سیاسەتی پرۆئیسرائیلی حزبی کۆمونیستی کرێکاری ئێران وچەواشەکاریەکانی حەمیدی تەقوایی
دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هێرشی سەربازی و وەحشیانەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆسەر غەزە و دواتر فراوانبونەوەی ئەم هێرش و پەلاماردانە بۆ سەر لوبنان و بۆردومان کردنی ئێران، کاردانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیهان، هێشتا بەردەوامیان هەیە.ئاکامە وێرانکاریەکانی ئەم جەنگەی دەوڵەتی ئیسرائیل هەر لە خاپورکردنی غەزەوە تاوەکو ئاوارەبوونی نزیکەی ٢ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی لوبنان.کوژرانی نزیکەی بە ١٠٠،٠٠٠ سەد هەزار کەس، کە لەنێویاندا مەزەندی ٢٠.٠٠٠ بیست هەزار منداڵ دەکرێت.سەرجەم ئەم تاوانکاریانە هیچ گومانیكی نەهێشتۆتە لە سەر رادەی تاوانباری حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی ناتانیاهۆ، کە داواکروە لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیە بە هۆی ئەنجامدانی ئەم کوشتارانەوە.
بزوتنەوەی ئینساندۆستی لە سەر ئاستی جیهانی، دژ بەم سیاسەتی جینۆساید و ئەو کوشتارە وەحشیانەی کە دەوڵەتی ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا ودەوڵەتانی رۆژئاوا لە پەیمانی ناتۆ ئەنجامی دەدات، لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی دونیا لە نیۆرکەوە بۆ جوهانسبێرگ و جاکارتا و بەرلین و دەیان ووڵاتی دیکە، هاتنە مەیدان و دەنگی نارەزایەتی و نەفرەتیان لە بەرامبەر ئەم تاوانکاریەدا، بەرزکردەوە.هەر لە ئەحزابی چەپ وکۆمونیستەوە تاوەکو یەکێتیە کرێکاریەکان و ئەندام پەرلەمان وخوێندکاران و ڕێکخراوەکانی دژ بەجەنگ ومیلیتاریزم و هەروەها سەدان کەسایەتی ناوداری جیهانی لە هونەمەرند و وەرزشوان و ڕۆژنامەنوس و..تاد.هەموو ئەمانە وێنەیەکی زۆر بەرجەستەیان لە هاوپشتی جیهانی نیشاندا و تەئکێدیان لەو راستیە کردەوە، کە سیاسەتی جەنگ و شۆڤنیستی دەوڵەتی ئیسرائیل دەبێ کۆتایی پێبهێنرێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، سەرباری هەموو ئەم هەقیقەتانە وئەم سیاسەتە خوێناوی دەوڵەتی ئیسرائیل، بە شێک لە ئەحزابی کۆنەپەرستی ناسیونالیست لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە نمونەی لایەنگرانی شای ئێران وبەشێک لە چەپی سونەتی و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، لە ژێرناوی لاوازکردنی جمهوری ئیسلامی ئێران و ئیسلامی سیاسی، بێ شەرمانە چوونەتە پشتی ئەم سیاسەتی کوشتارکاریەی دەوڵەتی ئیسرائیل ودەڵین ئەم جەنگە دژ بە ئەحزاب وڕێکخراوەکانی سەر بە جمهوری ئیسلامی ئێرانە لە ناوچەکە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران لە زمانی سکرتیری کۆمیتە ناوەندی خۆیە (حەمید تەقوایی) سیاسەت وهەڵوێستگیری ڕاستڕەوانە و ئەنتی کۆمۆنیستی خۆی بەیان کردوە و لە هەمان کاتدا، چەندین تومەتی سیاسی ناڕاست وبێ بنەمای خستۆتە پاڵ هەر یەک لەحزبەکانی( کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران حیکمەتیست / خەتی ڕەسمی) لە نوسینێکیدا کە لە ژێر ناوی ( وتەیەک بۆبە جێماوەکان لە مێژوو)، هێرشێکی توند دەکاتە سەر ئەو حزبانە و سەرجەم ئەو لایەنە سیاسی و ئەو کەسایەتیانەی کە لە بەرامبەر سیاسەتی کوشتاری خەڵکی فەلەستین وناوچەکە وەستانەتەوە وخوازیاری کۆتایی هێنان بەم جەنگ ومالوێرانیەن.لەم بارەیەوە دەڵێ ( لە پەیوەند بەم جەنگەی ئێستا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت، ئەم لایەنانە نوکی ڕمی هێرشی سیاسیان بەرەو ڕووی ئیسرائیل وئەمریکا کردەوە ولە بەیاننامەکانیاندا سەرکۆنەی ئیسرائیل وئەمریکایان کرد، بێ ئەوەی یەک ووشە سەبارەت بە لایەنەکەی بەرامبەر بڵێن کە جمهوری ئیسلامی ئێران لە سەرووی هەموویانەوەیە) پاشان لە درێژەدا دەڵێ (بلاوکردنەوەی بەیاننامەکەیەکی بە دوورودرێژی لەلایەن ( حزبی حیکمەتیست خەتی رەسمی و هاوپەیمانەکانی لە عێراق) سەبارەت بە نەخش و تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەبەرامبەر خەڵکی فەلەستین، بەبێ ئەوەی بە یەک وشە ئاماژە بە تاوانەکانی جموری ئیسلامی ئێران هێزە نیابەتەکانی لە سوریا ویەمەن وعێراق، بکەن.ئەم دۆستانە لە سەروبەندی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر جمهوری ئیسلامی ئێران لە سەردەمی بۆش رایانگەیاند کە لە ئەگەری بەرپابوونی جەنگ ئەوان واز لە دروشمی ڕوخاندنی ڕژێم دەهێنن لە دەرەوەی وڵات، ڕەنگە ئەم جارەش لە نێوخۆی ئێراندا واز لەم دروشمە بهێنن).هەروەها دەڵێ ( بەلای ئەم لایەنانەوە گرنگ نیە کە ئەگەر حەماس وحزب واللە وحوسیەکان سەرکەوتوبون، چ جەهەنمێکی هاوشێوەی ئیران لە و وڵاتە ئیسلامزەدانە دەخوڵقینن)، ئەم قسانەی حەمید تەقوایی، وێرای ئەوەی کە خۆی بە یەقینەوە دەزانێ کە پووچن و ناراستن، بەڵام سەمپاتی و شێلگیری ئەو بۆ سیاسەتی جەنگ و وێرانکاری دەوڵەتی ئیسرائیل وئەمریکا، بەرەو ئاقارێکی بردوە، کە لێکدانەوەکانی ببنە جێگای مەسخەرە.ئەوەتا با تەماشایەکی ئەم نوسراوەی بکەین کە لە ژێر ناونیشانی ( هەلومەرجی جەنگی ئێستا و جیهەتگیری و سیاسەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری) ، کە لەسەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بڵاوبۆتەوە و بەم جۆرە لە بڕگەی ب، نوسیوەتی: هەر گورزێکی سەربازی لە ناوەند وپایگاکانی موشەک و بارەگاکانی رژیمی جموری ئیسلامی، دەبێتە مایەی لاوازبوونی جێگە و ڕێگەی رژێم لەبەرامبەر بە خەڵک و هەروەها دەبێتە مایەی پەرەسەندنی نارەزایەتیەکانی خەڵک و بزوتنەوەکانی دیکە، بزوتنەوەی رووخاندنی ڕژێم ) ئەم نوسینەی حەمید تەقوایی لە لە کاتێکدا بڵاوبۆیە کە ملیۆنەها ئینسان لە خەڵکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ چەندین هەفتە لە ژێر هەرەشە و مەترسیەکانی هاتنەکایەی جەنگێکی وێرانکەر ڕۆژیان دەکردەوە، کە کەس نازانێ مەودای ئاگرەکەی چەند ووڵات لەگەڵ خۆیدا دەسوتێنێ وماڵی چەند ملیۆن کەسی دیکە ، وێران دەکات..؟
لەم چەند ڕستەیەدا حەمید تەقوایی، دوو راستی دەخاتە ڕوو، یەکەمیان کە خۆی وحزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، زۆر نیگەرانن ونارەحەت بوونە، بە ڕەخنە گرتن لە ئیسرائیل وئەمریکا وئەم نیگەرانی ونارەحەتیەشیان لە ژێربیانۆی ڕەخنە نەگرتن لە جمهوری ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی دەشارنەوە.ئەمان بە ناوزەدەکردنی ئەم جەنگی پاکتاوی قەومیە کە ئیسرائیل ئەنجامی دەدات بە ( جەنگی تیرۆریستەکان) واتە جەنگی نێوان (ئیسرائیل وحەماس) دەیانەوێت لە رادەی نەخشی تاوانبارانەی دەوڵەتی ئیسرائیل کەمبکەنەوە وهەروەها قورسایی ئەو فشارو نەفرەتە جیهانیەی کە لەسەر ئاستێکی بەرفراوان بەرەوڕووی بۆتەوە، خاوبکرێتەوە یاخود سفر بکرێتەوە.هەرلەبەر ئەم هۆکارەشە هیچ نەخشێکیان نیە لە ئاکسیۆن وخۆپیشاندانەکان کە دژ بەم جەنگە لە ئاستی جیهانیدا بەردەوامی هەیە.
مەسەلەی دووەم دەستبردن بۆ دروستکردنی تومەتی سیاسی لەبەرامبەر موخالیفینی سیاسی خۆیاندا، حەمید تەقوایی کاتێک کە دەنوسێ، دۆستان لە حزبی حیکمەتیست/ خەتی ڕەسمی، لە کاتی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە سەردەمی جۆرج بۆش، رایانگەیاند کە ئەوان واز لە دروشمی ڕوخاندنی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی دەهێنن لەدەرەوەی وڵات، بە بێ ئاماژەکردن بە بەڵگە و نوسراوێکی دیاریکراو لەم بارەیەوە، ئیدی ئەمە بە ڕۆشنی دەچێتە خانەی تومەت بەخشینە و خستنەڕووی مەسائیلی سیاسی بێ بنەما، ئەم جۆرە لە ئاکاری سیاسی زۆر کۆنەپەرستانەیە و پێشلکردنێکی ئاشکرای بنەماکانی ئەمانەتی سیاسیە لە کاتی گفتوگۆ و رەخنەگرتندا.وەستانەوە لە بەرامبەر ئەم جەنگ وکاولکاریە ئەرکێکی ئینسانی و مرڤدۆستانەی زۆر مەزنە و بەرگرتنە بە مالوێرانی ملیۆنەها ئینسان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست.
عرفان کریم
١-١١-٢٠٢٤