده‌که‌ن له ماوه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵه‌دا. ئه‌م ڕه‌فیقانه‌ی ئێمه هه‌موویان کادری ئێمه‌ن. مه‌سه‌له‌که‌ش ئه‌وه نییه که هه‌موویان وه‌ک ئێمه بیرده‌که‌نه‌وه. ئه‌وانه‌ی ده‌نگ به ئێمه ده‌ده‌ن شایه‌د هه‌موویان وه‌ک ئێمه بیر نه‌که‌نه‌وه به‌ڵام ئه‌وه ده‌زانن که ئێمه پێویستین بۆ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه و به قازانجیشین وه‌ک سۆسیالیستێک بۆ بزووتنه‌وه.
که‌واته ده‌توانین بڵێین له‌نێو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران‌دا دوو ڕه‌وتی جیاواز و دژ به یه‌ک هه‌ن؟
– ناتوانم بڵێم چه‌نده دژ به یه‌کین. ئێمه دژ به هیچ
که‌س نین له‌نێو حیزبی کۆمۆنیست‌دا. من باوه‌ڕ ناکه‌م ئه‌و ڕه‌فیقانه‌ی وه‌ک من بیرده‌که‌نه‌وه دژ به هیچ که‌سێک بن. به‌ڵام دیاره له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانی خۆمان پێمان داگرتووه و لایه‌نی به‌رانبه‌ریش ده‌بێ ئێمه به ڕه‌سمیه‌ت بناسێ. چونکه ئێمه حیزبێکین خۆمان به ته‌شکیلاتێکی سۆسیالیستی ده‌زانین و ده‌بێ پایبه‌ند بین به دیموکراسی نێو ته‌شکیلات.
کاک جه‌عفه‌ر، له‌نێو ئه‌حزابی ئێمه‌دا، جا ئه‌م حیزبانه له‌ژێر هه‌ر ئایدیایه‌کدا خۆیان پێناسه بکه‌ن، که‌مایه‌تی، بیری جیاواز و جیابیران که‌مترین ده‌ره‌تانی قسه‌کردنیان پێده‌درێ. ئه‌مه له حیزبی کۆمۆنیست‌یشدا ده‌بینرێ و ئێوه دوو ساڵه داوایه‌کی ئاواتان هێناوه‌ته‌گۆڕێ به‌ڵام ده‌بینین سه‌رپۆشێکی گه‌وره به‌سه‌رتاندا دراوه و ته‌نانه‌ت هێندێک جار وه‌ک چه‌ند که‌سێکی که‌م له‌نێو کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زی باستان ده‌که‌ن. ئه‌مه چۆنه؟
– ئێمه خۆمان له‌گه‌ڵ ڕاده‌دا هه‌ڵناسه‌نگێنین. ئێمه کادری هه‌لکه‌وته‌مان له‌گه‌ڵدایه. ئێمه ده‌مانه‌وێ شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بکه‌ین. پێموایه ئه‌و بۆچوونه‌ی ئێمه له داهاتوودا و له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێته باوه‌ڕێکی زاڵ. دیاره هه‌میشه زۆرایه‌تی ڕاست ناکا.
هه‌ست ناکه‌ی ئه‌م ململانێیه‌ی له حیزبی کۆمۆنیست‌دا هه‌یه به جۆرێک بنبه‌ست گه‌یشتووه؟
– پێم وا نییه!
باشه به سه‌رنجدان به‌و ڕاستیه که ئه‌م ته‌شکیلاته تا ئێستا وه‌ڵامی ئێوه‌ی نه‌داوه‌ته، باشتر نییه که ماڵاوایی له‌م ته‌شکیلاته بکه‌ن و هێز و توانای خوتان له جێگایه‌کی دیکه‌دا به خه‌رج بده‌ن؟
– من پێم باش نییه ئێستا هێزی چه‌پ له کوردستان زه‌عیف بکرێ. چونکه ئه‌وه به زه‌ره‌ره. ئێمه کۆمه‌ڵێک ئینشعابمان تێدا کراوه که به زه‌ره‌ریش بوون.
تۆ ده‌ڵێی نامانه‌وێ زه‌ربه له هێزی چه‌پ بده‌ین، باشه خستنه‌ڕووی ئه‌و داوایانه‌ی ئێوه له خۆیدا زه‌ربه‌لێدان له هێزی چه‌پ نییه؟
– نا، من پێموایه به قازانجی چه‌په. ئێمه نامانه‌وێ له به‌شی بنه‌ما فیکرییه‌کانمان له کوردستان لاواز بین. چونکه شه‌رایه‌ته‌که وایه ئه‌گه‌ر ته‌شکیلاتی ئێمه بیه‌وێ زه‌عیف بێ ته‌نانه‌ت ئه‌و ئاسۆ سه‌راسه‌ریه‌شی هه‌بێ و ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕه‌فیقانه‌ی ئێمه که وه‌ک حیزبی کۆمۆنیست و وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ش که بیر ده‌که‌نه‌وه به‌گشتی ده‌توانێ زه‌ربه له هه‌ردوو به‌شه‌که‌ی بێ. پێم وابێ ده‌بێ کۆمه‌ڵه‌یه‌کی قه‌ویمان هه‌بێ که که‌س نه‌توانێ حه‌زفمان بکا.
که‌واته ئێوه کۆمه‌ڵه‌یه‌کی به‌هێزی کوردستانیتان ده‌وێ؟
– نا، ئێمه ته‌نیا ئاسۆیه‌کی ناوچه‌ییمان نییه و ده‌یشمانه‌وێ ئه‌و هێزه‌ی که هه‌مانه پێوندیشی هه‌بێ له‌گه‌ڵ وه‌حده‌تێکی موباریزاتی له سه‌رانسه‌ری ئێران‌دا. بۆخۆیشمان ده‌زانین ڕزگاریی خه‌ڵکی کورد ئیمکانی نییه.
باشه خۆ حیزبی کۆمۆنیست‌یش هه‌ر وا ده‌ڵێ؟!
– که‌یفی خۆیانه، ئه‌وه‌ش بۆچوونی ئێمه.
که‌واته ئێوه جیاوازییه‌کتان له‌گه‌ڵ حیزبی کۆمۆنیست به نیسبه‌ت کێشه‌ی کورده‌وه نییه؟
– ئێمه پێمان وایه جیاوازی هه‌یه. ئێمه ئه‌وه‌ی که ئه‌و قالبه‌مان ناوێ بۆخۆی جیاوازییه. دیاره ته‌نیا قالبگۆڕین نییه. ئه‌گه‌ر جیاوازی نییه بۆ ئه‌وان نایگۆڕن؟ ئه‌و شته‌ی ئێمه باسی ده‌که‌ین کۆمه‌ک ده‌کا به‌و شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که هه‌یه.
که‌واته کۆمه‌ڵه‌یه‌ک ئێوه داوای ده‌که‌ن نه له کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ ده‌چێ و نه کۆمه‌ڵه‌ی حیزبی کۆمۆنیسته؟
– ئێمه، باسم کرد، یه‌ک به‌رنامه‌مان هه‌یه!
له‌گه‌ڵ حیزبی کۆمۆنیست‌دا؟
– به‌ڵێ! پێمان وایه ئه‌و به‌رنامه له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵه به‌ره‌پێش بچێ باشتره.
ئێوه ده‌تانه‌وێ به‌رنامه‌کانی حیزبی کۆمۆنیست له‌ڕێگه‌ی کۆمه‌ڵه‌وه به‌ره‌وپێش به‌رن؟
– باسم کرد، به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیست و کۆمه‌ڵه یه‌ک به‌رنامه‌یه. زیاتریش هه‌ر کۆمه‌ڵه ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی به‌ره‌وپێش بردووه. ئێمه زیاتر تێکۆشانمان له‌نێو کۆمه‌ڵه‌دا بووه.
تۆ داهاتووی ئه‌م ململانێیه چۆن ده‌بینی؟ به قازانجی خۆتان ده‌یبینی یان لایه‌نی به‌رانبه‌رتان؟
– ئه‌گه‌ر به قازانجی خۆمان نه‌مدیایه ئه‌م قسانه‌م نه‌ده‌کرد. من پێموایه به قازانجمانه. شایه‌د له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا فشارێک له‌سه‌ر ئێمه بێ یان فشارێک له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه بێ. چونکه وه‌ک باسم کرد، خه‌ت و هێڵێک هه‌یه که فشار دێنێ بۆ ئه‌و خه‌ته‌ی ئێمه.
باشه ئه‌م بۆچوونه‌ی ئێوه ده‌بینین دوای چوونه‌ده‌رێی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ له حیزبی ک